وڵات – وتار
چۆن منداڵ بخەینەوە؟
عەزیز ڕەئووف
خۆی ئیشی پارلەمانە ڕێگە لە تموحی نوخبەیەک بگرێ کە خۆی و منداڵەکانیان بوون بە دێوی زەبەلاح و مافی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەخۆن، نەک داوا لە خەڵک بکات منداڵی زیاتر بنێنەوە.
خۆی و پارت و بنەماڵەکەی ئەوەندەی منداڵ ناوەتەوە بوون بە سەرەتان بۆ خەڵکی کوردستان، کەچی داوامان لێ دەکەن سەریەشەیەکی تریش بۆ خۆمان و بۆ کۆمەڵگەش زیاد بکەین و منداڵ دروست بکەین و مافی تەواویان پێ نەدەین.
جەناب، لەجیاتی ئەوەی تەداخول لە جوڵەی ژووری نوستنەکانمان بکەی، بڕۆ لە پارلەمانەوە یاسایەک دەر بکە بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی و بەهەدەرنەدانی داهاتی میللەت، ئەگەر مافی نەوەکانمان و ئایندەیان زامن بکرێ، پێویستمان بە تۆ نیە ڕێژەی منداڵمان بۆ دیاری بکەی و دەزانین گڕوگاڵی منداڵ لەماڵەکانماندا چ نیعمەتێکی گەورەیە. جەناب بەبەر چاوتەوە گەندەڵەکانی بنەماڵە و پارتەکەت کە کوردستانیان کردۆتە جەهەننەم و ورتەت لێنایا ئێستا هاتووی خەمی داهاتووی ئەم میللەتەتە کە ژمارەی دانیشتوانی لە عەرەب کەمتر دەبێ؟ ئێ جەناب، نەبوونی عەقڵی دەوڵەتداری خۆ بە ڕێژە و ژمارەی دانیشتوان نیە، سەدان هەزار سەربازو و پێشمەرگەت هەیە بەڵام چونکە عەقڵی بەرگریکردنت نیە، چونکە عەقڵی بەڕێوەبردنت نیە، چ بەهایەکی هەیە؟ خۆتان و بنەماڵەکانتان دەیان نەوەی بەتاڵ و چەتەتان ناوەتەوە توشی سیل و سەرەتان بووین بەدەست خۆتان و منداڵەکانتانەوە.
منداڵی کارمەندێکی حکومی تەنها دە هەزاری بۆ دابین کردووە، دەیەوێت نەزانینی سیاسەت و مافیاگەری پارت و بنەماڵەکانی لەسەر کەمی منداڵی نێو کۆڵانەکان بشارێتەوە.
منداڵەکان لە خەمی تۆ ئامادەن لە دەریاکاندا ببن بە خۆراکی ماسی و سەرهەڵبگرن، جەنابی پارلەمانتاری تێروپڕ کە بوونەتە مەهزەلەی خەڵک، گێچی کوردایەتی بەرز بۆتەوە و داوای زیادبوونی منداڵمان لێ دەکا.
چەتەگەری ئێوە چیرۆکێکە نەک پێنچ منداڵ، بەشی هەزاران منداڵی نەوەی ئایندە دەکات