كنێر عەبدوڵڵا
پارتی سیاسی؛ بریتییە لەكۆمەڵێك هاووڵاتی كە باوەڕیان بە ئامانجە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە هاوبەشەكان هەیە، بەئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات و هێنانەدیی بەرنامەكەیان، واتە كۆمەڵێك هاووڵاتی پێكەوە گرێ دەدات كە هەڵگری یەك تێڕوانینی سیاسین كە بریتییە لە تێڕوانینی حزب، واتە لە بنەڕەتدا حزبی سیاسی؛ وەك نێوەندگیرییەك وایە لە نێوان گەل و سیستمی حوكمڕانیدا، بۆیە رۆڵی سەرەكی دەبێت لە دەسەڵاتدا كە گرنگترینی داڕشتنەوەی پێداویستییەكان و كێشەكانی هاووڵاتیان و خستنەڕووی پێشنیازەكانە بۆ چارەسەركردن و گەیاندنێتی بە لایەنی پسپۆڕ و پەیوەندیداری دەسەڵات؛ بەشێوەیەكی یاسایی و رێكخراو.
لەو روانگەیەشەوە بنەماكانی حزب لە دوو خاڵی سەرەكیدا خۆی دەبینێتەوە:
یەكەمیان؛ ئایدۆلۆژی: واتە بیرۆكە و بیروباوەڕی هاوبەش و ئەولەویەتێك دەبێت كە لەڕێی بەرنامەكانییەوە بگەیەنرێتە هاووڵاتیان. دووەمیان؛ رێكخستن: كە خۆی لە گشتگیریی و بەردەوامی پێداندا دەبینێتەوە لەگەڵ بوونی تۆڕێكی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نەتەوەییدا.
ئەگەر لەكوردستاندا تەنها لەڕووی ئەو پێناسەیەوە خوێندنەوەیەك بۆ واقیعی حزبی سیاسی بكرێت، ئەوا دەرەنجام هەقیقەتی زۆری لێوە بەرجەستە دەبێت كە گرنگترینیان ئەوەیە هەر پارتێكی سیاسی لەپێناو خەڵك و بۆ خەڵك دێتە ئاراوە، بۆیە تا بەڵێن و خزمەت و پڕۆژەكانی لەپێناو بەرژەوەندیی و خۆشگوزەرانیی خەڵكدا بێت، تا راستگۆیی و دادپەروەریی و شەفافیەت ببێتە بەرنامەی كاری حزب، ئەوەندە جەماوەر زیاتر لەدەوری كۆدەبێتەوە و خاوەن سەرمایەیەكی زۆری جەماوەریی دەبێت.
لەلایەكی دیكەشەوە گرنگیی ئەندام و جەماوەری حزب لەوەدایە كە لە دەوری بەرنامە و پەیڕەوێكدا كۆدەبنەوە كە لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدایە و بەشێوەیەكی رێكخراو كارو پەیوەندییەكانی رێكدەخات. لەو نێوەندانەدا، ئەوەی بەدی دەكرێت گلەیی و چاوەڕوانیی زۆربەی ئەندامانە لە حزب، بۆیە پرسیاری جدی ئەوەیە ئایا حزب كێیە و گلەیی لەكێ بكات؟
شتێكی بەدیهییە كە هەموو ئەو ئەندامانەی لە حزبدان شێوازو رێگەی جیاواز دەگرنەبەر؛ لەڕێی چالاكی و بەرنامە و بەپێی پەیڕەو كار بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و كۆمەڵ دەكەن، هەر ئەو كارە باشانەشە وا دەكات حزب لای جەماوەر خۆشەویست بێت و لە هەمان كاتدا بشبێتە جێی متمانەی زیاتری جەماوەر، بە واتایەكی دیكە هەمیشە كادرەكانن كە حزب جوان و خۆشەویست دەكەن، ئەوەش بە ئینتمابوونیان دەبێت بۆ پەیڕەوو پرۆگرامەكەی، نەك بۆ سەركردەو كوتلەیەك یان دەستەگرییەكی دیاریكراو، هەروەها بە پەروەردەكردنی كادرەكانی دەبێت بە هەڵگری بەهای ئەخلاقی و مرۆیی و بیروباوەڕی نیشتمانپەروەریی و بە كارو كردەوەی خزمەت و بەرهەمهێن دەبێت، نەك بە مشەخۆری لەسەر حزب، بە هەڵوێستی بوێرانە و راستی و كۆدەنگی دەبێت لەسەر پڕۆژە و بەرژەوەندیی گشتی؛ نەك بە ریاییكردن و ستایش و بێدەنگی بەپێی ئەو پەندەی دەڵێت «دەست بە كڵاوی خۆتەوە بگرە تا با نەیبات»، بەشێوەیەك هەر ئەو جۆرە رەفتارانەی ئەندامان و خەڵكە وا دەكات ببێتە هەڵقوڵاوی كەسانێك یان سەركردەی دیكتاتۆر و پێچەوانەكەیشی هەر راستە.
لە دۆخ و واقعی ئێستای ناو حزبدا پەیوەندیی و تێڕوانینەكانی لەنێو ئەنداماندا هەن، پۆلێنی جۆر بەجۆر بەخۆوە دەبینن لەوانە:
هەندێك كەس هەن حزبیان دەوێت بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان، واتە ئامرازێكە بۆ گەیشتنی بە دەسەڵات و پۆست و بەرزكردنەوەی ئاستی دارایی و بژێویی ژیانی كە دەرئەنجامیش بەهۆیەوە بۆشایی و مەودایەكی گەورە لەنێوان خۆی و جەماوەردا دروست دەكات كە سەرئەنجام نە بەزەنگی تەلەفۆنەكەی دەست دەكەوێت و نە لە ماڵ و نە بەمەوعیدو نە لە شوێنی كاریشیدا.
هەندێكی دیكەش پێیوایە ریایی و ستایشكردن بۆ بەرپرس و دەسەڵاتداران یان كوتلەیەكی دیاریكراو سەنگی مەحەكە بۆ گەیشتن و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی رازیكردنی تاك و لایەنەكاندا دەبێت لەپێناوی مانەوەیدا، بەبێ گوێدانە پرەنسیپە حزبییەكان.
هەندێكی دیكەش پێیان وایە بە بێدەنگبوونیان خزمەتی خۆیان و دەستەو دایەرەكەیان دەكەن، بۆیە دەبێتە هۆی چەواشەكاریی راستییەكان و شێواندنیان و هەمیشە لە هەوڵی راپۆرت و وتی وتی دەبێت لەپێناو درێژەدان بە مانەوەی.
هەندێكی دیكەش پێی وایە حزب ئامرازێكە بۆ گیرفان پڕكردن و دەوڵەمەندیی و پایەبەرزی و پۆزلێدان و جیاكاریی، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی زیادكردن و كەڵەكەبوونی موڵك و ماڵدا دەبێت.
هەندێكی تریش هەن هەمیشە هەست بە مەغدوریی و بێبەشی دەكەن و خۆیان بە قوربانی دەزانن، لەو روانگەیەی پێیانوایە دەبێت حزب هەمیشە لە پۆستێكەوە بیگویزێتەوە بۆ پۆستێكی تر، بۆیە ئەگەر دەرەنجامەكەی بەخواستی ئەو نەبێت، ئەوا لە ئەنجامدا یان یاخی دەبێت و دەتۆرێت، یان لەماڵەوە دادەنیشێت و واز دەهێنێت یاخود دەستلەكاركێشانەوەیەك دەدات بە تەنگەی حزبەكەدا، یان رقی هەڵدەستێت و دەچێتە ناو حزبێكی دیكەوە، یاخود ئەگەر هێزێكی كەمیشی هەبێت، حزبێك دروست دەكات، ئیدی سەنگەر گواستنەوە دەبێتە چەكێكی دەستی كە هەڕەشەی لە حزبەكەی پێ دەكات؛ لەپێناو وەرگرتنی باشتردا یان بە دیوێكی دیكەدا دەكەوێتە زەم و زەمكاری و قسەو باس بەسەرتاپای حزبەكە و… هتد.
لەگەڵ هەموو ئەو تێڕوانین و هەڵوێستە نەرێنیانەدا ئەوەی دەوترێت و دەگوزەرێت لەو نێوەندانەدا ئەوەیە كە زۆرێك لەوانە خۆیان بە عەیاری (24)ی حزب دەزانن و كەسانی تریش كە هەڵگری ئەو خەسڵەتانە نین بە پێچەوانەكەی دەبینن؛ ئەمە لەكاتێكدا ئەو كەمینەیەیە كە پێچەوانەی ئەوانن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەیە، لەهەر حاڵێكدا كە بكەوێتە ئەو دۆخەوە، واتە بەدەرنەچوونی لەهەر هەڵبژاردنێكدا بێت یان بە دانەنانی لەهەر پۆست و پلەیەكدا بێت، یاخود ئەگەر هەڵگری هیچ پلەو پایەیەكی حزبیش نەبێت؛ هیچ كام لەوانە نایان وەستێنێت و تووشی لادانیان ناكات، بەیەكێك لەو بارانەی پێشتر ئاماژەم پێكردن. ئەوەش لە روانگەی متمانەبوونێتی بەخود وەك تواناو باوەڕبوونێتی بە پەیڕەوو پرۆگرام و بیروباوەڕو ئایدیۆلۆژیای حزب لەپێناو گشتدا؛ بەدوور لەهەر شتێكی تر، بۆیە بە ئەركی خۆی دەزانێت شێوازی جیا بگرێتە بەر بۆ خزمەتكردنی گشت و پڕۆژەی خزمەتگوزار لە خزمەتی هەموواندا؛ لەو روانگەیەی باوەڕی وایە ئەمە رێگە راستەكەیە كە دەبێت لەلایەن كادرەكانەوە پەیڕەو بكرێت و خۆشەویستی و باوەڕی جەماوەر ببێتە ئامانج و بەو شێوەیەش زیاتر خزمەت بە حزبەكەی دەكات، ئەمە جگە لەو راستییەی دەكرێت حزب بتوانێت پۆست بۆ ژمارەیەكی دیاریكراو لە ئەندامان دیاری بكات؛ نەك بۆ گشت؛ بۆیە بوونی باوەڕبوون بە ئایدیۆلۆژیا و بەرنامە و پەیڕەوی حزبە وا دەكات باوەڕت بەوە بێت كە كەناڵی جیا بۆ خزمەتكردنی فرەبوار و فرەلایەن هەیە و پێویستی بە توانا و لێهاتوویی و كارامەیی كادرەكانێتی، واتە كادرە ئاڕاستەی حزب دەكات كە جوان و باش و خزمەتگوزار و خوازراو بێت لەئاست خەڵكدا و بێگومان پێچەوانەكیشی هەر راستە.
لەو روانگانەوە گرنگە ئەو كەسانەی خۆیان بە خاوەنی عەیارە 24-ەكان دەزانن، ئەوەش بزانن كە:
حزب لە هەر كۆمەڵگەیەكدا بێت، ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان؛ نەك خودی ئامانجەكان بێت، ئامرازەكانیش میكانیزمی جۆربەجۆری هەیە كە ئەركی ئەندامەكانێتی بیگرنەبەر لەكات و شوێنی گونجاودا، بێ لادان لە بەها و بیروباوەڕ و راستی و مەعریفە و پێوەر و ئەخلاقەكان، ئیدی لەو نێوەندەدا كارو چالاكیی و پڕۆژەكان و گەیاندنی پەیام و خزمەتەكانن كە دەبنە سەنگی مەحەكی ئەندامێتی و ئەوەشە حزبەكە باشتر و تایبەتمەندتر و خۆشەویستر دەكات و خۆی دەسەپێنێت، بۆیە لەكۆتاییدا تۆی وەك ئەندام كە ناسنامەی تازە بەحزبەكە دەبەخشێت و لە نوێكردنەوەیدا دەبیت وەك كادرو ئەوە سیستم و بەرنامەی حزبیشە كە دەبێت كادرەكانی پێ بگەیەنێت و بەپێی پێوەر و توانا و لێهاتوویی پۆلێنیان بكات بۆ شوێنی شیاو و گونجاو، ئیدی لەو نێوەندەدایە كە شتێك نامێنێتەوە بۆ گلەییكردن لە لایەن كادری راستەقینەوە، چونكە بە بڕوای من كاتێك ئەندام تەنها وێڵ بوو بە دوای پۆست و رەدووی بەرپرسان كەوت و لەخەمی بەرژەوەندییە تایبەتەكانیدا خۆی بینییەوە و بە دەمی خۆی و داوای خۆی و راكردنی خۆی و بگرە تەنازولكردنەوە داوای پۆست و پلەو پایەی كرد، ئەوە ئەوساتە وەختەیە كە شتێك نامێنێتەوە بۆ بەها مرۆییەكان و مەودایەك نامێنێتەوە بۆ پاراستنی كەرامەت و رێزو كەسایەتی، هەروەك چۆن قەوارەیەكی سیاسی و سیستماتیك بوونی نابێت بەناوی حزبی سیاسییەوە.