هەڵکەوت ئیدریس :750 ملیۆن دینارەکەى فیستیڤاڵى فیلم لە دهۆک پارەیەکى ئەوەندە زۆر نییە

  • September 15, 2019
  • 345 Views
تەرخانکردنى بڕى 750 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بۆ بەڕێوەچوونى ڤیستیڤاڵى فیلمە سینەماییەکان لە دهۆک مشتومڕى دروستکردووە، وەزارەتى ناوخۆ کە ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ تەرخانکردنى پارەکە وەرگرتووە دەڵێت، پێشتر بەو ڕێوشوێنە پارە بۆ ڤیستیڤاڵى دیکەش تەرخانکراوە، بەرپرسانى ڤیستیڤاڵەکەش بڕە پارەکە بە “زۆر” نازانن.

تەرخانکردنى بڕى 750 ملیۆن دینار بۆ ڤیستیڤاڵى حەوتەمى فیلمە سینەماییەکان لە پارێزگاى دهۆک لە بودجەى ئەمساڵى وەزارەتى دارایی و ئابورى

بەپێی نوسراوێکى وەزارەتى ناوخۆ کە واژۆى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمی لەسەرە و ڕۆژى 10ى ئەم مانگە ئاڕاستەى نوسینگەى پارێزگاى دهۆک کراوە، ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى داوە لەسەر تەرخانکردنى بڕى 750 ملیۆن دینار بۆ ڤیستیڤاڵى حەوتەمى فیلمە سینەماییەکان لە پارێزگاى دهۆک لە بودجەى ئەمساڵى وەزارەتى دارایی و ئابورى.
جەلال کەریم، بریکارى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم  ڕاگەیاند، هەر نوسراوێک کە لەلایەن ئیدارەى پارێزگاکانەوە بەرزبکرێتەوە بۆ وەزارەتى ناوخۆ ئەگەر پێویستى بە ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران بێت، بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران.
وتیشى “هەرچەندە خۆم نوسراوەکەم لە وەزارەت نەبینیوە، بەڵام هەر نوسراوێکى پارێزگاکان بەو شێوەیە ئیدارییە بەرزدەکرێتەوە، پێشتریش بەو رێوشوێنە بودجە بۆ  ڤیستیڤاڵى دیکە لە شارەکانى دیکە تەرخانکراوە”.
نوسراوەکە بەشێوەیەکى بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستى پێکراوە و مشتومڕى زۆرى دروستکردووە، بەشێک ڕەخنە لە تەرخانکردنى ئەو بڕە پارەیە دەگرن و بەشێکى دیکەش تەرخانکردنى بودجە بۆ چالاکى کلتورى و رۆشنبیرى بە کارێکى ئاسایی دادەنێن.

                                ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکە چی دەڵێن؟

ڤیستیڤاڵى فیلمە سینەماییەکان لە پارێزگاى دهۆک ساڵانە لەلایەن ئیدارەى پارێزگاى دهۆکەوە رێکدەخرێت، لە ڤیستیڤاڵەکەى ئەمساڵدا کە 9ی ئەم مانگە دەستیپێکرد، 

112 فیلم کە لە 74 وڵاتى جیاجیا بەرهەمهێنراون نمایش دەکرێن.

هەڵکەوت ئیدریس، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ڤیستیڤاڵەکە  ڕاگەیاند “نوسراوى تایبەت بە تەرخانکردنى بودجە بۆ ڤیستیڤاڵەکە ڕاستە و ساختە نییە، بەڵام چونیەتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە تەنها لە دەستی پارێزگاری دهۆکدایە و ئەو دەسەڵاتی هەیە کە چۆن ئەو 
بڕە پارەیە خەرج بکات”.
جگە لە فیلیمە بیانییەکان، لە ڤیستیڤاڵەکەدا 50 فیلمى کوردى نمایش دەکرێن و 55 فیلمیش پێشبڕکێ لەسەر خەڵاتەکان دەکەن، 120 هونەرمەندی کورد و بیانیش ڤیستیڤاڵەکەدا بەشدارن.

پارەى زۆرمان خەرج کردووە سێ هوتێلی گەورەمان گرتووە بۆ میوانەکان کە 140 کەسیان لەدەرەوە هاتوون


هەڵکەوت ئیدریس دەڵێت “ئەو بڕە پارەیە ئەوەندە زۆر نییە، بۆ ڤیستیڤاڵی فیلمى سلێمانی پارەى زیاتر خەرجکراوە ئەی بۆ باسی ئەوان ناکەن، ئێمەش پارەى زۆرمان خەرج کردووە سێ هوتێلی گەورەمان گرتووە بۆ میوانەکان کە 140 کەسیان لەدەرەوە هاتوون، لە کوتایی ڤیستیڤاڵەکەشدا 15 خەڵات بە فیلمە سەرکەوتووەکان دەدرێت و بەهاى خەڵاتەکانیش لەنێوان پێنج بۆ 10 هەزار دۆلاردایە”.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو