شیرین دە مەچۆ

شیرین دە مەچۆ

د.شێرکۆ عبداللە

شیرین دە مەچۆ
شیرین گیان مەچۆ،ھەورامان مەچۆ
ھەموو سەر فەرعێک کردیان بە زانکۆ
تاکەی چون مەجنون ھەردان بکەم تەی؟
ئێستا کوردستان پڕییە لە عودەی
بۆی گوڵ بۆی مێخەک، بۆی لووتەوانە
شەیتان لە چاوتا زۆر بەستەزمانە
تاکەی دانیشم مەلول و غەمبار
خۆشە کۆنگرە باسی کەی جار جار
شیرین گیان مەچۆ،ھەورامان مەچۆ
بڵێی لە کوێت بوو؟ پێت ئەڵێ گوو بخۆ
بە فیدای ماڵەکەی ڕوو لە تەمت بم
نەوت و سەرانە و سوو و سەلەمت بم
باڵا بە بەرزی قەد بە باریکی
ئەشھەدوو بیللا وەستای تەکتیکی
باڵات بە وێنەی نەیجەی شەمێران
بۆ خۆت قەپاتی ،شەعبیش ماڵ وێران
سێ جار بەو مانگەی خەرمانەی داوە
کە چوویت بۆ ئاودەست ڕێک وەختی ڕاوە
شیرین دە مەچۆ،ھەورامان مەچۆ
حیزب کردوونی بە حەمە قەدۆ
لارە و قەتارەی پشێنی شلت
سەرت بۆیاخ و قاش قاش پژملت
بەو عەشقە جوانە ھەردووکمان مەستین
کوردایەتیشت لەبەر چاو خستین
خونچە و خەرامان،حەلاو و حەبێ
کۆمپانیا نی یە سەھمت تیا نەبێ
شیرین گیان مەچۆ ،ھەورامان مەچۆ
کارڵ مارکسی یان میشیل فۆکۆ؟؟

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو