چین گەورەترین تەلەسکۆپی ڕادیۆیی بەگەڕخست..!

  • December 8, 2019
  • 330 Views
چین گەورەترین تەلەسکۆپی ڕادیۆیی بەگەڕخست..!


لوقمان حەوێز/ تێکساس

تیرەی تەلەسکۆپە ڕادیۆییەکە 500 مەترە..! ئامانجی سەرەکی دۆزینەوەی نیشانە ڕادیۆییەکانی نێو قوڵایی گەردوون و گەلەئەستێرەکەمانە کە لەوانەیە لە بونەوەر و شارستانیەتی ترەوە بنێردرێن یاخود پێشتر نێردرابن و ئێستا بگەن بە گۆی زەوی…

لەوانەیە زۆربەتان نەزانن بەڵام پتر لە 90% ی ئەو زانیاریانەی هەمانە لەسەر گەردوون لەلایەن تەلەسکۆپە ڕادیۆییەکان کۆدەکرێنەوە نەوەک تەلەسکۆپە هاوێنەییەکان، تەنیا بڕێکی زۆر کەم لەو تیشکانەی لە تەنەکانی گەردوون دەردەچن بەشێوەی تیشکی بینراو دەگەن بە ئێمە کە چاوی ئێمە دەتوانێت بیانبینێت، تیشکەکانی تر هەمووی بەشێوی تیشکی خوار سور و سەرو وەنەوشەیی بڵاو دەبنەوە بەنێو گەردووندا…

ئەم تەلەسکۆپەی چین نزیکەی 180 ملیۆن دۆلاری تێچووە، ئەی چی دەڵێن بە تەلەسکۆپی جێمس وێب کە لە ساڵی 2021 ئاژانسی ناسا بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵی دەدات و تێچووی دروستکردن و هەڵدان و کارپێکردنی بۆ ماوەی 10 ساڵ پتر لە 10 ملیار دۆلارە، واتە ساڵی یەک ملیار دۆلار..!

تەلەسکۆپی (جێمس وێب)یش کە تەلەسکۆپێکی تیشکی خوار سورە جگە لە پشکنینی قوڵایی گەردوون یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی تری بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی ئەو هەسارانەی کە دەشێت ژیان هەبێت تیایاندا…

لە ئێستادا چین دەیەوێت ببێتە یاریکەرێکی نوێ و سەرەکی لەبواری پشکنینەکانی بۆشایی ئاسمان و لەبەرنامەی ئەواندایە کە مرۆڤ بنیشێننەوە لەسەر ڕووی مانگ لەسەرەتای سییەکانی ئەم سەدەیە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو