وڵات
سانا مارین لەلایەن حزبی سۆسیال دیموكراتی فنلەنداوە بە سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی هەڵبژێردرا، كە گەنجترین سەرۆك وەزیرانە لە جیهاندا و بووە سەرۆكی حكومەتێكی ئیئتیلافی كە 12 وەزیریان ژنن،ئێستا مارین گەنجێكی ئاسایی نێو خێزانێك نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتی وڵاتێكی كەوتۆتە ئەستۆ.
بەپێی نیویۆرك تایمز ئەم كچە 34 ساڵە، حكومەتێكی ئیئتلافی پێكهێناوە كە 12 ژنی تێدایە لە ترۆپكی حكومەتدا كە چواریان تەمەنیان خوار 34 ساڵە.
گەنجترین سەرۆک وەزیران لە مێژووی فینلەندا
پارتی سۆسیال دیموکراتی فنلەندا کە سەرۆکایەتی حکومەتی ئیئتیلافی وڵات دەکات و ئیئتیلافی دەسەڵاتدار لە پێنج پارت پێکهاتووە، (سانا مارین)ی وەکو سەرۆک وەزیران هەڵبژارد.
خاتو مارین تەمەنی (۳٤) ساڵە، گەنجترین سەرۆک وەزیرانە لە مێژووی فنلەندا، ئەو پێشتر وەزیری گواستنەوە بووە.
سانا مارین لە شوێنی (ئانتی رینە) دەستبەکاردەبێت، کە سێ شەممەی رابردوو دەستیلەکارکێشایەوە.
دەستلەکارکێشانەوەی (ئانتی رینە) دوای ئەوەهات پارتی سەنتەر (سەنتەر پارت) رایگەیاند لە کارو هەنگاوەکانی ئەو بۆ روبەڕوبوونەوەی مانگرتنی کارمەندانی خزمەتگوزاری پۆستە رازی نییە.
مارین لە پێگەی ڕەسمی حكومەتی فنلەندا-دا نوسیویەتی:”گرنگترین پەیامی من ئەمڕۆ ئەوەیە كە ئەم حكومەتە بۆ هەموو تاكێكی فنلەندا كاردەكات، ئێمە نایەكسانی كەمدەكەینەوە و یەكسانی بەهێزدەكەین.، ئێمە توانای تاكەكانی كۆمەڵگە و بڕوانامەی فێركردنیان بەگەڕدەخەین، ئەگەڕێین بەشوێن ئەوەی كە لەپشت ئاسایش و ئارامی خەڵكەوەیە”.
مارین ئەبێتە سێیەم ژنە سەرۆك وەزیران لە مێژووی فنلەندا، یەكەم سەرۆك وەزیرانی ژن لە مێژووی فنلەندا بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە و هەر لەو ساڵەشەوە رێژەی 43%ی پەرلەمانی وڵاتەكە پێكدەهێنێت.