بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ وەرزی نوێی خوێندن هاوكار دەبین لە پاراستنی گیانی منداڵان.
ڕادیۆی فەڕمی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بڵاویكردەوە، لە ڕێگای بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی پەیوەست بە هۆشیاریی و سەلامەتی لەكاتی شۆفێریكردندا بۆ ئەمساڵی وەرزی خوێندن هاوكاری پاراستنی گیانی منداڵان دەبین.
لای خۆشییەوە بەهمەن عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری ڕادیۆكە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ماوەی پێنج ساڵدا تەنها لە پارێزگای سلێمانی 173 منداڵ بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، ڕۆژی شەممە بەرواری 21-9-2019 یەكەم ڕۆژی وەرزی خوێندنی ساڵی 2019-2020 دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم، سەرجەم بەڕێوەبەری خوێندنگە و قوتابخانەكان ئاگادار دەكەنەوە كە ڕۆژی شەممە سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی وەرزی یەكەمی خوێندنی ئەمساڵ جێبەجێ بكەن.