مەسرور بارزانى: دژى پەکەکەین لە شنگال و هەر ناوچەیەکى دیکە بێت

  • November 28, 2019
  • 391 Views
مەسرور بارزانى: دژى پەکەکەین لە شنگال و هەر ناوچەیەکى دیکە بێت

وڵات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، بە یاوەری شاندێک و بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتنە ئەنقەرە و لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوویەوە، بریارە کاتژمێر 5 لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیادا کۆببێتەوە.

لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەسرور بارزانی رایگەیاند: “پەیوەندییەکانی ئێمە و تورکیا گرنگ و مێژوویی و ستراتیژین، لە ماوەی کۆبوونەوەکەماندا قسەمان لەسەر نیگەرانییە هاوبەشەکانمان کرد و باسی پەرەسەندنی ناوچەکەمان کرد وهاوڕابووین لەسەر ئاشتی و سەقامگیری. پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان پێویستە بەرەو پیشەوەی ببەین و پەرە بە ئاستی بازرگانیش بدەین”.

مەسرور بارزانی دەربارەی گفتوگۆکانیشی لەگەڵ چاوشئۆغڵۆ وتی: “باسی ئەوەم کرد کە گفتوگۆی جدیمان لەگەڵ بەغدا هەبووە بۆ ئەوەی بگەین بە رێکەوتنێک کە لەکۆتاییدا دەبێتە بەرژەوەندی بۆ ناوچەکە و تەواوی عێراق، ئێمە تێدەگەین کە ئاسایش نیگەرانی هەموولایەنە و بەردەوام دەبین دژی تیرۆریستان و بەداخەوە ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە ناوچەکە دەبێت هەماهەنگی بکەین و چارەسەرێک بدۆزینەوە، سەبارەت بە سووریا قسەمان لەسەر نیگەرانییە هاوبەشەکانمان کرد، لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەرەکانیش کە دەبێت لەسەر بنچینەی خۆبەخشی بگەڕێنەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک بە زۆر بگەڕێنەوە بۆ هیچ ناوچەیەک”.

لەبارەی پرسیارێکی رۆژنامەوانان لەسەر بارودۆخی شنگال و هەبوونی پەکەکە لە ناوچەکە،مەسرور بارزانیوتی: “بەداخەوە کۆنتڕۆڵی شنگال لەژێر دەستی ئێمەدا نیە و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدایە و ئێمە گوتوومانە لەگەڵ هەبوونی پەکەکە نین لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش”.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنس بۆ هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: “سەردانەکە بۆ جەختکردنەوە بوو لەسەر پابەندی ئەمریکا بۆ هەرێم و عێراق و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کە ئێمە ئەو پەیوەندیانەمان هەیە، هاوکات رۆژی سوپاسگوزاری بوو کە سەردانی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق کرد”.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو