مەسرور بارزانى؛ پلانى چوارساڵى بێدەنگ و تاریکى داڕشتووە

مەسرور بارزانى؛ پلانى چوارساڵى بێدەنگ و تاریکى داڕشتووە

وڵات _ تایبەت

پێش ئەوەى مەسرور بارزانى پۆستى سەرۆکى حکومەت وەربگرێت، دوو پلانى گرتووەتەبەر (دۆسیەى پارەى لەعێراق بەنزێکى بارزانى باوکى سپارد) و لەناو خۆشدا (جگە لەوەى دەنگى ناڕەزایى ناو حیزبەکانى کپکردووە، هاوکات پەرلەمانیشى کۆتکرد)، ئەمەش بەڕاى شیکەرەوان: “ئامادەکارییە بۆ چوار ساڵى بێدەنگ و تاریک”.

مەسرور بارزانى ڕۆژى ١٢ى ئەم مانگە لەلایەن نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت ڕاسپێردرا، بڕیارە لەم هەفتەیەوە دەست بەسەردان بکات بۆ وەرگرتنى کاندیدى ئەو لایەنانەى کە بڕیارە بەشدارى لە حکومەت بکەن.

یەگوێرەى ڕێکەوتنى نێوان پارتى و لایەنەکان، پەیامى پارتى بۆ ئەو لایەنانەى بەشدارن لەحکومەت (نابێت لایەنەکان پێیەکیان لەناو حکومەت و پێیەکیان لەدەرەوە بێت واتە “ئۆپۆزسیۆن” بن) هاوکات دەبێت تاکۆتایى کابینەکە بەهەموو حاڵەکانەوە بەردەوامبن و نەکشێنەوە، لایەنەکانیش ئەمەیان قبوڵکردووە.

ئێستا پارتى زۆر جەخت لەسەر ئەم پرنسیپە دەکاتەوە بۆ کپکردنى دەنگى ناڕەزایى ناو پارتە سیاسیەکان، بۆیە بڕواى پارتى وایە هەر جوڵیەک دژى کابینەکەى مەسرور بارزانى بە هەربارێکدا بێت دژى ڕێکەوتتنامەکەیە ئەوەش بنەمایەکە “پارتى بۆ چوار ساڵى ئایندە جەختى لێدەکاتەوە”، هەروەکو ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامى سەرکردایەتى پارتى لەوەڵامى جوڵەکانى هوشیار عەبدوڵا و دوو پەرلەمنتارەکەى کورد لەبەغداد لەسەر بەدواداچونەکانى نەوت و موچە بەرامبەر حکومەتى هەرێم جەختى لێدەکاتەوە.

ئەو سەرکردەیەى پارتى داواى ڕونکردنەوە هەڵوێستى گۆڕان دەکات بەرامبەر هوشیار عەبدوڵا کە بەدواداچونى بۆ دۆسیەى نەوت و موچەى فەرمانبەرانى هەرێم کردوو، چونکە بڕواى وایە ئەگەر گۆڕان بڕیارە بەشداربێت لەحکومەت دەبێت بەڕاشکاوانە هەڵوێستى خۆیان بۆ پارتى و حکومەت و خەڵک ئاشکرا بکەن، زیاتر دەڵێت: “دوڕویى لەهیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکەن”.

ئەمە تەنها ڕووبەڕوى هوشیار عەبدوڵا نەبووەتەوە، بەڵکو پارتى پێشتر هەمان شتى ڕووبەڕ غالب محەمەد پەرلەمانتارى گۆڕان لە لیژنەى نەوت و وزەى پەرلەمانى عێراق کردووەتەوە، داواى لە گۆڕان کرد کە لێپێچینەوە لە پەرلەمنتارەکەیان بکەن کە دژى حکومەتى هەرێم مامەڵە دەکات، لەکاتێکدا ئەو پەرلەمانتارە سکاڵاى لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکردبوو بەوەى بۆچى موچەى تەواو بەفەرمانبەران نادات.

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ بزوتنەوەى گۆڕان و عومەر سەید عەلى ڕێکخەرى گشتى و خانەى ڕاپەڕاندن زۆر نیگەران لەو جوڵانەى چەند پەرلەمانتارێکیان دەیکەن، پیان وایە ئەم دەنگانە زیان بە پەیوەندییەکەیان دەگەیەنێت لەگەڵ پارتى، چونکە لەڕوانگەى گۆڕانەوە هەرکەس زیان بەو پەیوەندییە بگەیەنێت دەبێت لەسەر ڕێگاکە دروبخرێتەوە.

هەر بۆیە، سەرەتاى ئەم مانگە جڤاتى نیشتمانى، بڕیارێکى دەرکرد، بڕیارەکە بەڕوونى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هەرکەسێک دژى سیاسەتەکانى گۆڕان بوەستێتەوە سزا دەدرێت.

مەسرور بارزانى حکومەتێکى چۆنى دەوێت؟

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، لەئاستى ناوخۆى ئەنجومەنى وەزیران ستافى زۆرینەى حکومەت کە پێشتر لەئەنجومەنى وەزیران لەنزیک ئۆفیسى خۆى و تا ئاستى کەسانى خاوەن بڕیار گۆڕانکارییان بەسەر هاتووە و بەسەردا دێت، وە بڕیاریشە هەر دواى هاتنەسەرکارى کۆمەڵێک بڕیارى توند بۆ ڕێگرى لەناڕەزایەتى فەرمانبەران لەگوێرەى یاسایى (ڕێکخستنى فەرمانبەران) دەربکات.

هاوکات لەئاستى سیاسى، فوئاد حوسێنى لەڕێگەى مەسعود بارزانیەوە کردوەتە بەوەزیرى دارایى تاوەکو نێوەدگیربێت بۆ کێشەکانى هەولێر و بەغداد، ئەمە جگە لەوەى بەشیر حەدادى کرد بە سکرتێرى پەرلەمانى عێراق بۆ ڕێگریکردن و کێشە دروستکردن لەو دەنگانەى لەپەرلەمانى عێراقەوە دژى حکومەت بەرز دەبنەوە، هەروەکو ئەوەى نەیهێشت پرسى موچەى فەرمانبەران کە لەلایەن سێ پەرلەمانتارى کوردەوە بەدواداچونى بۆ کرابوو بخرێتە کارنامەوە.

هاوکات لەئاستى هەرێمیش، جگە لەوەى مونا قەهوەچى کردە سکرتێرى پەرلەمان کە نزیک لەخۆیەتى، هاوکات هێمن هەورامى تایبەت بۆ ئەوە کاندید کرد کە ببێتە جێگرى سەرۆکى پەرلەمان بۆ کۆنترۆڵکردنى هەر ناڕەزاییەک کە دژى حکومەت لەناو پەرلەمان بەرز دەبێتەوە.

ڕێیوار عەبدولڕەحیم، پەرلەمانتارى پارتى دیموکراتى کوردستان لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکردبوو، ڕێکەوتنێکى تەواو لەنێوان ئەو فراکسیۆنانەدایە بەشدارن لەحکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوەى وتووە: “هەماهەنگیمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان هەیە بۆ هەر پرسێک دێتە پێشەوە”، ئەوەش واتاى ئەوەى هیچ جوڵەیەک بەبێ ڕەزامەندى ئەوان دروست نابێت.

بۆیە ئێستا بەهەموو پێوەرەکان، کابینەى مەسرور بارزانى زۆرینەى پەرلەمانى کۆنترۆڵکردووە، ئەمەش وادەکات پەرلەمانێک بێت هاوئاوازى حکومەت بێت.
بەڵام سەربارى ئەوانە ئەوەى ئێستا مەسرور بارزانى نیگەرانکردووە ئەو دەنگە کەمانەیە کە لەدەرەوەى فراکسیۆنەکان هەن، بۆیە ئێستا هەموو هەوڵێک دەدات کە ئەو دەنگانە بەفشارى سیاسى بە ڕشوە یان فشارى جەماوەرى بێت بێدەنگیان بکات.
چونکە مەسرور بارزانى نایەوێت توشى هیچ ناڕەزایەتیەک ببێت لە بەڕێوەبردنى حکومەتى داهاتوودا.

کابینەیەکى تاریک و بێدەنگ.
بەگوێرەى ئەو پلانانەى مەسرور بارزانى گرتویەتیە بەر بەرامبەر پەرلەمان و حکومەت و پارتە سیاسیەکان، کابینەى داهاتوو کابینەیەکى کۆنترۆڵکرا و پەرلەمانێکى بێدەنگ و شەقامێکى نوستووى دەبێت، چونکە مەسرور بارزانى هەموو دەسەڵاتەکانى بەکاردەهێنێت تاوەکو ئەم دۆخە والێبکات کە خوازیاریەتى ئەو پلانانەشى لەئێستاوە دەبینرێت دۆخەکە بۆ ئەوە ئاڕاستەدەکات، هەرێمى کوردستان چوار ساڵى بێدەنگ و تاریکى هەبێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو