بۆچى لاهور شێخ جەنگى بەتوندى دەستى بە وەسیقەى دەباشانەوە گرتووە؟

بۆچى لاهور شێخ جەنگى بەتوندى دەستى بە وەسیقەى دەباشانەوە گرتووە؟

هیچ بۆنەیەک نیە لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى ئاژانسى پاراستى زانیارى_زانیارى کە پەیوەست بێت بەگۆڕان و یەکێتیەوە جەخت لەسەر ڕێکەوتنى دەباشانى (نێوان مام جەلال و نەوشیروان موستەفا) نەکات، بۆیە ئێستا زۆرینەى بەرپرسەکانى گۆڕان و یەکێتى لەو بڕوایەدان لاهور شێخ جەنگى لە پێشى ئەو سەرکردانەوەیە کە بڕواى بەم ڕێکەوتنە هەیە و هەوڵى پاراستن و زیندوکردنەوەى دەدات، ئەمەش ڕاز و نهێنى خۆى هەیە.

ڕۆژى شەممە ١٤ى ئەیلولى ٢٠١٩، بەبۆنەى هەڵبژاردنى خانەى ڕاپەڕاندن و ڕێکخەرەوە لاهور شێخ جەنگى پەیامێکى پیرۆزبایى ئاڕاستەى ئەو حیزبەکرد، لەپەیامەکەدا دووبارە جەختى لەسەر ڕێکەوتنى نێوان گۆڕان و یەکێتى کردەوە، پەیامەکە دەڵێت: ” هیوادارم هەڵبژاردنەوەی رێكخەری گشتی و نوێكردنەوەی خانەی راپەڕاندن، تەبایی و هاوكاریی سیاسی و رێككەوتنامەی گرنگی دەباشان، لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببوژێنێتەوە و هەماهەنگی نێوان هەردولا بخاتە سەرپێ، بۆ راستكردنەوەی باڵانسی هێز لە هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان”.
ئەمە لەکاتێکدایە لە ١٠ى تەموزى ٢٠١٩دا لاهور شێخ جەنگى لەدیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا جگە لەوەى نیگەرانە بە جێبەجێنەکردنى رێکەوتنامەى دەباشان، هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دواى پێکهێنانى حکومەت ئەو ڕێکەوتننامەیە زیندووبکاتەوە.

بۆچى هاوسەنگى زۆنى سەوز تێکچوو؟

ساڵى ٢٠٠٩ نەوشیروان موستەفا بەفەرمى ڕایگەیاند، لیستێک بۆ هەڵبژاردن پێکدەهێنێت دواتریش توانى ٢٤ کورسى بەدەست بهێنێت، ئەمە بووە سەرەتاى ململانێیەکى قورس و تاقەت پڕوکێن لەنێوان بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى هاوسەنگى هێزى لەنێوان پارتى و یەکێتى و بارى سیاسى لەزۆنى سەوز تێکدا، لەگەڵ تێکچوونى بارى سیاسى بارى ئەمنیش توشى نادڵنیایى بوو کاتێک گۆڕان بەیاننامەیەکى ٧ خاڵى بڵاوکردەوە و هەڕەشەى لەحکومەت و پەرلەمانکرد.
ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ سلێمانى لەناوەندێکى بەهێزى خاوەن پێگەى سیاسى و سەربازى و ئابورى دیبلۆماسى و کلتورییە بۆ ناوچەیەک برد کە توشى داڕمانى لەسەرخۆ بێت، بەپێچەوانەوە زۆنى زەرد گەشەى کرد لەڕووى سیاسیەوە هەم لەڕووى ئابورى و دیبلۆماسیەوە، بۆیە پارتى لەو ماوەیەدا چەند سەرقاڵى خۆ بەهێزکردن بوو هێندەش سەرقاڵى ئەوەبوو چۆن ئاگرى نێوان گۆڕان و یەکێتى خۆش بکات تاوەکو هاوسەنگى بۆ زۆنى سەوز نەگەڕێتەوە، ئەم دۆخە ئەگەرچى ئێستا خەریکە بەهێواشى ڕاست دەبێتەوە بەڵام هەر بەردەوامى هەیە.

مام جەلال و نەوشیروان و دەباشان؟

بەگێڕانەوە چەند کەسایەتیەک، ساڵى ٢٠١٦ کاتێک نەوشیروان موستەفا لە لەندەن دەگەڕێتەوە لەدۆخێکى تەندروستى باشدا نابێت بەڵام گەڕانەوەکەى بەلاوە گرنگ دەبێت، چونکە دواى بیرکردنەوەیەکى زۆر گەیشتووەتە ئەو بڕوایەى (رێکەوتن لەگەڵ یەکێتى) تەنها ڕێگەى چارەسەرى گێڕانەوەى ئەو هاوسەنگیەیە بۆ زۆنى سەوز، ساڵانێکى زۆر بەهۆى جیابونەوەى گۆڕانەوە توشى لاسەنکى هات.

سۆران عومەر پەرلەمانتارى کوردستان کە ئەوکات سەردانى نەوشیروان موستەفاى کردووە لەزارى ئەوەوە، دەڵێت: “کاک نەوشیروان ووتى میللەتەکەمان لەدۆخێکى سەختدایە پەرلەمان پەکخراوە، ئەگەر ئەم دۆخە جاران دەبوو دەبوو بەشەڕى ناوخۆ، بەڵام من نابم بە پیرى ئاخیر شەڕ و بڕیارى شەڕ بدەم دژى پارتى، بۆیە تاکە شتێک دڵم پێى خۆشە ئەم رێکەوتنەیە لەگەڵ یەکیتى بیکەین و دۆخەکە باشتر بکەین”.
ئەم پلانەش بەهەمان شێوە لاى مام جەلال پێش نەخۆش کەوتنى گەڵاڵەبووبوو ، بۆیە زۆرینەى سەرکردایەتى یەکێتى و گۆڕان پشگیریان کرد و ڕێکەوتنەکە ساڵى ٢٠١٦ ئەنجام درا.

ئامانجى هەر گرنگى مام جەلال و نەوشیروان موستەفا لە ڕێکەوتنى دەباشان، ئەوەبوو دووبارە هاوسەنگى هێز بۆ کوردستان بگەڕێتەوە، چونکە دەیانزانى تەنها ئەوەدەتوانێت گۆڕان و یەکێتى بەرامبەر پارتى وەستاو و بەهێز بکات.

لاهور شێخ جەنگى بۆچى وەسیقەى دەباشانى بەلاوە گرنگە؟

لاهور شێخ جەنگى هیچ بۆنەیەک بەفیڕۆنادات، بۆ ئەوەى بیرى یەکێتى گۆڕانى بهێنێتەوە کە رێکەوتنى (دەباشان) جێبىەجێبکەن کە واژووى مام جەلال و نەوشیروان موستەفاى لەسەر، لەدواى ٨ ساڵ ململانێ تاکە گرنتى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو هێزەیە.

قسە و ووتارەکانى لاهور شێخ جەنگى، ئاماژەیەکى ڕوون پیشان دەدات بۆ ئەوەى یەکێتى و گۆڕان وەکو دوو هێزى گەوەرە و خاوەن دەسەڵاتى ئەم ناوچەیە ململانێ نە لەسودى خۆیانە و نە لەسودى زۆنەکەش.
بۆیە گرنگە وەسیقەى دەباشان جێبەجێ بکەن، ئەوەش لەپێناو ئەوەى لەبەرامبەر پارتى وەکو هێزێکى یەکگرتوو و خاوەن پێگە دەربکەون، ئەو کەلێنە پڕبکەنەوە کە پارتى لێیەوە دزەى کردووەتە ناو سلێمانى و یارى دەکات زۆنەکەى توشى گرفتى ئابورى و سیاسى دیبلۆماسى کردووە، وە کەلێنى دەسەڵاتدارى پڕبکەنەوە کە بەهۆى ناکۆکى نێوان گۆڕان و یەکێتى دروستبووە و پارتى بووەتە زۆرینەى ڕەهاى حکومدار لەکوردستان، ئەو گەمارۆ ئابورى و دیبلۆماسیە هەڵبگرن کە لەسەر ئەم ناوچەیى داناوە، لەگەڵ ئەوە مەرجەعیەتى سیاسى و دیبلۆماسى و هەواڵگرى بگەڕێنەوە بۆ ئەم زۆنە کە جاران (دوکان و قەڵاچوان) بوو نەک (سەرى ڕەش).

بۆچى دەباشان بەهەڵواسراوى ماوەتەوە؟

لاهور شێخ جەنگى بڕواى بەوە هەیە هۆکارى جێبەجێنەکردنى رێکەوتنى دەباشان، بەشێکى پەیوەستە بە سەرکردەکانى گۆڕان و یەکێتى، بەشى دوومى پەیوەستە بە دەستێکى دەرەکیەوە کە لەسودى نیە ئەم ڕێکەوتنە جێبەجێبکرێت.
ڕەنگە پارتى لەهەردوو بارەکەدا رۆڵى سەرەکى هەبێت لە هێشتنەوە دەباشان وەکو ڕێکەوتنێکى جێبەجێنەکراو، چونکە ئەو سەرکردانەى یەکێتى و گۆڕان کە دژى ڕێکەوتنى دەباشانن یان نزیکن لە پارتیەوە یان بەدەستى پارتى بەنهێنى کار بۆ کرمێکردنى ڕێکەوتنەکە دەکەن.

چونکە لاى پارتى ئاشکرایە، ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە وەکو خۆى جێبەجێبکرێت، پارتى توشى گۆشەگیرى سەخت دێت ئەو هەلانەى پارتى لە ١٠ ساڵى ڕابردوودا قۆستویەتیەوە لەناهاوسەنگى زۆنى سەوز و زەرد هەمووى لەدەست دەچێت، بۆیە هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەى ئەم هەنگاوە جێبەجێنەکرێت تەنات ئامادەبوو پشکی گەورە بە گۆڕان بدات لە حکومەتى نوێ تاوەکو گۆڕان و یەکێتى نەچنەوە سەر وەسیقەى دەباشان.

ڕەنگە یەکێتى بەبێ گۆڕان بتوانێت لەماوەى ساڵانى ئایندەدا زۆنى سەوز دروستبکاتەوە بەڵام سەربارى بە فیڕۆدانى کاتێکى زۆر هیشتاش ڕەنگە نەتوانێت لاسەنگیەکە بەتەواوى ڕاستبکاتەوە، بەڵام لەگەڵ گۆڕان بەزویى و بە بەهێزى دەتوانن هاوسەنگى بۆ ئەم زۆنە بگەڕێننەوە ئەمەش تەنها بەڕێگاى وەسیقەى دەباشاندا دەڕوات، بۆیە لاهور شێخ هیچ هەلێک لەدەستنادات بۆ زیندوکردنەوەى ئەم وەسیقەیە، ئەوەش بۆ پارتى دوژمانیەتیکردن و تەحەدایەکى سەختە بۆیە هەمیشە لاهور شێخ جەنگى ئامانجى پلان و پلارەکانیانە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو