نووسینی سەر دیوارەكان، ھەر تەنیا دیاردەی بەتاڵبوونەوەیەكی دەروونی تەمەنێكی دیاریكراو نین. بەڵكو لەڕووی كۆمەڵناسییەوە ھەڵگری دەیان ڕەھەندی كلتوری و دەرخستنی كێشەی كۆمەڵایەتیشن. لە شەست و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا دیوار وەكو كەناڵێكی ڕاگەیاندنی سیاسی جێی درووشمە گەورەكانی كوردایەتی و دۆزێكی بەرەنگاری بوون، كە لە ھەمان كاتدا ھەڵگری مەترسیی گەورەش بوو بۆ سەر نووسەرەكانیان.
بەڵام نووسینی سەر دیواری ئەمڕۆمان، ھەڵگری كێشە كۆمەڵایەتی و كلتورییەكانن، كە زۆر جار ڕەشبینی و شكست و چینایەتی كۆمەڵایەتی پیشاندەدەن، بۆ نمونە فرۆشتنی گورچیلە وەك ڕەمزی نەداری، گەر تەنیا بۆ سیمبولیزەكردنی عەشقیش بێت، ھەر دەرخەری چەندین كێشەی دیكەی چینایەتی و كۆمەڵایەتییە… لەسەر ئەم دیوارە، مامەڵەی كڕین و فرۆشتن وەكو نەخۆشییەكی سەردەمییانەی نێو پەیوەندییە سۆزدارییەكانی ئێمە دەردەكەوێت.
نوسینی: هێما نیازی