بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ڕادیۆی دەنگ، ئەمڕۆ دادگای كەتنی كەلار بڕیاریدا بە سزادانی بەڕێوەبەری ڕادیۆكە بە سێ مانگ بەند كردن و پێبژاردنی دوسەد و بیست وپێنج هەزار دینار.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی رادیۆی دەنگ لە كەلار: دادگای كەتنی كەلار لە دۆسیەی سكاڵایەك دژ بە (ڕادیۆی دەنگ ) پەنای بردۆتە بەر یاسای سزادانی عێراقی لەبری یاسای ڕۆژنامەگەری و بەوهۆیەوە بە ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی ئازاد عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕادیۆكەی بە سێ مانگ بەندكردن لەگەڵ ڕاگرتن و پێبژاردنی دووسەدو بیست وپێنج هەزار دینار حكومدا.
رادیۆكە لە راگەیەندراوەكەیدا باسی ئەوشەی كردووە، پەنابردنی دادگای كەتن بۆ ئەم یاسایە، لە كاتێكدا كە دۆسیەیەكی تەواو ڕۆژنامەوانییە و لەسەر هەواڵێكی ڕۆژنامەوانی لەسەر ڕادیۆی دەنگ تۆماركراوە, ئیتر پەنابردنی یاسا و دادگا و دادوەر بۆ یاسای سزادان لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئەم كەیسە پاساوی هەرچییەك بێت لەوە كەمناكاتەوە كە نادادیی و ڕێزنەگرتنی یاسای ڕۆژنامەگەریی و پیشەیی ڕۆژنامەوانیە.
ئەو هەواڵەی سكاڵاكەی لەسەر تۆمار كراوە لەسەر هەواڵێك بووە لەبارەی شوێنێكی زیادەڕۆ لە شاری كەلار لە ساڵی ٢٠١٥دا كە رایدۆكە بڵاوی كردووەتەوە.











