جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ دانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان حكومەت گوێڕایەڵی كەس نابێت.
دوای بڕین و پێنەدانی بەشێكی زۆری مووچەی فەرمانبەران بەناوی سیستمی پاشەكەوت، لە ئێستادا بەهۆی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، مووچەخۆران داوای مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان دەكەن و هەندێك جاریش مامۆستایان یاخود چینەكانی دیكەی مووچە خۆر هەڕەشەی خۆپیشاندان یان هە ڕێگایەكی دیكە دەكەن بۆ وەرگرتنەوەی پاشەكەوتەكانیان.
عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕاگەیاند، حكومەت بەرنامەی خۆی هەیە و پێموانییە گوێڕایەڵی كەس بكات.
وتیشی”حكومەت چاوەڕێ چاكسازی دەكات ئەنجامی بدات و كەمێك داهات و پارە بگەڕێتەوە بۆ حكومەت ئەویش بە چاككردنی بن دیوار و مووچەخۆرە نایاساییەكان، مەگەر بەو شێوەیە پاشەكەوت بدەنەوە”.
ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیریانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و یەكێك لەو پرسانەی دەیەوێ تاوتوێ بكات بابەتی قەرز و پابەندە داراییەكانی ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.