نە دەیدەم‌و نە نایدەم: موچە بەتامی چەرەزات

  • November 21, 2019
  • 297 Views
نە دەیدەم‌و نە نایدەم: موچە بەتامی چەرەزات

سیامند خلیل


نزیكەی یەك مانگی تر ساڵێكی نوێ دەستپێدەكات، ئەگەر هەموو (30) رۆژ جارێك موچە بدرێت ئەوا رەنگە تاسەری ساڵ یەك جاری تر موچە دابەش بكرێتەوە، بەمەش موچەی دابەشكراو لەساڵی (2019) دەبێتە (9) موچە لە كۆی (12) مانگ.


گریمان وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك خۆی دەڵێت موچەی ئەو (3) مانگەی كە ماوە پاشەكەوت ناكات كەواتە دەبێت تا سەری ساڵ چوار موچە دابەش بكات واتە ئەگەر هەر (10) رۆژ جارێك موچە بۆ فەرمانبەران خەرج بكات، ئەوكات دەتوانێت بڵێت موچەی پاشەكەوت نەكراوە، ئەمەش سیناریۆیەكی لاواز‌و بگرە خەونیشە كەواتە بۆچی حكومەت دەڵێت موچە پاشەكەوت ناكرێ؟ بێگومان یەك ئەگەری تر هەیە ئەویش تێكەڵكردنەوەی موچەی (2019) یە لەگەل (2020) واتە ساڵی داهاتووش حكومەت لە دابەشكردنی موچەدا چەند مانگێك لەدواوە دەبێت بەم شێوەیە شیردا بۆ داپیردا (نە دەیدەم‌و نە نایدەم) بەردەوام دەبێت.


بێتوانایی حكومەت لە رونكردنەوەی ئەم راستیە بۆ هاوڵاتیان پێناچێت تەنها لە شەرمەوە سەرچاوەی گرتبێ، بەڵكو بەرهەمی حكومەتێكە كە متمانەی بەخۆی نەبێت، جا ئەگەریش حكومەت خۆی متمانەی بەخۆی نەبێت ئەدی چۆن داوا دەكات هاوڵاتیان متمانەی پێبكەن؟


لەڕاستیدا زۆر ناخۆشە ئێمەی هاوڵاتی درك بەوە بكەین كە حكومەتەكەمان هەر خودی خۆی متمانەی بەخۆی نیە، دەی كەوایە ئەم هەموو دەوام رێكخستنەوەیە بۆچیە؟ مەگەر تەنها بۆ چالاككردنەوەی دەزگا چاودێریەكان بێت. ئەو دەزگایانەی كە چەند مانگە بەچڕوپڕی كاردەكەن‌و جگە لە ساردكردنەوەی كارمەندانی دڵسۆز‌و ماندوو نەیانتوانیوە بە ئاشكرا دوو فلس بۆ بودجەی گشتی بگەڕێننەوە.


دۆستێكی ئابوریناسم هەمیشە باسی (بێكاری دەمامكدار) دەكات، هەمیشە دەڵێت فەرمانبەرانێك كە شوێن دەستیان لە كارەكانیاندا دیارنیە ئەوانە بێ كاری رازیكراون، بارن بەسەر بودجەی گشتی حكومەت‌و كۆمەڵگەوە، ئەو دەمێكە وادەڵێت بەڵام من تازە بۆمدەركەوتووە هەر كەس دەوام بكات‌و كار نەكات ئەوا كێشەی لەگەڵ چاودێریەكانی حكومەت نابێت، بەمەش دەوترێت سیاسەتی بچوككردنەوە بۆ نموونە بەڕێوبەرێك هەرچەند خزمەتگوزاریەكانی فەرمانگەكەی كەم دەكاتەوە هێندە بێ سەرئێشە‌و شیرینتر دەبێت، هەر ئەمەشە موچەی كردووە بە تامی چەرەزات، نە هاوڵاتی پێ تێردەبێت‌و نە گیرفانی حكومەتیش گەرم دەكاتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو