لە کاتێکدا بەریتانیا ئیمپراتۆرێکی بەهێز و توانا بوو ، هیندەکان گەلێکی هەژاری لاواز و داگیرکراوبوون . لەڕووی هێزی سەربازی و ئابووریەوە شایەنی بەراوردکاری نەبوون .
گەلی هیندی لاوازی داگیرکراو ، بە ڕابەرایەتی غاندی ، لەو کاتەدا بڕیاری شۆڕشیان دا . شۆڕشی بایکۆت ، شۆڕشی خۆڕزگارکردن لە ژێردەستەیی و ئازادبوون لە داگیرکاری بەریتانیەکان .
شۆڕشی بێ چەک و بێ توندوتیژی . لە کاروانی خوێ وە ، شۆڕشی خۆییان بەرپاکرد . ئینگلیزەکان لە هیندستان ئیحتکاری هەموو شتێکیان کردبوو ، لەوانە ئیحتکاری خوێش .
غاندی لە کاروانێکی ٤٠٠ کلم دا ، شاربەشار و گوند بەگوند ، بەرەو دەریا ، کاروانەکەی دەستپێکرد ، بەئامانجی گەیشتن بە خوێی کەنار دەریا کاتێک گەیشتە لای لمەسوێرەکەی کەنار دەریا، دەیان هەزار خەڵکی هیندی لە پشتەوەبوو .
مشتێ خوێی لە ئاوە وشکەوەبووەکەی لێوار دەریاکە بەرزکردەوە و گوتی : لێرەوە شۆڕشەکەمان دەستپێدەکەین، شۆڕشی بایکۆتی کاڵا و شتومەکی بەریتانی و خۆمان خۆمان دەژیەنین .
لەو مشتە خوێیەوە کاروانی ئازادی گەلانی هیندستان دەستی پێکرد . مۆدێلەکانی شۆڕش لە مێژوودا جیاوازن، شۆڕشی کەمینە بەسەر زۆرینەدا ،شۆرشی هەژاران بەسەر دەوڵەمەندەکاندا، شۆڕشی کۆیلەکان بەسەر کۆیلەدارەکاندا .
مۆدێلەکەی غاندیش شۆڕشی بەکاربەرە داگیرکراوەکان بوو، بەسەر موحتەکیرە بەریتانیەکاندا، کە شۆڕشی بایکۆت بوو ، بایکۆت چەکێکی کاریگەری بەهێزە لەدژی بەهێزێکی داگیرکار .
موسڵمانەکان لەسەرەتای بانگەوازی محەمەدیدا بەرانبەر ناموسڵمانەکان بەکاریانهێنا ، کڕین و فرۆشتن، ژن و ژنخوازیان، لەگەڵ ناموسڵمانەکاندا ڕاگرت لەبەر ئەوەی سەرەتای هەر هێرشێکی سەربازی بە لێدان لە ئابووری لایەنی بەرانبەر دەستپێدەکات، یەکەم زەربەی سەرەتای جەنگیش راگرتنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو لایەنی شەڕکەری جەنگەکانە .
کوردستان بەخواستی خۆی بێت یان بە ناچاری، کەوتۆتە ژێر هەیمەنەی ئابووری ، سیاسی ، تورکیاوە، لەلایەک بە داگیرکردنی ڕاستەوخۆ ( لەباکوور) لەلایەکی ترەوە بە داگیرکردنی ناڕاستەوخۆ ( لەباشوور) تورکیا ئیحتکاری ژیان و کەرامەت و ئازادی و بەهای ئینسان بوونی کوردی کردووە .
هەڵمەتی بایکۆت کە خۆشحاڵانە بە هەنگاوێکی جدیەوە لەناو خەڵک و کۆمەڵیک گەنجی بەمەسولیتەوە دەستی پێکردووە، ئەگەر ئۆرگانیزە بکرێت و گوڕ و تینی هەمەلایەنەی پێبدرێت، دەگات بە ئاستی شۆڕشێکی جەماوەری و نەتەوەیی باڵا .
ئەو هەڵمەتە پشتیوانی هەموومانی دەوێت، غاندی ئەگەر خەڵکی هیندی لە پشت نەبووایە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای بەریتانی نەیدەتوانی گەلی هیند بگەیەنێت بە سەربەخۆیی .
بۆ ئەوەی هەڵمەتی بایکۆت ببێت بە شۆڕش، شۆڕشی زیندووکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆیی، شۆڕشی ئازادبوونی ئینسانی کورد لە ئیحتکاری سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری، شۆرشی خۆڕێکخستنەوە و پیاداچوونەوەی کورد بە هەڵوێستە نیشتمانی و مێژوویەکانیدا، پێوستمان بە هاوکاری هەڵمەتی بایکۆت هەیە .
ئەنجامەکەشی زۆر لەوە گەورەتر چاوەڕوان دەکرێت کە تەنیا سزادانی ئابووری تورکیا، یان هەڵوێست نواندبێت وەک پشتیوانی ڕۆژئاڤا ، بەڵکە سەرەتایەکە بۆ ئازادبوون و گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی کورد .