شەوی رابردوو رێبەری رەوتی سەدر بەسەردانێكی لەناکاو لە شاری نەجەفەوە بەرەو ئێران بەڕێكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو سەردانی ئێرانی كردووەو ئەمە دەبێتە دووەم سەردانی لەم مانگەدا.
میدیاکانی عێراق و ئێران هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە. بەپێی میدیای ئێران سەید مستەفا یەعقووبی لەگەڵ بووە و بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ماهان چووەتە شاری قوم. تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستنەکردووەتەوە و دیاریش نییە هۆكاری سەردانە لەناکاوەکەی سەدر بۆ ئێران چییە.
ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان لە عێراق تادێت فراوانتر دەبێت، ئێران راستەوخۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر خەتە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی عێراق و لەچەند رۆژی رابردوو هەواڵی هاتنی قاسم سولەیمانی بۆ عێراق لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.