دوای ئەوەی بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان و ڕەخساندنی ھەلی کار و نەھێشتنی بێکاری و گەندەڵی کارگێری و داراییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا خۆپیشاندان لە ناوچە جیاوازانی عێراق دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەبوو.
دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان و ئەو بارودۆخەی ئێستا عێراقی گرتۆتەوە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروستکردووە و دیارترین بابەتیشیان پرسی بودجە و نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانە کە ۳۱-۱۲-۲۰۱۹ کۆتایدێت.
هاوکات ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندای پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتیدا لەگەڵ ئاژانسی وڵات دواین گۆڕانکاری و مەترسیەکانی بارودۆخەکە دەخاتەڕوو دەڵێت “پرسی کورد و چارەنوسی کورد پێویستە هەموان بەیەکەوە کاری بۆ بکەین بۆ ئەوەی چی شتێک پێویستە و لە بەرژەوەندی کوردە ئەنجامی بدەین”.
وڵات: دواین گۆڕانکاریەکانی ناوچە و بارودۆخی عێراق چیە؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: هەرچەندە لە ئێستادا پەیوەندی و گفتوگۆکان وەستاون بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە لە عێراقدا دەگوزەرێت و هەیە، هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی باسی بودجەی کردووە بۆیە زۆر گرنگ دوای ئەوەی کە ئەم بارودۆخە کەمێک ئارام بوویەوە گفتوگۆکان لەسەر ئەو بابەتە دەست پێدەکاتەوە.
وڵات: هیچ مەترسیەک لەسەر ڕێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێم هەیە کە لە کۆتای ئەمساڵدا کۆتای دێت؟ هیچ مەترسیەک هەیە عێراق مووچەی هەرێم نەنێرێت؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا واژوکراوە تایبەت لەسەر ناردنی بودجەی هەرێم و هاوکات ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە بێگۆمان تا ئەو کاتەی کە ڕێککەوتنەکە هەیە دەمێنێتەوە و لە ئێستادا ئەو پرسە پەیوەستە بە ماوە و کاتی یاسایی ئەو پرسە و کەی ماوەکەی تەواو بوو گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت و کە دواکاتی ئەو ڕێککەوتنەش ۳۱-۱۲ دەبێت، سەبارەت بە مەترسیەکانی پرسی بڕینی موچەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ مەترسیەکی ڕاستی نیە چونکە بابەتی موچەی هەرێمی کوردستان ئەوەی کە لە پێشوودا لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیدا واژوکراوە بووە بە دەستوور و ئەو مەترسیانەی کە باس دەکرێت گوایە مووچەی هەرێم دەبڕدرێت تەنها دەنگۆیەکە چونکە مووچەی هەرێم بووە بە دەستور.
وڵات: پێویستە نوێنەرانی کورد و بەرپرسانی هەرێم لە ئێستادا چی بکەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەدا بکەن؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: زۆر گرنگە لە ئێستادا نوێنەرانی کورد لە بەغدا بتوانن یەک دەنگ بن هەمووان بەیەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی عێراق لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستا کە هەیە کورد زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکات و چونکە بارودۆخە زۆر هەستیارە و پێویستە کورد و لایەنە کوردیەکان بە گرنگ و وریاییەوە هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگیرێت.
وڵات: هەنگاوەکانی کورد لە ناوچەکە چی دەبێت و پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە لەبەرژەوەندی کورد کۆتای بێت؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: پێویستە کورد لە ئێستا ئاگاداری ئەوە بێت بە پشتبەستن بەو باردۆخەی کە هەیە لە ناوچەکەدا سێ هەنگاوی زۆر گرنگ بنێت ئەویش ئەوەیە، یەکەم کورد لە ئاستێکی بەرزدا مامەڵە بکات و سەرجەم ئەگەر و مەترسیەکان لەبەرچاو بگرێت، دووەمیش شەڕی دەستوریە لە نێوان هەرێم و بەغداد کە ئێستا بابەتێکی گەرم هەمواری دەستورە، بابەتی سێیەمیش کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە، واتە ئیش لەسەر دەستور بکرێت، واتە زۆر گرنگە بزانن چۆن ئەو هاوکێشەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، سەبارەت بەو ئەرکانەی دەکەوێتە سەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی زۆر گرنگ و ئەساسی هەیە کە پرسی کورد و پەیوەندیەکانی نێوانیان زۆر بەرەوپێشەوە دەبات و بۆ ئەم کاتەی ئێستای بارودۆخەکە زۆر گرنگە لایەنی دبلۆماسیە کە دەکرێت بکرێت بە خاڵ و ئەساسیاتێکی گرنگ بۆ ئاڕاستەکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی کە لە بەرژەوەندی کورد و پرسی کوردا بێت لە عێراق و بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا زۆر گرنگ و ئەساسە.
وڵات: بارودۆخە لە ئێستادا گەیشتووە بە کوێ و خوێندنەوەی ئێوە چیە بۆ ئەو ئەگەرانەی هەیە بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق و پەیوەست بە کوردەکانەوە؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: پرسی کورد و چارەنوسی کورد بە تەنها لەسەر لایەن و کەسێک نیە بابەتەکە لەسەر شانی هەموو کوردەو پێویستە هەموان بەیەکەوە کاری بۆ بکەین بۆ ئەوەی چی شتێک پێویستە و لە بەرژەوەندی کوردە ئەنجامی بدەین، سەبارەت بە بارودخی ئێستای عێراق کە بەپێی نوێترین زانیاریەکان هەرچەندە خۆپیشاندانەکانی عێراق لە هەندێک شوێنی عێراق هێمن بوەتەوە بەڵام لە هەندێک ناوچە بەردەوامی هەبووە و لە ئێستادا ئەو بابەتەی زۆر گرنگی پێ دەدرێت پرسی ئەنجامدانی چاکسازیە لە عێراقدا و ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە کە ڕۆژی یەکشەممە بهێنرێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، چونکە ئەنجامدانی چاکسازی بەشێکی زۆری ئەو چاکسازیەش پەیوەستە بە داواکاری خۆپیشاندەرانەوە بۆ ئەوەی باودۆخەکە هێمن بکرێتەوە و چارەسەری سەرجەم کێشەکان بکرێت.
پرسیارە سەرەکیەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا چارەنوسی کورد بە کوێ دەگات و پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ؟ ئایا ڕێککەوتنێکی تەندروست و پەیوەندیەکی باش لە نێوان عێراق و هەرێم دروست دەبێت؟ یان ئەوەی هەرێم لەگەڵ بەغداد ڕێککەوتن ناکات و بەغداد مووچەی هەرێم دەبڕێت بەهۆی ئەو مامەڵەیەی هەرێم لە ڕێککەوتنەکەی نێوانیان کردی و هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێشوو تر و مووچەی فەرمانبەرانی دەکات بە نیو مووچە و ڕوبعە مووچە.