بەغداد.. پایتەختێك بۆ بازرگانی بەمرۆڤەكان

  • November 3, 2019
  • 430 Views
بەغداد.. پایتەختێك بۆ بازرگانی بەمرۆڤەكان

ئامادەکردنى: زانا حەمە غەریب

لەسەدەی هەشتەم بەغداد لەلایەن خەلیفە هارونی عەباسیەوە دروستكراو ئەو شارە وەك پایتەختی عەباسیەكان ناسێندرا، بووە ناوەندێكی گرنگ بۆ زانین و پێگەیاندنی زانایان و رۆشنبیران، لەساڵانی 70كانی سەدەی رابردوو وەك ناوەندێكی گەشتیاری بوو لەدوای رووخانی رژێمی سەدام بەهۆی ململانێی مەزهەبی و نەتەوەیی بەغداد فەرامۆشكراو تەنیا نازناوێك بۆی دانرا پایتەختی رۆشنبیری عەرەبی بوو بەڵام لەژێر ئەم نازناوەوە شارەكە تووشی دارمانێكی گەورە بۆتەوەو زۆر جار بەشاریمەترسییەكان دەناسرێت.

چیرۆكـە تاڵەكـان

ئەحلام ئەو كچەی لەخەونی بوون بەئەندازیارییەوە دەكەوێتە دەست باندی بازرگانی بەژنان و ئێستا وەك لەشفرۆشێك كاردەكات ئەو سەبارەت بەكارەكەی دەڵێت ” من خەڵكی كەركوكم تەمەنم 19 ساڵە خەونی ئەوەم هەبوو ببم بەئەندازیار و كۆلیژی ئەندازیاری تەواو بكەم لەقۆناغی 4ی ئامادەیی بووم باوكم منی لەخوێندن دەرهێناو پێێ‌ ووتم كەنابێـت بخوێنم و دەبێـت بچمە قۆناغی هاوسەرگیرییەوە وەبەزۆر لەپیاوێكی مارەكردم كە 31 ساڵ لەخۆم گەورەتر بوو لەبەرانبەر وەرگرتنی 10 ملیۆن دیناری عێراقی، زۆر بێزاربووم وویستم خۆم بكوژم بەڵام هاورێیەكم لەرێگەی فەیس بووكەوە پێی ووتم كەبەرەو بەغداد هەڵبێم و ئەو ئەتوانێت رێگە چارەم بۆ بدۆزێتەوەو هاوكاریم بكات دواتر پەیوەندییەكانی بۆ رێك خستم و هاتمە بەغدادو لێرە هاتمە لای پیاوێك بەناوی باوكی عیصام وەچەند رۆژێك لەماڵی ئەوان حەوامەوە، رۆژێك پیاوێك هات بۆ ماڵیان ئەبوو عیصام پێی ووتم كەلەگەڵی برۆم بۆ پاكردنەوەی ماڵەكەیان و دەبێت ئەو كارە بكەم منیش ووتم باشە دەتوانم بەم كارە بژێوی ژیانم پەیدابكەم، كاتێك گەیشتینە ماڵیان دەرگاكەی كلیلیداو بەزۆر بردمەیە ژووری نوستنەكەیان و ئیتر هەموو شتێك تەواو بوو وەزانیم كەئەبو عیصام بۆ ئەم كارە داڵدەی داوم ماوەی ساڵێك و چوار مانگە لێرەم لەگەڵ 26 كچ و ژنی تر ئەو كارە دەكەین و بەشی كەمی داهاتەكە بۆ ئێمەیەو بەشی زۆریشی بۆ باوكی عیصام” لەمیا یەكێكی ترە لەو كچانەی كەلەرێگەی تۆری كۆمەڵایەتیەوە دەكەوێتە داوی ناسینی كورێك لەبەغداد ئەو سەبارەت بەچیرۆكەكەی دەڵێت ” لەرێگەی تۆری كۆمەڵایەتی وائیلم ناسی لەماوەی 4 مانگدا زۆر لەیەك نزیك بوینەوە تەنانەت دوو جار هات بۆ بابل و یەكترمان بینی و عەشقێكی بێ‌ وێنە لەنێوانماندا بوو، لەكۆتایی قۆناغی ئامادەیی لەزانكۆی بەغداد وەرگیرام وەئەمەم زۆر پێ خۆش بوو چونكە ووتم لەخۆشەویستەكەمەوە نزیكم وەكاتێك چوومە بەغداد تەنیا دوو مانگی سەرەتای زانكۆم بەخۆشی تێپەراندو دوای ئەوە هەموو ژیانم ناخۆش بوو كاتێك وائیل لەگەڵ باندێكی لەشفرۆشی تێكەڵێ‌ كردم و تووشی ئەو كارەی كردم و ئێستاش نەئەتوانم بگەرێمەوە ناو خێزانەكەم و نەئەتوانم دەسبەرداری ئەم كارەش ببم و لەهەوڵی دۆزینەوە رێگەچارەیكدام بۆ ئەوەی لەعێراق هەڵبێم”

لەبەغداد 183 ناوەند هەن كەكاری بازرگانی بەمرۆڤیان تیادا رێكدەخرێت و بەشێك لەو شوێنانەش كافتریاكانن كەزۆر جار پەیوەندییەكان لەو رێگەیەوە رێك دەخرێن

هنا ئەدوار چالاكوان لەكۆمەڵەی هیوا لەو بارەیەوە بۆ ووتی ” بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دوایدا بەشێوەیەكی بەرفراوان لەرێگەی بەكارهێنانی تۆرە كۆمەڵایەتیەكانەوە لەلایەن بازرگانەكانی مرۆڤەوە سەدان حاڵەتی فریودانی ژنان و كچان روویانداوەو بەناوی هاوسەرگیرییەوە لەشارەكانی تری عێراقەوە هێنراونەتە بەغداو دواتر كاری بازرگانیان پێكراوەو وەك لەشفرۆشێك لەو جێگایانەی بۆ ئەو مەبەستانە بەكاردەهێنرێن، وەئەو كچانەی لەماڵەوە هەڵدێن بۆ لای ئەو كەسانەی وادەزانن هاوسەرگیرییان لەگەڵ دەكەن ئیتر ناتوانن بگەرێنەوە ناو خانەوادەكانیان لەترسی كوشتنیان و بەو هۆیەشەوە بەناچاری كاری لەشفرۆشی هەڵدەبژێرن و بەردەوامی پێدەدەن”

بەغداد ناوەندێك بـۆ بازرگـانی بەژنان

ئێستا بەغداد وەك ناوەندێكە بۆ بازرگانی بەمرۆڤ و بەتایبەتیش بازرگانی بەژنان و كچانەوەو لەساڵانی رابردووشدا هەزاران كرین و فرۆشتن بەژنانەوە كراون و لەچەند مانگی رابردووش فرۆشتنی كچێكی تەمەن 17 ساڵان بوو بەبری 7000 دۆلار لەلایەن باندێكی 4 كەسی كەدەسگیراكران، هەروەها سەدان ژنیش بوونە قوربانی كوژران لەنێو ئەو خانوانەی كاری لەشفرۆشیان تیادا دەكرێت، بەووتەی بەرێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی بەغداد عەمید محەمەد ئەلروبەیعی هەمیشە لەهەوڵدان بۆ دەسگیركردنی مافیاو بازرگانەكانی مرۆڤ و زۆر باندی گەورەیان دەسگیركردووە ئەو بۆ ژیان دەڵێت ” بەغداد لەناوەندێكی رۆشنبیری و ئاینی و كلتورییەوە خەریكە ناوبانگەكەی ناشیرین دەكرێت لەلایەن خەڵكانێكی هەلپەرست و دوژمن بەجوانیەكانی عێراق و بەغداد، وەپۆلیسی عێراقی هەتاوەك ئێستا چەندین باندی گەورەی لەو بوارەدا دەسگیركردووەو لەماوەكانی رابردووش دادگای رەسافە بریاری زیندانی بۆماوەی 15 ساڵ بەسەر باندێكدا سەپاند كەتێوەگلابوون لەبازرگانی و كاری لەشفرۆشی بەژنانەوە لەبەغداد، بەڵام دەبێت رێوشوێنی ئەمنی توندترو زیاتر بگیرێتەبەر بۆ بنبركردنی ئەو دیاردانەو بەتایبەتیش پێویستە لەسەر رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كار بۆ ووشیاركردنەوەی تاك و خێزان بكەن لەو رووەوە، چونكە تادێت دیاردەكە فراوانتر دەبێت بەتایبەت لەبەغداد”

یانەیەکى شەوانە لە بەغداد

لەما جەواد ئەندامی لیژنەی ژن و خێزان و منداڵ لەپەرلەمانی عێراقی لەبارەی زیادبوونی بازرگانی بەژنانەوە بۆ ووتی ” بەداخەوە رێژەی بازرگانی بەژنان لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردەیەكی ترسناك و رۆژانە رێژەكە لەهەڵكشاندایەو بەهەزاران ژن و كچی عێراقی بوونەتە قوربانی بازرگانەكانی مرۆڤ و پێویستە حكومەتی عێراقی كار بەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی بكات چونكە زۆربەی حاڵەتەكان لەئەنجامی هەبوونی توندوتیژی لەناو خێزانەكان روودەدەن و چەندین كچ و ژن لەو هۆكارانە لەناو خێزانەكانیانەوە هەڵاتوون و كەوتونەتە داوی باندەكانی لەشفرۆشی، هەروەها كاركردن بەیاسای بازرگانی بەمرۆڤ كەئێستا لەبەغدادو چەندین شاری تر بازرگانی گەورە بەمرۆڤ بوونیان هەیە”

بازرگانی بەمرۆڤ لەرێگەی كافتریاو یانەی شەوانەكان

كافتریاو یانەی شەوانەكان لە بەغداد بوونەتە شوێنگەی فریودانی كچان و تێكەڵكردنیان لەگەڵ باندەكانی لەشفرۆشی، فاتن حەلفی ئەندامی كۆمیسۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەعێراق لەو بارەیەوە بۆ ووتی ” بەشێكی زۆر لەیانەكانی شەوانەی بەغداد بۆ كاری لەشفرۆشی و بازرگانی بەمرۆڤ بەكاردەهێنرێن و ئەو یانانەش زۆرێك لەبەرپرسانی عێراقی هاتووچۆی دەكەن و بەتایبەت قوماری تیادا دەكەن كەئەمانەش گومانەكان چڕ تر دەكەنەوە كە بەرپرسانیش بەشێك بن لەپشتیوان و پاڵپشتیكردنی ئەو باندانە”

ئێستا بازرگانەكانی مرۆڤ رێگەی تر بەكارئەهێنن و بۆ نمونە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان و لەو رێگەیەوە پەیوەندیەكان دروست دەكەن و ژنان و كچان فریودەدەن

محەمەد شەوقی چالاكوانی مافی مرۆڤ لەبارەی هۆكاری بەكارهێنانی كافێ‌ و یانەكان بۆ بازرگانی بەمرۆڤ بۆ ژیان ووتی “بەپێی بەدواداچونەكانمان لەبەغداد 183 ناوەند هەن كەكاری بازرگانی بەمرۆڤیان تیادا رێكدەخرێت و بەشێك لەو شوێنانەش كافتریاكانن كەزۆر جار پەیوەندییەكان لەو رێگەیەوە رێك دەخرێن و لەلایەن كەسانێك كەلەو شوێنانە كاردەكەن و بەتایبەتیش ئەو ئافرەتانە بەكاردەهێنرێن بۆ ئەم كارانە كەلەكافێكان كار دەكەن و بەپێی هەندێك لەئامارەكان زیاتر لە 1000 ئافرەت بوونیان هەیە كەخەریكی كاری فریودانی كچانن و رێكیان دەخەن بۆ پەیوەندی كردن بەباندەكانی لەشفرۆشی و زۆرێك لەو شوێنانەش ئاشكران و حكومەت گوێیان پێنادات و هیچ لێپرسینەوەیەكی یاساییان لەگەڵدا ناكات”

عەلی شاكر ئەفسەر لەوەزارەتی ناوخۆ لەبارەی بەدواداچوونەكانی ئەوان بۆ ئەو شوێنانە ووتی ” لەرێگەی تیمەكانەوە بەووردی چاودێری ئەو شوێنانە دەكرێت و تائێستاش چەندین شوێن داخراون و هەموو ئەوانەی دەسگیركراون بەتۆمەتی تێوەگلان لەو دۆسیانە رووبەرووی یاسا كراونەتەوە، بەڵام ئێستا بازرگانەكانی مرۆڤ رێگەی تر بەكارئەهێنن و بۆ نمونە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان و لەو رێگەیەوە پەیوەندیەكان دروست دەكەن و ژنان و كچان فریودەدەن”

https://www.youtube.com/watch?v=G6yEkAEX3wk
یانەیەکى بەغداد

لەرێگەی یەكێك لەو تۆرانەی كەتایبەتن بەرێكخستنی پەیوەندی ژنان و كچان بەباندەكانی بازرگانی لەگەڵ یەكێك لەبازرگانەكانی دواو ئەو ووتی ” لەبەغداد مەترسی گەورە لەسەر ژیانی ئەو ژن و كچانە هەیە كەبەئارەزووی خۆیان ئەیانەوێت كاری لەشفرۆشی بكەن و تائێستاش بەسەدانیان لێ‌ كوژراوە لەلایەن گروپە چەكدارییەكان و ئێمە ئێستا بۆ سەلامەتی ژیانی ئەوان خۆشمان تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بەكاردەهێنین و لەو رێگەیەوە ئاگاداری یەكتری دەبین و كارەكان رێك دەخرێن، وەئەوەی پێی دەوترێت بازرگانی بەمرۆڤ درۆیە ئێمە كاری واناكەین چونكە ئەو ژنانەی پەیوەندی دەكەن بەئێمەوە بەرەزامەندی خۆیان ئەو كارانە دەكەن و ئێمە نامانەوێت هیچ كەسێ: فریو بدەین و تووشی كاری لەو جۆرەیان بكەین، وەهەموو ئەو باندە گەورانەی كەبوونیان هەیە بەپشتیوانی بەرپرسی گەورە لەعێراق كارەكانیان دەكەن و شوێنی گەورەو دیاریشیان هەیەو حكومەتیش زانیاری لەبارەیانەوە هەیەو ناتوانێت یان نایەوێت هیچ لێپێچینەوەیەكیان لەگەڵدا بكات و تەنیا ئەوەی دەیكات لەرانبەر ئەوانەیە كەبێ دەسەڵاتن و هیچ پەنایەكیان نیە”

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو