هەولێر دەبێتە ناوەندى ئاڵوگۆڕى پارەى ڕەش

هەولێر دەبێتە ناوەندى ئاڵوگۆڕى پارەى ڕەش

وڵات _ چلانە قادر

ئێستا هەولێر وەکو ناوەندێکى ئارامى لێهاتووە بۆ باندەکانى شۆردنەوەى پارە و ئەو هەڵهاتووانەى کە لەدەستى دەسەڵاتدارە عێراقیەکان هەڵدەێن، بۆیە هەرکەس لەعێراق گڵۆڵەى لێژ دەبێت لەهەولێر خۆى دەبنێتەوە.

ساڵى ٢٠١٥ کاتێک کوردستان لەگەرمەى شەڕى داعشدا بوو حەمدییە جاف بەڕێوەبەرى بانکى بازرگانى عێراقى لەلایەن دەستەى دەستپاکى عێراقەوە فەرمانى گرتنى بۆ دەرچوون، چونکە بڕى ٣ ملیار دۆلارى بۆ هەرێمى کوردستان گواستوەتەوە بەبێ ئاگادارى حکومەتى ناوەندى و وەرگرتنى گرنتى: “بەبڕواى دەستەى نەزاهە، ئەم کارەى حەمدییە شۆردنەوەى پارەیە”.

بەڵام ئەوەى نادیار لە کەیسى حەمدییەدا کە لەهەولێرەوە پاڵپشتى دەکرا، چى بەکەیسەکە کرا و حەمدییە چۆن هەڵهات؟

چیرۆکى سەیر سەیر لەبارەى گرتنى تاوانبارانى هەڵهاتوو لەیاسا لەهەولێر بوونى هەیە، چونکە ئێستا بۆ هاوڵاتیانى خوار و ناوەڕاستى عێراق هەولێر پێچەوانەى بەغداد مەرجى توندوتۆڵى لەسەر پارە دانەناوە، بۆیە بازرگانە عەرەبەکان، هەولێر وەکو ناوەندێکى ئارام تەماشا دەکەن بۆ کەڵەکەکردنى سەرمایەکانیان دوور لەچاوى یاساکان، ئاڵوگۆڕکردنى پارە ڕەشەکانیان کە لەسەرچاوەى نادیارەوە دەستیان کەوتووە.

رەیان حەدیدى و باوکى ئیبراهم حەدیدى کە خاوەنى جەزیرەى “نوحى گەشتیارى بوون” لەموسڵ کە نەورۆزى ئەمساڵ یەکێک لەبەلەمەکانى نوقم بوو دەیان کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، ئەوانیش لەهەولێر دەستگیرکران، کاتێک دەیانویست ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

ئەمە جگە لەوەى نەوفل عاکوب پارێزگارى موسڵ کە گلابوو لە هاوبەشیکردن لە گەڵ ئەو بارزگانانە و تۆمەتى بردنى پارەى لەسەربوو، ئەویش هەر لەهەولێر دەستگیرکرا، موسڵیەکان دەیانەوت: “نەوفل پارەى ئەوانى داوە بەحەشدى شەعبى و بازرگانى لەگەڵ کردوون”.

بازرگانى هەولێر و دهۆک لەگەڵ داعش مانگانە دوو ملیۆن دۆلار بووە

ئەمە تەنها کەسایەتیەکانى نەگرتووەتەوە بەڵکو چەندین کۆمپانیاش هەن لەڕیزى ئەو لیستەدان کە دەستەى دەستپاکى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکردوون.

بەگوێرەى بەڵگەیەک، کە دەستەى دەستپاکى عێراق لە سەرەتاى ئەمساڵ بڵاوکردووەتەوە، دوو کەس بەناوەکانى (عومەر عەبدول حەلیم و ئاکار ئەکرەم) کە خاوەنى کۆمپانیاى (ئافاقى دوبەى) بوون بۆ کارى گۆڕینەوەى دراو فەرمانکراوە دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکانیان بگیرێت، چونکە بەگوێرەى یاسای شۆردنەوەى پارە دەستیان هەبووە لەپاڵپشتیکردنى تیرۆر و شۆردنەوەى پارەى ڕەشى داعش

بەڵام تائێستا دیارنیە، ئایا ئەو دوو کەسایەتیە گیراون یان بەردەوامن لەکارەکانیان؟

هەولێر تەنها لەم سەردەمەدا موڵگاى پارەى ڕەش نەبووە، بەڵکو لەسەردەمى شەڕى پێشمەرگە و داعشدا هەولێر و دهۆک لەڕێگەى چەندین بازرگانى عێراقیەوە پارە لەگەڵ داعش ئاڵوگۆڕکراوە.

بەگوێرەى ئەو پەڕە هەواڵگرییانەى کە لەبارەى داعشەوە هەبوو، داعش سەرمایەکەى خۆى لە ٦ ملیار دۆلار داوە بەڵام دواى ڕوخانى و جێهێشتنى موسڵ نازانرێت چەند لەو پارەیەى بەدەستەو ماوە، بەڵام ئەوەى ڕوونە زۆرینەى ئەو پارەیى هاتووەتە بازاڕەکانى هەولێر و بەغداد دیمەشق لەسوریا.

بەگوێرەى زانیارى بازرگانان، لەکاتى شەڕى داعشدا لەبازاڕى هەولێر و دهۆک مانگانە بەبەهاى دوو ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕى پارە کراوە لەگەڵ داعش بۆ ئەو مەبەستەش سود لەچەندین بازرگان لە هەرێم و عێراق و موسڵ وەرگیراوە، هاوکات بە سەرانە چەندین بەرپرسى پێشمەرگە لەو بازرگانیە تێوەگلاون.

چیرۆکەکە تەنها لەوەدا کۆتایى نایەت بەڵکو ئەو پارانەى لەڕێگەى باندەکانى سپیکردنەوەى پارە لەماوەى شەڕى داعش و دواتریش هاتونەتە ناو بازاڕى هەولێر هێشتا دیارنیە چەندیان ماوە و چەند لەوپارە لەبازاڕى هەولێردایە.

بەگوێرەى زانیارییەکان، دواى ئازادکردنى موسڵ لەداعش سەردجەم ئەو پارانەى لەو شارەبوون بە پارەى داعش هەژمارکراون بەهۆى نزیکیان لەبازاڕ هەولێر و بەهێزى پەیوەندییان لەگەڵ بازاڕى هەولێر ئەو پارەیە بەشێوەى پڕۆژەى وەبەرهێنان، یان کڕینى خاتوون هاتووتەوە ناو بازاڕى هەولێر، لەگەڵ ئەوەش بەشێکى ترى ئەو پارەیە ئێستا بەشێوەى ئاڵوگۆڕى دەستى لەبازاڕى دراو ئاڵوگۆڕ دەکات، چەندین بازرگان ئەو کارە دەکەن.

بۆیە دواى شەڕى داعش، لەناو هەولێر پاڵشتیەکى بەهێز بۆ تیرۆر هەبووە بە ئێستاشەوە ماوەوە چەندین کەس بەناوى تیرۆرەوە لەهەولێر دەگیرین، ئەو باندانەى سپیکردنەوەى پارە هاوکارییان دەکەن.

ئەمە جگە لەوەى چەندین بازرگانى گەورە لەوێنەى (ئاراس حەبیب) کە لقى سەرەکى بانکەکەى لەهەولێر بوو لەژێر لیستى سزاکانى ئەمریکادایە، بەڵام لەهەولێر ئاسانکارى بۆ کراوە.

پرسیارەکە ئەوەیە، کێ لەپشت ئەم باندە هەڵهاتوانەدایە کە کارى شۆردنەوەى پارە دەکە؟ بۆچى هەرکەس لە دەسەڵاتى یاسایى عێراقى هەڵدێت لەهەولێر خۆى دەگرێتەوە و بەئارامى کارى خۆى دەکات؟

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو