وڵات_چلانە قادر
وڵات لەسەرچاوەیەکى تایبەتەوە تەواوى ڕووداوەکەى ئەمڕۆى بازگەى نازەنین باسدەکات، کە بەهۆیەوە پەیوەندییەکانى یەکێتى و پارتى ئاڵۆزى تێکەوت، بەگوێرەى زانیارییەکانیش: “یەکێتى هەڕەشەى کشانەوەى لەحکومەت کردووە”.
بەگوێرەى زانیارى ئەو سەرچاوەیە، بەیانى زوو مەحمود سەنگاوى لە سلێمانیەوە بەرەوە هەولێر بەرێدەکەوێت بەمەبەستى بەشداریکردن لەکۆبونەوەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى، کاتێک دەگاتە بازگەى نازەنین کە لەلایەن ئاسایشى پارتیەوە بەڕێوەدەبرێت، ئاسایشەکان بەشێوەیەکى لەسەرخۆ و بەترسەوە پێدەڵێن: “پێوێیستە پەیوەندى بە سەروخۆیانەوە بکەن، ئەویش دۆخەکە بەئاسایى وەردەگرێت”، بەڵام دەست بەجێ حاکم قادر ئەندامى دەستەى کارگێڕى لەدۆخەکە ئاگادار دەکاتەوە.
سەرچاوە تایبەتەکەى وڵات، ووتى: “کاک مەحمود دوو ئۆتۆمبێلى پێبووە بەوپەڕى ئارامیەوە دۆخەکەى وەرگرتووە”، بەڵاو لەوکاتەدا ستافى مەحمود سەنگاوى هەست بەجوڵەى نائاسایى لە بازگەکە دەکەن بەجۆرێک هێزەکەى پارتى بەدەوربەرى بازگەکە و ئۆتۆمبێلەکە بڵاودەبنەوە و خۆیان دادەمەزرێنن”.
سەرچاوەکەى وڵات ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، مەحمود سەنگاوى بۆ ئەوەى کێشە و ئاژاوە دروست نەبێت بڕیارى ئەوەدەدات نەچێتە هەولێر، ئەوەش پاش ئەوەى ئەفسەرى بازگەکە دەچێتە لاى مەحمود سەنگاوى پێدەڵێت:”من دەستت ماچ دەکەم من فەرمانم پێکراوە، هیچ دەسەڵاتێکم نیە”.
یەکێتى زیاتر لە ٤٥ ئەفسەر و بە رپرسى پارتى گەڕاندووەتەوە هەولێر
سەرچاوەکەى وڵات، ئەوەشى باسکرد، لەوکاتەدا حاکم قادر بۆ چارەسەرى کێشەکە پەیوەندى بە عیسمەت ئەرگوشى بە بەڕێوەبەرى ئاسایشى گشتى هەرێمەوە دەکات و ئاگادارى دەکاتەوە لەو دۆخەى لە بازگەى نازەنین ڕوویداوە، ئەویش بەڵێنى چارەسەرکردنى دەدات، بەڵام دواتر عیسمەت ئەرگوشى نە دۆخەکە چارەسەر دەکات و نەوەڵامى پەیوەندى حاکم قادر دەداتەوە.
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، مەحمود سەنگاوى دەگەڕێتەوە بەرەو سلێمانى، مەکتەبى سیاسى یەکێتیش بڕیار دەدات کۆبونەوەکە نەکات، بەڵام سەبارەت کەیسەکەى مەحمود سەنگاوى پاش کۆبونەوەکەیەکى کورت چەند بڕیارێک دەردەکەن.
یەکەم بڕیارى مەکتەبى سیاسى یەکێتى ئەوە دەبێت، نامەیەک ئاڕاستەى سەرکردایەتى پارتى دەکەن، بەڕوونى بەپارتى دەڵێن: “ئەم کارە بەرامبەر ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى بەهیچ شێوەیەک قبوڵناکەن و بێ وەڵام نابێت”.
هاوکات بازگەکانى زۆنى سەوز بەڕووى سەرجەم بەرپرسەکانى پارتى دەدەخەن، بۆ ئەومەبەستەش لاهور شێخ جەنگى فەرمان دەردەکات، نابێت بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەهاتووچۆ بە بەرپرسەکانى پارتى بدرێت.
سەرچاوەیەکى باڵا لەیەکێتى نیشتمانى کوردستان ئەوەى بە وڵات_ ڕاگەیاند: “بڕیارمانداوە ئەگەر پارتى هەڵوێستى نەبوو و داواى لێبوردنى نەکرد ئەوکات یەکێتى لەحکومەت و پەرلەمان دەکشێتەوە”
ڕاشیگەیاند: ” نامهیكمان ئاراستهى ههموو قونسولخانهكان كرد وه دوخهكهمان بو روونكردنهوه”.
سەرچاوە باڵاکەى یەکێتى نیشتمانى، ئەوەشى ڕونکردەوە سبەى هەینى کاتژمێر ١١ مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە سلێمانى بەئامادەبوونى مەحمود سەنگاوى کۆدەبێتەوە و هەروەها پرسى پارێزگارى کەرکوک دەخرێتە بەرباس و هەر سبەى لەسەر ئەو پرسە یەکێتى هەڵوێستى خۆى بەتەواوى بۆ پارتى ڕوندەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ لەکاردانەوەى گەڕاندنەوەى مەحمود سەنگاوى بۆ سلێمانى، زیاتر ٤٥ ئۆتۆمبێلى بەرپرس و ئەفسەرانى پارتى گەڕێنراونەتەوە بۆ هەولێر، دواى ڕوداوەکەش زۆرینەى ڕەهاى بەرپرسانى پارتى بۆ چارەسەرى پرسەکە هاتوونەتە سەر هێڵ و خۆیان لەو ڕووداوە بێبەریکردوە و داواى لێبوردنیان کردووە.