ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ چەند بەڵگەیەك لەسەر بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی جۆری “بۆمبی فسفۆڕ” لەلایەن توركیاوە لە هێرشەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی “هەسەدە” بڵاودەكاتەوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە چەند بەڵگەیەكی باوەڕپێكراویان دەستكەوتووە، كە دەریدەخات توركیا و چەكدارە هاوپەیمانەكانی چەكی قەدەغەكراویان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەكارهێناوە.
وەك ڕوانگەكە لەزاری سەرچاوە پزیشكیەكانەوە بڵاویكردۆتەوە، كە بەپێی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان دەركەوتووە ژمارەیەك بریندار لە شەڕڤانان و هاووڵاتیانی مەدەنی بە بۆردومانی ڕاستەخۆی توركیا سووتاون و جۆری سووتانەكەشیان بەڵگەیە لەسەر بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكە قەدەغەكراوانە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ جەختیشی كردۆتەوە، كە ئەو بەڵگانە بە دۆكیومێنت دەكات و پێشكەشی ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی توركیا.
دەشڵێت: “ئەو هاووڵاتی و شەڕڤانانە تووشی سووتان و شێواوی دەموچاویان بوون و ئەوەش بەهیچ ڕوونادات جگە لەو چەكە قەدەغەكراوانە”.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ناوی ژمارەیەك هاووڵاتی و شەڕڤانی لە ڕاپۆرتەكەیدا بڵاوكردۆتەوە، كە لە شەڕەكانی سەرێكانی و ناوچەی پیشەسازی و شەقامی m4 و چەند ناوچەیەكی دیكە بریندار بوون و سووتاون.
ئاشكراشی كردووە، كە لەكاتی بۆردومانەكاندا سووتانی كبریت و ڕووناكی سوور دەركەوتووە، كە ئەوەش نیشانەی بەكارهێنانی ئەو چەكە قەدەغەكراوانەیە.