كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی(كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی) سەد رۆژی كاركردنی تێپەڕاندن، هەمووان چاویان لەسەر چاكسازیكردن بوو لەم كابینەیەم، بەڵام خەونەكان بوون بەسەراب.
ئەم كابینەیە میراتگری كۆمەڵێك كێشەی كابینەی هەشتەم بوو(بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزان)، كێشمەكێشمی مەسرور بارزانی بۆ پەلوپۆكردنی نێچیرڤان بارزانی لەحكومەت زیاتر بوو هەنگاونان بۆ چاكسازیەك كە خەڵكی چاوەڕێی دەكرد، هەر لەسەرەتاوە مەسرور بارزانی دەستیكرد بەدوورخستنەوەی كەسە نزیەكەكانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزاو زاوای، بەجۆرێك لەهەر جومگەیەكی حكومەت كەسێكی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی هەبوبێت بێ یەكو دوو یا دوورخستنەوە یا تەسلیم بوون.
لەماوەی تەمەنی ئەم كابینەیە هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ چاكسازیكردن، بەجۆرێك باس لەپڕۆژە یاسایی چاكسازی خانەنشینی لەمووچەو دەرماڵەو دەرماڵەكان، كەمەرجی سەرەكی بەشداریكردنی گۆڕان بوو لەكابینەی نۆیەم(پەسندكردنی لەماوەی یەك مانگدا)، بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایە تەنها یەك كۆبوونەوەی نێوان پەرلەمانو حكومەتی لەسەركراوە لەماوەی نزیك سێ مانگی تەمەنی كابینەكە.
هەنگاوەكانی ئەم كابینەیە بۆ چاكسازیكردن نین، بەڵكو بۆ توندوتۆڵكردنی پێگەی سیاسیو ئابووری مەسرور بارزانیە
هەنگاوەكانی ئەم كابینەیە بۆ چاكسازیكردن نین، بەڵكو بۆ توندوتۆڵكردنی پێگەی سیاسیو ئابووری مەسرور بارزانیە، لەولاشەوە تیمێكی فراوانی لەمیدیاو سۆشیال میدیا سەرقاڵی میكیاژكردنی كارەكانیەتی، بەجۆرێك پڕكردنەوەی فۆڕمی دەستەی دەسپاكی لەلایەن پلە تایبەتەكان لەوەتەی دەستەی دەسپاكی هەیە ئەم فۆڕمە پڕدەكرێتەوەو بەشێوەیەكی ئاسایی، بەڵام لەم كابینیە هەڵایەكی میدیای لەسەر دروستكرا بەجۆرێك لەمێژووی حكومڕانی كوردی هەنگاوی وانەنرابێت.
مەسرور بارزانی، تیمێكی چاودێری سەرجەم وەزیرو كابینەكەی دروستكردووە، هەر هەنگاوێكی وەزیرەكانو پلە تایبەتیەكان خراوەتە ژێر زەڕەبینێك كەئاخۆ چەندە لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی دەگونجێت.
كابینەی نۆیەم ئەوەندە بەكابینەی هەولێرو دهۆك ناسراوە، نیو ئەوەندە بەكابینەی حكومەتی هەرێم نەناسراوە، بەجۆرێك لەماوەی كاركردنی ئەم كابینەیە مەسرور بارزانی چەندینجار سەردانی پارێزگای دهۆكی كردووە بۆ كردنەوەی پڕۆژەو بەشداریكردن لەمەراسیمی تایبەت، بەڵام تاوەكو ئێستا سەردانی هەریەك لە پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕینو گەرمیانی نەكردووە.
لاوازی بەشێك لەوەزیرەكانی ئەم كابینەیە وایكردوە، ستافی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران بتوانن لەهەر هەنگاوێكدا پرسو رایان پێبكرێت، بەجۆرێك ستافەكەیو یاریدەدەرەكانی سەرۆك وەزیران بوون بەحكومەتێك لەناو حكومەت، ئەم یاریدەدەرو ستافە بەشێكی زۆری دەسەڵاتی وەزیرەكانیان لای خۆیان گلداوەتەوە، وەك تەمویلكردنی پڕۆژەكانو دروستكردنی بەنزینخانەو هاوردەكردنی گەنمو كردنەوەی پڕۆژە.
مەسرور بارزانی، تاوەكو ئێستا بەریتمی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی ئاسایش هەنگاو دەنێت، بەوەی سەرجەم دەسەڵاتەكانی لای خۆیەتی، وەك ئەوەی لەتەمویلكردنی پڕۆژەكان كردی، كە تەمویلكردنی پڕۆژەكان كاری وەزارەتی داراییو ئابووریە نەك ئەوەی لەكاتی كردنەوەی رێگای دهۆك بارزان، مەسرور بارزانی، تەرخانكردنی نیو ملیار دیناری راگەیاند؟!
لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵ چەند وەزیرێكی كابینەی نۆیەم لەسەر زهنیەتی چاكسازی لەلایەن مەسرور بارزانی، ئاماژەیان بەوەدەكرد، تاوەكو ئێستا چاكسازی تەنها قسەكردن بووەو هیچی تر.
مەسرور بارزانی، تیمێكی چاودێری سەرجەم وەزیرو كابینەكەی دروستكردووە، هەر هەنگاوێكی وەزیرەكانو پلە تایبەتیەكان خراوەتە ژێر زەڕەبینێك كەئاخۆ چەندە لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی دەگونجێت
هەرچی تایبەت گومرگە بەپێی زانیاری بەردەست مەسرور بارزانی تاكەشتێك كردبێتی بریتی بووە لەدەرگا واڵاكردنی بۆ كۆمپانیاكانی تایبەت بەخۆییو جوڵانەوە بەپێی یاسا بەرامبەر سەرجەم كۆمپانیاكان بەتایبەت كۆمپانیاكانی سەلاحەدین كە ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی دەكات.
لەماوەی رابردوو جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەگەڵ رێپێدراوی كۆمپانیاكانی سەر بەمەسرور بارزانی كۆتەوە، لەكۆبوونەوەكە باس لەوئاسانكاریانە كراوە كەگومرگی هەرێم دەتوانێت ئەنجامی بدات بۆیان.
لەكابینەكانی رابردوو رێكخراوی تایبەت هەبوو بۆ چاودێری كارەكان، بەڵام لەم كابینەیە هیچ رێكخراوێك هەنگاوی لەو جۆرەی نەناوە، ئەگەر رێكخراوێك هەنگاوی لەم جۆرە بهاوێژێت ئەوا بێ یەكو دوو دەبێت بڵێت، كابینەی قسەو بەڵێن، چونكە تاوەكو ئێستا تەنها قسەكردن بووەو هیچی.