خۆپیشاندان لە تەحریربۆ کۆشکەکەی عبدولمەهدی .

  • November 11, 2019
  • 312 Views
خۆپیشاندان لە تەحریربۆ کۆشکەکەی عبدولمەهدی .

ماوەیەکە خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدای پایتەخت و شارەکانی تری عێراق بەڕێوەدەچێت خۆپیشاندەران داوای نەهێشتنی گەندەڵی و خزمەتگوزاری و دامەزراندن دەکەن، جیالەوەش بینای چەند پارێزگایەک و بارەگای چەند لایەنێکی سیاسیش سوتێنراون، کە ئەمەش وایکرد هێز لە دژییان بەکاربهێنرێت و خەڵک ناڕازییەو بە دوای تروسکایەکدا یان هەلێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئەو ڕقەی کە هەیەتی دەرببڕێت.

ئەگەر بە دوای هۆکارەکانەوە بگەڕێین بە ڕەنگە ئەوەندە زۆر بێت بەڵام بەڕای شارەزایان بەسوتاندن و هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی کێشەکانیان چارەسەر نابێت.

ئەگەر چی لە سەرەتادا هیچ لایەنێکی عێراقی خۆی نەکردوە بە خاوەنی خۆپیشاندانەکان، بەڵام هوتاف و دروشمەکانی خۆپیشاندەران جێگای سەرنج بوون، وەک ئەوەی بڵێی لایەنێکی دەرەکی لە زوەوە کاری بۆ ئەم ڕۆژە کردبێت و زۆرێک دەڵێن ئەمریکا ڕۆڵێکی بەرچاوی شاراوەی هەیە لەم دۆخەداو دەیەوێت تەکانێکی تر بە دۆخی سیاسی عێراق بدات جا چ بەگەڕاندنەوەی بەعسیەکان لە ژێر ناوێکی ترەوە یان کەمکردنی هەژمونی ئێران. وتاری سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی لە سعودیەو کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتوەکاندا لە ئاست چاوەڕوانی ئەمریکادا نەبوو، هەروەها ئەمریکا باش دەزانێت دوای سەرکەوتن بەسەر شەڕی تێرۆریشدا ئێستا عێراق هەم لەناوخۆ هەمیش لە دەرەوە پێگەیەکی بەهێزی هەیە.

رەنگە هێشتا زوو بێت باس لە سەرکەوتنی ئامانجی خۆپیشاندەران بکەین بەڵام ئەگەر حکومەت نەکەوێتە خۆی و دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکات و متمانەی خۆپیشاندەران بەدەست نەهێنێت ئەوا دۆخەکە لە دەست دەردەچێت و کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت. بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی عێراق تائێستا ١٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کوژراون و زیاتر لە ٤ هەزار کەسیش برینداربوونە. لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا چەند جارێک دەرفەت دراوە بە حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا بکات، بەڵام حکوومەتی عێراق ھیچ کارێکی کردەیی ئەنجام نەداوە و سەرئەنجام خۆپیشاندانی گەورەی لێکەوتووەتەوە و پێشبینی دەکەم ئەم خۆپیشاندانە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لێ بکەوێتەوە کە پێویستە کورد لەم قۆناغەدا چاودێری بارودۆخەکە بکات.

ئەگەر ئێمە سەیر بکەین داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران جگە لە باشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دابینکردنی ھەلی کار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەکارخستنی حکوومەتەکەی عەبدولمەھدییە، بە ھۆی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ کەس کوژراون و نزیکەی سێ ھەزاری دیکەش برینداربوون. خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق بریتییە لە توڕەبوونی خەڵک لە چینێکی گەندەڵ لە عێراقدا، ئەم چینە توانای ئیدارەدانی دەوڵەتی نییە، سەرەڕای ئەوەی چەندین دەرفەتیش دراوە بەو چینە گەندەڵەی عێراق بەڕێوەدەبەن بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٠دا دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان دەستیپێکرد و دەرفەتێک بە دەسەڵاتداران درا و خۆپیشاندانەکان دامرکایەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ش بە ھەمانشێوە خۆپیشاندانەکان دامرکایەوە.

ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتی عێراقییان بەدەستە ناتوانن شتێک پێشکەش بە عێراق بکەن ھیچ شتێکیان پێ نییە کە پێشکەیش بە عێراقی بکەن، بۆیە ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە خۆپیشاندەران ھیچ سەرکردەیەکیان نییە و گوێ بۆ ھیچ کەسێک راناگرن، تەنھا داواکارییەکانی خۆیان نەبێت. لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان و بەکارھێنانی توندوتیژی ئاراستەی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەرەو خواستی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رۆیشت، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە حکوومەت وەڵامی داواکاری خۆپیشاندەران ناداتەوە و دەستلەکارناکێشێتەوە بەبێ بوونی جێگرەوەیەکی روون و خێرا، لەھەمانکاتدا ئامادەیی دەستلەکارکێشانەوەی بەپەلەی راگەیاند ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر جێگرەوەیەک بگەنە رێکەوتن. دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی سفرکردنەوەی ھاوکێشەی سیاسییە لە عێراق گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر، ئەمەش پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق زۆر قوڕس دەکات و رەنگە زیاتر لە ساڵێک بخایەنێت تاوەکو پڕۆسەی سیاسیی دەستپێدەکەنەوە کە لە رێگای پڕۆسەی دیموکراسییەوە داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێت.

ماوەیەکە لەچوارچێوەی داواکاری خۆپیشاندەران، لیژنەی تایبەتی بۆ دروستکراوە و کوردیش شەش ئەندامی لە کۆی ١٨ ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوەەی دەستووری عێراق کە بە واژووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکھێندراوە، زۆرێک ھۆکاری ئەوەی کە عێراق لەو بازنە فاشیلە دەخوڵێتەوە ئەو دەستوورەیە کە ھەیەتی. لە راستیدا ئەم دەستوورە کێشەی گەورەی بۆ بونیادنانی عێراق دروستکردووە، بۆیە بەشێکی زۆری داواکارییەکان سیاسیین و لە رێگای جەماوەرییەوە دەکرێن، ئەمەش یەکێکە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران کە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت تەحقیقی بکات، بەڵام پرسیاری جیدی ئەوەیە کە ئایا توانای دەستکاریکردنی دەستوور ھەیە یان نا، من پێموایە کە ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراقی پڕۆسەیەکی قوڕسە، ئەگەر بڵێم لە نوسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق قوڕسترە، کەمتر نیە، بۆیە دەبینین گفتوگۆیەکی گەرم ھەیە کە چۆن کۆدەنگیەک لەسەر رەشنووسی دەستوور ئامادە بکرێت.

دەبێت کورد ھەڵوەستەیەکی جیددی بکات و، دەبێت کوردیش بە داواکارییەکانی خۆی لەناو ئەم پاکێجە جێبکاتەوە. بۆیە پێویستە دەستووری عێراق ھەمواربکرێتەوە بەڵام بەوپەڕی ھۆشیارییەوە، چونکە دەستکاری دەستوور ئەگەر لەسەر بنەمای پڕۆژەی ھاوبەش و چارەنووسساز نەبێت ئەوا عێراق دەباتە سەر کەناری دابەشبوون. چونکە بەکورت و پوخت و واتادار دەتوانین بڵێین داواکاری خۆپیشاندەران لە کۆی بابەتەکان بریتیە لە گۆڕینی کۆی دەسەڵاتدارانی بەڕێوەبەری سیاسی عێراقی و گۆڕینی ئەو سیستەمە سیاسیەی کە هەیە نەک جێبەجێکردنی خزمەتگوزریەکان.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو