لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا لیژنەکەیان بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە لە پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەماندا، تەنها هەڵگرانی رەگەزنامەی عێراق مافی کاندیدبونیان بۆ ئەندامییەتی پەرلەمان هەیە.

پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدائاماژەى بەوەکردوە، کۆبونەوەکە بە سەرپەرشتی حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوە، ئەندامانی لیژنەی یاسای بەکۆی دەنگ بڕیاریانداوە تەنها هەڵگرانی رەگەزنامەی عێراق مافی خۆکاندید کردنیان بۆ ئەندامییەتی پەرلەمان هەیە.
ئەوەش لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەردو پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردوە و رەوانەی لیژنەی یاسایی کردون.
بە گوێرەی پڕۆژەیاساکە، تەمەنی خۆکاندیدکردن بۆ ئەندامی پەرلەمان بۆ 25 ساڵ کەمکراوتەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 329 کورسیەوە بۆ خوار 250 کورسی کەدەکرێتەوە.
خۆپیشاندانەکانی عێراق لە 25ی مانگی رابردوەوە بەردەوامە، یەکێک لە داواکارییەکانیان بڕینی موچەی پلەباڵاکانە کە دەرماڵەکانیان لەسەدا 70ی موچە پێکدەهێنێت، داواش دەکەن خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە زیاتر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارن دەستەی دەستپاكی لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات.

تائێستا هەنگاوەکانی حکومەت خۆپیشاندەرانی رازینەکردوە و گۆڕەپانەکان تائێستاش خەڵکی ناڕازی تێیدا ماونەتەوە، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانیش بە گوێرەی ئامارەکانی دەسەتی مافی مرۆڤی عێراق زیاتر لە 330 کەس کوژراون و 15 هەزار کەسیش برینداربون.