ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆماری توركیا، دەڵێت، لێدوانە پێچەوانەكانی سەرۆكی ئەمریكا نیگەرانی كردوون لە كاتێكدا هەردوو وڵات، پێكەوە باسیان لە ئەنجامدانی لەشكركێشی بۆ سەر باكووری سوریا كردووە، ئەوەش دەخاتەڕوو كە بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكان هەردوو سەرۆك بە تەلەفۆن پەیوەندییان بەیەكەوە كردووە.
گولنار ئابیت، ڕاوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆگان، بە پێگەی تورك پرێسی وتووە: بەر لەئەنجامدانی هێرشەكان سەرۆكی توركیا و هاوتا ئەمریكاییەكەی بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەبارەی كردە سەربازییەكان بۆ سەر سوریا كردووە و هاوڕا بوون لەسەر ئەنجامدانی ئەو كردەوە سەربازیانەی لە خاكی سوریادا ئەنجام دەدرێن لە چوارچێوەی دروستكردنی ناوچەی ئارام.
ئەو ڕاوێژكارەی ئەردۆگان، سەرسوڕمانی خۆی نیشان دەدات، سەبارەت بە تویتەكانی سەرۆكی ئەمریكا لە كاتێكدا ڕێگەی پێداون هێرش بكەن بەڵام بە داڕمانی ئابووری توركیا هەڕەشەیان لێ دەكات و ناو بە ناو لێدوانی پێچەوانە دەدات لەسەر توركیا.
پاش كشانەوەی بەشێك لە سەربازانی ئەمریكایی لە هەندێك خاڵی چاودێری لە ناو خاكی سوریا و لە دەسپێكی هێرش و پەلامارەكانی تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا ڕایگەیاند: “توركیا زیاد لەوە بكات كە ڕێگەی پێدراوە ئەوا ئابوورییەكەی وێران دەكات”.