وڵات
هیومان رایتس وۆچ، لەسەر ئەو گەمارۆیەی هێزەکانی پارتیی خستویەتییە سەر کامپی مەخمور رەخنەی توند دەگرێت کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی منداڵانی کەمپەکە، جەختدەکاتەوە، جێی سەرسوڕمانە بەرپرسانی هەرێم کۆتاییان بەو گەمارۆیە نەهێناوە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی هیومان رایتس وۆچ تایبەت بە چاودێریی کردنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١١/٢٧، راپۆرتێکی دەربارەی ئەو گەمارۆیەی کە خراوەتەسەر کەمپەکە بڵاو کردوەوە، کە پتر لە چوار مانگە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور).

سارا لی وویستن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوڕاست لە و رێکخراوە، رایدەگەیەنێت کە “بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ناتوانن سزای هەموو دانیشتوانی ناو کامپەکە بدەن، تەنها لەبەرئەوەی لهوانهیه كه هەندێکیان لایەنگیری پەکەکە بكهن لەکاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدانییە کە ئەم کەسانە تاوانێکیان ئەنجامدابێت، ئەم گەمارۆ هەڕەمەکییەی سەر دانیشتوانی ناو کامپەکە وایکردووە کە دەستیان بە کارەکانیان و نەخۆشخانەو چارەسەری تەندروستیی نەگات”.
سارا، بە توندیی رەخنە لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گرتووە جەختدەکاتەوە: “نابێت دایکان کۆرپەکانیان لە دەست بدەن! دەبێت حکومەتی هەرێم لەوە تێبگات کە ئەو گەمارۆیەی سەپاندویەتی بە سەر کامپەکەدا زیاد لەحەدە، جێی شۆک و سەرسوڕمانە تا ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییان نەهێناوە بە سنوردارکردنی مافی هاتووچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخموور”.
ئاماژە بە ڕێگریی و ئاستەنگانە دەکات کە بەرپرسانی هەرێم لەدژی دانیشتوانی کامپەکە گرتوویانەتە بەر و ڕایگەیاندووە، “هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی ٢٠١٩وە، بەشێوەیەکی هەڕەمەکیانە گەمارۆیان خستۆتە سەر جموجوڵ و هاتووچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخموور کە کوردانی تورکیای تێدایە”.
كەمپی مەخمور ژمارەیان نزیكەی ٢١هەزار كەس دەبێت، ماوەی چوار مانگە لەلایەن هێزەکانی پارتییەوە لە سنوری هەولێر گەمارۆ کراوەتە سەر ئەو کەمەپە.

دەربڕینى ناڕەزاى دانیشتوانى کەمپى مەخموردژى گەمارۆدانى کەمپەکەیان لەلایەن هێزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان