وڵات – تایبەت
هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی لە خۆپیشاندان چەندین بەرتیلیداوە ئەگەرچی بەرتیلەكان راستەوخۆ نەبوون، بەڵام مەترسی زۆری هەبووە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان دروست نەبێت.
هەرچەندە ماوەی زیاتر لە مانگێكە لە لوبنان و ماڵی سێهەمینی شیعەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆپیشاندانە و لە عێراقیش وەك ماڵی دووەمی شیعەكانی دونیا نزیك دەبیتەوە لە مانگێك، ئەوا ئێرانیش ماوەی چەند رۆژێكە خۆپیشاندان دەستی پێكردووە بەڵام لەو نێوەندەدا هەرێمی كوردستان وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچووە، هۆیەكانی دەربازبونی هەرێم لە خۆپیشاندانەكان چین؟ ئایا هەرێم لانەیەكی ئارامە بۆ خەڵكی؟ ئایا هەرێم كێشەیە ئابوری و سیاسی و و كۆمەڵایەتی و یاسایی و دینی و … هتدی نیە؟ ئایا هەرێم ئامادە نیە بۆ ئەوەی دەستوەردانی تیادا بكرێت؟ ئایا هەرێم هەڕەشەی دەرەكی لەسەر نیە؟ ئایا رێكخستنی نەیاری نیە؟ زۆر پرسیاری تر.
هەرێمی كوردستان لەناوچەكەدا لە رووی جوگرافیەوە لەبارە بۆ ئەوەی بە ئاسانی رووبەڕوی هەر كێشەیەك ببێتەوە كە وڵاتانی ناوچەكە بیانەوێت بۆی دروست بكەن، بەڵام لە ئێستادا هەرێم وەك ناوەندێكی دوور لە خۆپیشاندان ماوەتەوە و ئەمەش بووەتە شوێن پرسیاری چاودێران و بەشێكیش لە هاوڵاتیانی خودی هەرێمەكە.
هەرێمی كوردستان كێشەی نیە؟
هەرێمی كوردستان لە هەموو رویەكەوە خاوەنی كێشەی خۆیەتی لە پێشەنگی كێشەكانیدا ئەو هەرێمە قەیرانێكی فراوانی گەندەڵی هەیە، ئەوە جگە لەوەی قەیرانی سیاسی هەیە و بەشێك لە خاكەكەی لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە دەستی بەسەرداگیراوە و بەردەوامیش لە ژێر هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێدایە.
هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵی 2019دا تا ئێستا كە مانگی 11یە تەنها 8 موچەی فەرمانبەرانی دابەش كردووە، زۆرینەی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكیدا لەكاتی دروستكردنی كابینەی نۆیەمی حكومەت زۆرینەیانی جێبەجێ نەكردووە، ئەمەش ئەو متمانەیەی خەڵكی بە گۆڕانكاری لە سەرۆكی حكومەتەكەیدا هەیبوو نەیانما و لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 120 رۆژ بەسەر دروستكردنی كابینەكەدا.
لە هەرێم بەرتیل بە خۆپیشاندەران دەدرێت
ماوەی نزیكەی مانگێكە گەنجانی عێراق خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن قوربانیەكی زۆریانداوە لە دژی هێزە ئەمنیەكان، بەڵام تا ئێٍستا خۆپیشاندەران ئەو ئامانجانەی بۆی چونە سەر شەقام تەنها نیوەیان بەدەست هێناوە، بەڵام سورن لەسەر ئەوەی هەموو داخوازیەكانیان بەدی بێت، عێراق هەرسێ دەسەڵاتەكە بەدەم داخوازی خۆپیشاندەرانەوە چوون و ئامادەییان دەربڕی بۆ چارەسەری داخوازیەكانی خۆپیشاندەران، بەڵام هێزە سیاسیەكانیش دەیانەوێت خۆپیشاندەران بكەنە كارتی مامەڵە و گفتوگۆ لەگەڵ یەكتری.
هەرێمی كوردستان لە ترسی خۆپیشاندان چەند بڕیارێكی دەركرد، ئەوەش تەنها هۆكار نەبووە بۆ ئەنجام نەدانی خۆپیشاندان لەبەر ئەوەی هەموو ئەو كێشانەی لە بەغداد هەیە لە هەرێمی كوردستانیش هەیە، بەڵام هەرێم بەرژەوەندیە نێو دەوڵەتیەكان و لاوازی هێزە نەیارەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەشێكی فراوانن بۆ ئەوەی كە خۆپیشاندان ئەنجام نەدرێت.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (وڵات) لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی عێراق مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی رێكخست و هۆشداریداوەتە سەرجەم وەزیرەكان لە ئەگەری دروست بونی خۆپیشاندان، لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی وتویەتی: من نامەوێت هەڵەكانی كابینەكانی پێش خۆم دووبارە بكەمەوە هەر ئەمرۆش چەند بڕیارێك دەردەكەین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان كاریگەری خۆپیشاندانەكانی عێراقیان لەسەر كەم بێتەوە.
سەرچاوەكەی (وڵات) ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بڕیاری دابەشكردنی نەوتی سپی و دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست و نوێكردنەوە و پەلە كردن لە پڕۆژەی چاكسازی و خستنەوە بەرباسی ئەو پڕۆژەیە لە بڕیارەكانی ئەو كۆبونەوەیە بوون كە لەپێناوی دەست پێنەكردنەوەی خۆپیشاندان دەری كردوون.
هۆكارە نێودەوڵەتیەكان بۆ عێراق و ئێران و هەرێم
لە ماوەی رابردوو ئێران هەژمونی خۆی بەسەر حكومەتەكانی لوبنان و عێراق و بە تەواوی دەركەوتبوو بە شێوەیەك ببوونە فریاد ڕەسی حكومەتەكەی تاران و لە سەرجەم ڕووە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەكانەوە، ئەمریكا ئەم هاوكێشەیەی تێكدا بەوەی ناڕەزایەتیەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتانەی لەدژی حكومەتە گوێڕایەڵەكانی ئێران بەكار هێنایەوە و روبەڕوی خۆپیشاندانی گەورەی كردنەوە، بەشێوەیەك قاسم سولەیمانی بۆ سەركەوتی خۆپیشاندانەكان رووی لە عێراق كرد، بەڵام هەرزوو بەرپرسانی ئەمریكی وتیان شوێنى ئەو ئەفسەرە ئێرانیە تارانە نەك بەغداد ئەمەش پەیامێكی نهێنی بوو بۆ دروست بونی ناڕەزاى وسەرهەڵدانی بێزارى خەڵكی ئێران كە دروست دوای نزیكەی 25 رۆژ لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی عێراق سەرجەم شارەكانی ئێراینشی گرتەوە.
ئاژانسی (وڵات) ئەوەی زانیوە كە لەگەڵ دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی عێراق ئێرانیەكان و قاسم سلێمانی بەهۆی هەوڵێك بۆ فراوانكردنی خۆپیشاندانەكان لە شاری هەولێر هەڕەشەیان لە بەرپرسانی پارتی لە حكومەت كردووە كە بە ئاسانی دەتوانین خۆپیشاندانەكانی بەغداد بگوازینەوە هەولێر، بۆیە خۆتان لە هەر هەولێكی ئەمریكی بپارێزن بۆ تێكدانی رەوشی عێراق و ئێران.
لاوازی ئۆپۆزسیۆن و هەوڵدان بۆ شەكلەمەی دەسەڵات
ئەگەرچی هۆكاری ناوخۆیی و هەرێمی زۆرن بۆ ئەوەی رەوشی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئێران و لوبنان و عێراقی لێبێت بەڵام ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا، لە ئاستێكی لاوازدایە و نەیتوانیوە هیچ رێكخستنێك بكات بۆ ئەوەی دەنگە ناڕازیەكان بەكار بهێنێتەوە لە دژی ئەو حكومەتە، لەگەڵ دەستپێكی خۆپیشاندانەكان جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە رێگایی میدیاكانیانەوە چەندین لێدوانی ئاگرین و هەوڵی خۆپیشاندانیاندا، بەڵام ئەنجامی نەبوو هیچ كاردانەوەیەكی لەلایەن جەماوەرەوە لێنەكەوتەوە.
لە رابردوودا هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانی نێوان كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك دروست بوو بوو، بەڵام بە دوور كەوتنەوەی گۆڕان لە بەرەی نارازیەكانەوە بەرەو باوەشی دەسەڵات لە ژێر ناوی چاكسازی كە تا ئێٍستا هیچی دیار نیە ئەو بەرەیە پاشەكشەی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لە شوێنی ئەوان گروپی نەوەی نوێ دروست بوون كە ئەوانیش هەر زوو لە رووی جەماوەریەوە پاشەكشەیان كرد بە تایبەت دوای كێشە ناوخۆییەكانی ئەو جوڵانەوە پۆپۆلیستە.