مژدە مەحمود
توندوتیژی دژ بە ژن، لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکیتر جیاوازە، هەربۆیە، چارەسەرو ڕووبەڕووبونەوەکەشی هەر جیاوازە. بەگشتی ئەوەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێکخراوەکانی ژنان لە چارەسەرکردنی قەزیەی ژن، ئەنجامێکی وەهایان نەبووە..
بەبۆچوونی من، ژنی کوردی باشور بۆئەوەی ئازاد بێ، بە شیعار ئازاد ناکرێ، دوو هەزار شیعار بەقەد کارگەیەک کە ژن لەڕێگایەوە بێتە دەرەوە لە ماڵ و ئابوری سەربەخۆی خۆی هەبێ سودی نیە، بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر نەکرێ ئەبێ خۆی لەسەرپێی خۆی بوەستێ.

بۆیە دیسان ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ کێشە بنەڕەتیەکە کە کێشەی سیستەمی سیاسی باشوری کوردستانە. ئەم سیستەمە سیاسیە هیچ سێکتەرێک، هیچ کەرتێك، هیچ توێژێک، نیە کێشەی بۆ دروست نەکردبێ، بۆیە قەزیەی ژنیش بەدەر نیە، لە کێشەکانی تر.. چونکە دروستکەرانی ئەم سیستەمە، ژنکوژەکان دەستگیر ناکەن، ئازادیشیان دەکەن، بەسوک لەژن دەروانن، ئیستغلالی ئەکەن، هەلی کاری بۆ ناڕەخسێنن، بۆ مکیاژی خۆیان بەکاری دینن، هتد..
ئێمەی ژن نابێ بەچاوی ڕق و دوژمنەوە سەیری پیاو بکەین و کێشەکان بەوانەوە هەڵبواسین، چونکە گەر ڕاستیتان دەوێ، ئەوەندەی ژنی باشور توندوتیژە لەگەڵ یەک و پاشقول لەیەک ئەگرن و پشتی یەک ئەشکێنن، نیو ئەوەندە پیاو توندوتیژ نیە بەرامبەری، بۆیە با ئێمە دیدێکی مرۆڤانەمان هەبێ بۆ توندوتیژی دژی هەر توندوتیژیەک بین، چی بۆ پیاو چی بۆ ژن، بەڵام با دژی ئەو سیستەمە سیاسیە بین کە هەموومانی کردۆتە قوربانی.