مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی و نێچیرڤان بارزانی باسی له ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له عیراق كردووه، نیگه‌رانیی ئه‌مریكای له‌وباره‌یه‌وه دوپاتكردۆته‌وه و داوای جێبه‌جێكردنی داواكاریی خۆپیشانده‌رانیشی كردووه.
مایك پێنس له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، هاتۆته ئێره بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایی بدات له‌وه‌ی پێیان بڵێت خه‌ڵكی ئه‌مریكا چه‌نده سوپاسگوزاری خزمه‌ته‌كانی ئه‌وانن، به‌تایبه‌ت له شه‌ڕی دژی داعش.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ستایشی هاماهه‌نگیی نێوان كورد و ئه‌مریكای كرد و وتی “به‌هۆی ئه‌و هه‌وڵانه جیهان و ئه‌مریكا و ناوچه‌كه سه‌قامگیرتره”.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه تهلهفۆنییهكهشی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، پێنس وتی، قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و ئاڵۆزییانه كرد، كه له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا له عیراق سه‌ریانهه‌ڵداوه، عه‌بدولمه‌هدی دڵنیایی داوه كه كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له به‌كارهێنانی توندوتیژی به‌دووربگرن و له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌عیراق پارێزگاری له‌و خۆپیشانده‌رانه ده‌كه‌ن و رێزیان لێ ده‌گرن، كه به ئاشتیانه خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ن”.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا جەختى لەوەشکردۆتەوە و، هانی عه‌بدولمه‌هدی داوه گوێ له خۆپیشانده‌ران و داواكارییان بۆ چاكسازی بگرێت.
پێنس نیگهرانیەکانى ئه‌مریكاشى نەشاردۆتەوە له ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له سه‌رتاسه‌ری عیراق ، وتی “پابه‌ندبوونی ئه‌مریكا و سه‌رۆك تره‌مپ-م به سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی عیراق دووپاتكرده‌وه، له‌گه‌ڵ عه‌بدولمه‌هدی و له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌وه قسه‌م كردووه، كه ده‌مانه‌وێت دڵنیابین كه خه‌ڵكی عیراق دوورن له ده‌ستوه‌ردانی ئێران”.