وڵات _ چلانە قادر
ڕۆژى ٨ى ئازارى ئەمساڵ لەدیدارى زانکۆى ئەمریکى لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى ئاژانسى پاراستن و زانیارى _زانیارى، هۆشدارى ئەوەیدا داعش ماوە و بەشێوازێکى دیکە گەڕاوەتەوە ئەوەش مەترسیە لەسەر عێراق ناوچەکە، دەڵێت: “دواى ڕوخانى خەلافەتى داعش، خۆى کۆکردووەتەوە و سەرقاڵى ئامادەکارییە بۆ ئۆپراسیۆن”، ئەمڕۆ زیاتر لەهەمووکات ئەم قسەیە بەلاى هاوپەیمانان و عێراقەوە مایەى قسە لەسەرکردنە و پێشبینیە هەواڵگرییەکانى لەسەر بنیات دەنرێت، بۆیە ڕوودەکەنە سلێمانى و نەخشە ڕێگاکان دژ بەداعش تاوتوێ دەکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى ئاژانسى پاراستن و زانیارى_ زانیارى، داعش لە ٧٠ شوێنى جیاوازى عێراق بوونیان هەیە، لەنەخشەى هەواڵگرى و سەربازیدا وەکو خاڵى مەترسى ئەو ناوچانە تەماشا دەکرێت، بۆیە ئێستا مێزى هەواڵگرى عێراق و کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش دووبارە مەلەفى داعشى خستووەتەوە سەر مێز و گفتگۆى چۆنیەتى ڕووبەڕوبونەوەى باسدەکات.
هاوکات جەیمس جیفرى نوێنەرى تایبەتى ئەمریکا لەسوریا، زانیارییە هەواڵگرییەکانى وڵاتەکەى لەبارەى داعشەو ناشرێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، واشنتن بڕواى وایە ١٥ هەزار چەکدارى داعش لەنێوان سوریا و عێراق بوونیان هەیە و سەرقاڵى خۆ ڕێکخستنەوە و کارکردن.
نوێنەرى تایبەتى ئەمریکا لەسوریا، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ئەو چەکدارانەى داعش لەباشورى فوڕات و بەگشتى لەباشورى ڕۆژهەڵاتى سوریا کە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى “قەسەدە”یە لەجموجوڵدان نزیک لەتورکیا، ئەمە جگە لەوەى ١٠ هەزار چەکدارى داعش لە زیندانەکانى “قەسەدە”دان.
واتە لەهەردوو بارەکەدا، داعش لەو سنورانە جوڵەدەکات، کە سنورى نێوان کورد دەسەڵاتى ناوەندین، لەو سوریا و لەعێراق.
شەووى ڕابردوو، بەووتەى ئیدارەى گەرمیان چەند چەکدارێکى داعش لەڕێگەى هاوەنەوە هێرشیان کردە سەر چەند خاڵێکى ئەمنى لەناوچەى گوڵەجۆى کفرى، بههۆیهوه چوار كارمهندی ئاسایش و پێشمهرگه شههید بوون و ههشتی دیکەش برینداراربوون.
ئەم هێرشە وەکو لێدانى ئەو زەنگە مەترسیدارە وابوو کە دەمێکە بەرپرسە هەواڵگرییەکان دەیدەن، بەڵام ئێستا ڕاستى مەترسیەکە زیاتر هەستى پێدەکرێت.
داعش لەکوێیە؟
بەگوێرەى زانیارى ناوەندى هەواڵگرى ئەمریکى (سى ئاى ئەى)، کە پشت بەستووە بە زانیارى هەواڵگرى کوردستان و عێراق، داعش لەپارێزگاکانى (دیالە و سەلاحەدین)، باشووری موسڵ، کەرکوک و ناوچە کوردییەکان تاوەکو دەگاتە لای باکووری بەغداد بوونیان هەیە، بەشێکیان لەناو شارەکانن بەشێوەى گروپ و شانەى نهێنى شۆڕبونەتەوە کاریان هاوکارى لۆجستى و تیرۆرە، بەشەکەى دیکەیان بەشێوەى (گروپى چەکدارى لەناوچە دوورە دەست و شاخەکان) ماونەتەوە ڕۆژانە جموجوڵى سەربازى و چالاکى ئەنجام دەدەن.
ئێستا ئەو چەکدارانە جگە لەوەى خۆیان کۆکردووتە، هاوکات ئامادەن بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى کورتماوە، واتە وەشاندنى زەبر و پاشان کشانەوە.
هەر بەگوێرەى ئەو زانیارییانە، داعش بەگشتى ناوچەى حەمرین و ناوچە کوردستانییەکانى کردووە بەئامانج، ئەوەش بەهۆى ئەو بۆشاییە ئەمنیەى لەو ناوچانە دواى ڕیفراندۆم دروستبوون، لەئەنجامى هاتنەوەى سوپاى عێراق و کشانەوەى پێشمەرگە، چونکە ئێستا هاوشێوەى پێش ساڵى ٢٠١٤ ئەو ناوچانە بەتایبەت کوردییەکان (لەلایەن حەشدى شەعبى و سوپاى) عێراقەوە ئیدارە دەکرێن کە هێزێکى ناڕێکخراو و زانیارى هەواڵگرى دروستیان نیە، بۆیە ناتوانن ڕێگربن لە چالاکیە چەکدارییەکانى داعش، تەنانەت گومان هەیە ئەو هێزانە ئاسانکارى بۆ داعش بکەن کە زیان بە پێشمەرگە بگەیەنێت، ئەوەش لەم ڕووداوەکەى گوڵەجۆدا بەڕوونى ئەو گومانە ناشاردرێتەوە، بەووتەى شێخ جەعفەرمستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان “حەشدى شەعبى دەستیان لە هێرشەى شەوى ڕابردوودا هەبووە”.
پێشبنیەکان چین؟
پێشبنیە هەواڵگرییەکان لەسەر بنەماى ئەو زانیاریانەى لەکوردستان و عێراق هەن، ئەوەیە داعش تاکۆتایى ئەمساڵ و ساڵى داهاتوو چالاکیەکانى ڕوو لەزیادبوون دەکەن دژى خاڵە ئەمنیەکان و ناوچەى خەڵکى سڤیل، ئەوەش وادەکات ئاستى زیانەکانى قۆناغى ئێستاى داعش دژ بە هێزە ئەمنیەکانى کوردستان و عێراق زیاتربێت، ترس و تۆقاندن و تەقینەوە دووبارە بگەڕێتەوە و ئارامى خەڵک تێکبدات، بۆیە لەئێستاوە پێویست نەخشەى ڕووبەڕبونەوەکە بکێشرێت ڕێگرى بکرێت لەگەورەیى قەبارەى زیانەکان.
نەخشەى ڕووبەڕوبونەوەى داعش لە سلێمانیە
ڕۆژى دووشەممە ۲۹ی تەموزی ۲٠۱۹ لەسلێمانی (ماسیۆ تولێر) باڵیۆزی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لەعێراق و وەفدێکی باڵای ئەمریکا لە سلێمانى سەردانى لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى ئاژانسى پاراستن و زانیارى_ زانیارى یان کرد، لەو دانیشتنەدا، یەکەم پرس کە لەسەر مێزى گفتگۆ واڵاکرا داعش بوو کە ئێستا زیادبونەوەى چالاکیەکانیان جێگەى مەترسى ئەمریکا و ئەوروپایە، بەگوێرەى زانیارییەکان هەردوولا باسى ئەوەیان کردووە پێویستە کەیسى داعش وەکو کەیسێکى زیندوو تەماشا بکرێت، تولەر لەوبارەیەوە خواستى وڵاتەکەى نەشاردووەتەوە بۆ ئەو پرسە بەگرنگیەوە دۆخەکەى باسکردووە، بۆیە هەردولا جەختیان لەهەماهەنگى نێوان هەولێر و بەغداد کردووەتەوە بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشایە ئەمنیەى لەسنورەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دروستبووە”.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەى پێشوو لەسەر هەمان پرس تاڵب شغاتى سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق سەردانى لاهور شێخ جەنگى کرد و بۆ هەمان پرسى لەگەڵ باسکرد.
پێشتریش، ڕۆژى ۲۲ی نیسانی ۲٠۱۹ (ویلیام ڕۆبۆک) گەورە ڕاوێژکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ونێردەی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش لەسوریا وعێراق، (ستیڤ فەیگن) کونسوڵی گشتی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لەهەولێر سەردانى سەرۆکى ئاژانسى پاراستن و زانیاری_ زانیارى یان کردووە زانیاریان لەبارەى داعشەوە ئاڵوگۆڕکردووە.
بۆچى ئاماژەکان ڕوو لە سلێمانین؟
دەزگاى دژە تیرۆر سەربە ئاژانسى زانیارى، لەماوەى شەڕى داعشدا یەکێک بوو لەچالاکترین دامەزراوە ئەمنى و هەواڵگرییەکان کە توانى ژێرخانى سەربازى و ڕێکخراوەیى داعش هەڵتەکێنێت، ئەوەش لەڕێگەى یانەیەکى سەربازى تۆکمەوەبوو لەلایەن لاهور شێخ جەنگیەوە سەرپەرشتى دەکرا، لەگەڵ ئەوەش لەسنورى لەناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەت (کەرکوک و تا دەگاتە سنورى پارێزگاى سەڵاحەدین و بەتایبەتى تر حەمرین) لەئاستى هەواڵگرى عێراق زۆرترین و ورترین زانیارى لەلایەن ئاژانسى زانیارییەوە کۆکراوەتەوە وەکو (خەزێنەیەکى هەواڵگرى) لەبەردەستە، بۆیە ئێستا ئەمریکیەکان سەرباى هاوبەشیکردنى ئەو زانیارییانە و پشتپێبەستیان هاوکات دەیانەوێت لەسەر بنەماى ئەو زانیارییانە نەخشەى ڕووبەڕوى مەترسى دووەمى داعش ببنەوە، کە قۆناغێکە تەنها لەسەر بنەماى زانیارى و ئۆپراسیۆنى کورت و خێرا ئەنجام دەدرێت.
“داعش لەو ناوچانە جموجوڵ دەکات، کە ناوچەى کێشە لەسەرن لەنێوان کورد و عێراق و سوریا”
ئاستى مەترسیەکان چۆن کەم دەبنەوە؟
بەووتەى لاهور شێخ جەنگى، داعش سودى لەبۆشاییە ئەمنیەکان وەرگرتووە بۆ خۆڕێکخستنەوە، بۆیە ئێستا پلانە گرنگەکە ئەوەیە بۆشاییە ئەمنیەکان نەهێڵدرێت و پڕبکرێتەوە بەتایبەت لەسنورى حەمرین و موسڵ، بۆ ئەوەش هاوپەیمانان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى تەنها هەماهەنگى هەواڵگرى و سەربازى کوردستان و عێراق دەتوانێت ئەو مەترسیە بڕەوێنێتەوە و ئاستى مەترسییەکان کەمبکاتەوە.