وڵات
تورکیا سزایەكانى ئەمریكا لەسەر وڵاتەكەی بە رێزنەگرتن لە سەروەریی وڵاتەکەى لەقەڵەم دەدات، لەداهاتوودا زیانى گەورە بە پەیوەندییەكانی تورکیا وئەمەریکا دەگەیەنێت.
لەبارەی پرۆژەیاساكەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، كە تیایدا داوای سزادانی تورکیاکراوە ، وەزارەتی دەرەوەی توركیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاندوە، پاڵنەری دەركردنی ئەو سزایەی ئەنجومەنی پیران بەهۆی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی و كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی روسییەوە بوە، هەربۆیە ئەمریكا نیگەرانە لەوەی توركیا گورزێكی كوشندەی لە پرۆژەیەك دا، كە ماوەیەكی زۆرە كاری بۆ دەكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاماژەى بەوەکردوە ، ئەو هەنگاوانەی لەماوەی رابردودا لە كۆنگرێسی ئەمریكاوە بەرانبەر بە تورکیا گیراوتەبەر، هۆكارەكانی زیاتر ناوخۆیین. ودەشڵێت “هەنگاوی لەو شێوەیە رێزنەگرتنە لە سەروەری و بڕیارەكانی توركیا لەبارەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، ئەمە جگەلەوەی هیچ ئەنجامێكیان نابێت و تەنها زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت”.
لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پرۆژەیاسایەكی پەسندكرد بۆ سزادانی توركیا بەهۆی كڕینی سیستمی بەرگریی موشەكیی ئێس-400 و هەروەها هێرشكردنە سەر باكور و خۆرهەڵاتی سوریا.