پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەی پوش پاوەن شەڕ لە نێوان دانیشتوانی گوندی (دەشتێوان و قەڵاتوکان)ی قەزای سەنگەسەر رویداو بەو هۆیەوە كەسێك كوژراو دوانی دیكەش برینداربون.
هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین خرانە حاڵەتی ئامادەباشی و لە ئێستاشدا لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕوداوەکەدان
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند،”کاتژمێر 3:00 دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهۆی کێشەی پوش پاوەن شەڕ لە نێوان دانیشتوانی گوندی (دەشتێوان و قەڵاتوکان) سەر بە ناحیەی سەنگەسەر لە قەزای پشدەر ڕویدا، بەو هۆیەوە كەسێك کوژراو دوانی دیكەش برینداربون.
پۆلیسی ڕاپەڕین وتیشی،”دوای ڕوداوەکە دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین خرانە حاڵەتی ئامادەباشی و لە ئێستاشدا لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕوداوەکەدان”.
بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە دو بریندارەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کراون
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانیەكان، پۆلیس رایگەیاند،”کوژراوەکە ناوی (س . ع . ح ) لە دایکبوی 1987 پیشەی پێشمەرگەیە و دانیشتوی گوندی (دەشتێوان)ە. بریندارەکانیش، یەكیان ناوی ( ئ . ع . ن ) لەدایکبوی ساڵی 1999 پیشەی شوان دانیشتوی گوندی خوارانە، برینداری دوەمیش ناوی ( ر . ع . ٲ ) لەدایکبوی ساڵی 1984 پیشەی پێشمەرگە دانیشتوی گوندی (دەشتێوان)ە.
ئاماژەی بەوەشكرد،”تەرمی کوژراوەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ و بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە دو بریندارەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کراون”.