وڵات
ناسڕ خلێفی سەرمایەداری قەتەری هەنگاو بە ئاڕاستەی یانەیەکی ئینگلیزی ناودار دەنێت و شارەزایان چاوەڕوان دەکەن، لە وەرزی داهاتوودا تەواوی پشکەکانی ئەو یانەیە ببێتە موڵکی کەسایەتیە قەتەریەکە.
ناسڕ خلێفی خاوەنی تۆڕی “بین سپۆرت” و یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسییە، هەروەها خاوەن و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری سندوقی وەبەرهێنانی قەتەرە و یەکێکە لە گەورەترین سەرمایەدارانی کەنداوی عەرەبی، ناوبراو ماوەیەکە بە ئاڕاستەی کڕینی یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی هەنگاو دەنێت و هەندێک لەسەرچاوەکان پێیان وایە بەم نزیکانە خاوەندارێتی ئەو یانە مێژووییەش وەردەگرێت و دەیکاتە یەکێک لە بەهێزترینەکانی خولی ئینگلیزی.
ڕۆژنامەی “دەیلی ستار”ی بەریتانی لەم بارەیەوە ئاشکرای کردووە، قەتەریەکان بڕیاریانداوە بەشێوەی قیست هەنگاو بە هەنگاو پشکەکانی یانەی لیدز یونایتد بکڕنەوە تا ئەوکاتەی یانەکە لە خولی “پریمەرشیپ”ەوە بەرزدەبێتەوە بۆ خولی نایابی ئینگلیزی “پریمەرلیگ”، لەو حاڵەتەشدا دەستدەکەن بە گواستنەوەی چەندین یاریزان بۆ پێکهاتەی یانە و وەبەرهێنان لە ئینگلتەرا وەک چۆن پێشتر هەمان پڕۆسەیانلە خولی فەرەنسا و بەتیابەت یانەی پاریس سانت جێرمان ئەنجامداوە.
گواستنەوەی خاوەندارێتی یانەی لیدز یونایتد هاوشێوەی یانەی پاریس سانت جێرمان نابێت، بەڵکو بە شێوەی قیستی درێژخایەن و پشک لەدوای پشک خاوەندارێتیەکەی وەردەگیرێت، بەوپێیەی یانە مێژووییەکە لەئێستادا بەشداری خولی پلە یەکی ئینگلتەرایە و هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی لەڕووی کارگێری و وەرزشییەوە ململانێی یانەکانی پریمەرلیگ بکات.