وڵات
لەشاری بەسرە خۆپیشاندەران ناوی شەقامی خومەینی-یان گۆڕی و كردیان بە شەقامی شەهیدانی ئۆكتۆبەر.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کەلە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێك لە میدیاكان بڵاوکراوەتەوە خۆپیشاندەران بەسڕە ناوی شەقامی خومەینی بۆ شەقامی شەهیدانی ئۆكتۆبەر دەگۆڕن، لەكاتێكدا پێشتر وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی، چەند جارێك لافیتەی تایبەت بە ناوی شەقامەكەیان سوتاندبو.
ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای مانگی پێشوشدا خۆپیشاندەرانی شاری نەجەف بەهەمانشێوە ناوی شەقامێكی شارەكەیان لە خومەینی-یەوە گۆڕی بۆ شەهیدانی شۆڕشی تشرین.
لە خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق، خۆپیشاندەران بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە دەستوەردانەكانی ئێران لە عیراق دەردەبڕن، كە دیارترینیان بریتی بوو لە سێ جار سوتاندنی بەشێك لە كونسوڵگەریی ئێران لە شاری نەجەف، ئەمە جگە لە وتنەوەی دروشم دژی رژێمی ئێران و سوتاندنی ئاڵای ئەو وڵاتە.