ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامان بڕیارێكی بۆ سزادانی توركیا پەسندكرد

  • October 30, 2019
  • 301 Views
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامان بڕیارێكی بۆ سزادانی توركیا پەسندكرد

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامان بڕیارێكی بۆ سزادانی توركیا پەسندكرد، كە بەهۆی هێرشكردنەسەر رۆژئاوای كوردستان هاتوەتەئاراوە.
شەوی رابردو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەنگی بە بڕیارێك دا، كە داوا لە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دەكات سزای زیاتر بەسەر توركیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت بەرامبەر بە هێرشكردنەسەر رۆژئاوای كوردستان.
بڕیارەكەی سزادانی توركیا بە دەنگی 403 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پەسەندكرا و تەنها 16 ئەندام دژی بڕیارەكە بوون. 
بە پێی بڕیارەكە، قەدەغەكردنی فرۆشتنی هەمو جۆرە چەكێك بە توركیا و سزادانی ئەو لایەنانە دەگرێتەوە كە چەك بەو وڵاتە دەفرۆشن، هاوكات سزاكانی توركیا هەردوو وەزیری بەرگری و دارایی ئەو وڵاتە و هەروەها سەرجەم ئەو دامەزراوانەی كە مامەڵە لەگەڵ هێزە سەربازییەكانی توركیا دەكەن، دەگرێتەوە.
هەر بە گوێرەی پڕۆژەكە، سەرجەم بانكە ناوەندییە حكومییەكانی توركیا دەخرێنە لیستی رەشەوە و داواش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كراوە زانیاری تەواو بدات لەسەر داهاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و خێزانەكەی لە ئەمەریكا بەمەبەستی بلۆككردنی.
پەسندكردنی ئەو بڕیارە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاوە لەچوارچێوەی هەوڵی دیموكراتەكان و زۆرینەی كۆمارییەكانە بۆ فشارخستنەسەر توركیا بۆ كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكراتیك “هەسەدە”.
ئەوە دووەم بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكایە كە شەوی رابردوو بەرامبەر بە توركیا بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجومەنەكە تێپەڕێنرێت، بەو پێیەی ئەنجومەنەكە بەدەنگی 405 ئەندام جینۆسایدی ئەرمەنەكانی لەسەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی بەفەرمی ناساند.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو