پۆلیسى سلێمانى دەستگیرکردنى 25 تۆمەتبارى بە تاوانى جیاجیا راگەیاند، کە بەشێکیان هەوڵیانداوە چەند پارچە شوێنەوارێک “ببەنە دەرەوەى هەرێم”.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى ئەمڕۆ 16ى ئەیلولى 2019 لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا راگەیاند “رۆژى نۆى ئەم مانگە زانیاریمان پێگەیشت کە کەسێکى دانیشتوى سلێمانى چەند گرتە ڤیدیۆییەکى بۆ کەسێکى ئێرانى ناردووە لەبارەى بوونى چەند پارچە شوێنەوارێک تا پێکەوە بتوانن بیان بەن بۆ دەرەوەى هەرێم”.
وتیشى “ئەو کەسە ئێرانیە شارەزاى بوارى شوێنەوارە و چووەتە شوێنەکە و دڵنیابووەتەوە لەوەى شوێنەوارى لێیە، دواتر سێ تۆمەتبارى بەکرێ گرتووە و بەڵێنى پێداون یەکى پێنج هەزار دۆلاریان پێبدات لەبەرانبەر هاوکاریکردنیان بۆ دەرهێنانى شوێنەوارەکان”.
سەرکەوت ئەحمەد باسى لەوەشکرد، لە شوێنى رووداوەکە سەرجەم تۆمەتبارکراوەکان دەستگیرکراون و بەپێی یاساى شوێنەوار لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
بەوتەى سەرکەوت ئەحمەد، بەکۆى گشتى لەسەر چەندین تۆمەتى جیاجیا 25 تۆمەتبار دەستگیرکراون کە لە 21 پیاو و سێ ژن پێکهاتوون.