وڵات – سۆشیاڵ میدیا
لەئەکاونتى تایبەتی عەزیز ڕەئووف وەرگیراوە
تەکسی مڵکی تەنها شۆفێر نیە بەڵکو بەشێکی نەفەریشی تێدایە. ئەو چرکەساتەی کە نەفەر سەردەکەوێ ئیدی ئۆتۆمبیل تەنها هی شۆفێر نیە و یەکسەر بەشێکی بەر نەفەر دەکەوێ.
پارچە تەنەکەیەکی جوڵاو، تەنەکەیەک کە درزێک دەخاتە نێو کۆڵانەکانەوە، وەک شوتی شارەکان قاژ دەکا و بۆ کۆمەڵگەی ئێمە تەواو نوێیە چونکە ئەحمەد موختار جاف خەونی ئەوەی دەبینی شەمەندەفەر بێتە هەورامان و نەهات، تەکسی وەک پارچە تەنەگەیەکی مۆدێرنە کەمێک دواکەوت، بەڵام هەم دەمانگەیەنێت بە شوێنێک، هەم لەم ژوورە بچوکە دەترسین حەیامان ببات.
تەکسی لای زۆرێک کەرەستەی گەیاندنە بە شوێن و لای هەندێکیش بۆخۆی شوێنە.
ئێمە هێشتا لەناو گوندێکی گەورەدا دەژین و تەکسیمان هێناوەتە نێو ئەم گوندە. تەنەکەیەکی زەرد وەک تەکسی لەدەرەوە ئامادەیە، مۆراڵیش لەناوەوەمان ڕاکشاوە. ئێمە هێشتا لەنێو ڕانی ژنێکدا بەدوای شەرەفدا دەگەڕێین، دەسکاری خۆمان و ژیان و کێشە و خەمەکانمان نەکردووە، دەمانەوێ ئەم برینە قوڵەی خۆمان بە شۆفێری تەکسی بڕێژین. خۆمان دەسکاری خۆمان و مۆراڵ و بیرکردنەوەمان ناکەین کەچی لە ژووری زەردی تەکسیدا بەدوای خۆماندا دەگەڕێین. مەلا و پیاوانی ئاینی لەم گوندە گەورەیەدا دەیانەوێت شتەکانمان بۆ ڕێک بخەن.
هێشتا دەخوازن مێ موڵکی نێرینەکان بێ، ئەوان ناتوانن بە نێرەکان بڵێن ببن بە مرۆڤ، چارەی نێرەکانیان پێ ناکرێ، لە بەندکردنی مێینەکاندا شەرەف بۆ کۆمەڵگە دەکڕنەوە.
ئامێری گواستنەوە لە ئەسپەوە گۆڕاوە بۆ تەکسی، سوارچاکەکان بەلاڕێدا ڕۆیشتوون بێ ئەوەی وەک تەکسیەکان ڕێک بخرێن. (هاوسەرێکی پێغەمبەر، لەگەڵ ئەسحابەیەکدا بە ئەسپەکانیانەوە لە کاروان دادەبڕێن، گومان لەناو کارواندا دروست دەبێت و خودا ئایەتێک دادەبەزێنێت کە لەنێوانیادا هیچ ڕووینەداوە).
لەسەردەمی تەکسیدا قۆناغەکە جیاوازە، ئایەت نایەتە خوار و مرۆڤ و دەسەڵات دەبێت چارەی لادانی تەکسی وەک ئەسپەکان بکات. ئەسپەکان لە کاروان دادەبڕێن و ڕەقەمیان نیە، بۆیە پێویستمان بە خودا هەیە پێمان بڵێ هیچ ڕووینەداوە، لە عەسری تەکسیدا فۆرمێکی تر وەردەگرێ، ڕەقەم هەیە و یاسا هەیە و دەتوانی لەجیاتی هاتنە خوارەوەی ئایەتێک، بە یاسایەک چارەسەری کێشەکە بکەی.
لێخوڕی تەکسی تەنیا نیە ئەو دەبێ هەمیشە لەگەڵ کەسێکی تر بێت یان کەسێک بگەیەنێت. ئەم پارچە تەنەکە زەردە کە بە شەقامەکاندا دەڕوا، شانسی هەیە ئەگەر ناو ئەم ماڵە بچوکە هەمیشە ئاوەدان بێت. ئەم ماڵە بەشێکی لە شۆفێر دەسەنرێتەوە و بەر نەفەر دەکەوێ چونکە پارە دەدا و ئەو ماوەیەی لەم ژوورەدایە مافی ئەوەی هەیە ڕیکۆردەرەکە داگیرسێ یان بکوژێتەوە، قورعان لێبدا یان حەسەن زیرەک.
ئیدی دەبێ شۆفێر و نەفەر لەسەر بەڕێوەبردنی ئەم ژوورە زەردە ڕێکەون.
لای ئێمە تەکسی تەنها ئامێری گەیاندن نیە، کەم نین ئەوانەی لە تەکسیدا بەدوای مۆراڵدا دەگەڕێن.