وڵات – هەمەڕەنگ
ماڵپەڕی World Population Reviewی ئەمریكی ئاشكرایكرد، پەیڕەوكەرانی ئایینی مەسیحی و ئیسلامی زۆرترین پەیڕەوكەرانی ئایینین لەجیهاندا و مەسیحیەكان %31.5ی جیهان پێكدەهێنن، رێژەی موسوڵمانانیش دەگاتە %23.2.
ماڵپەڕەكە لەسەرژمێریەكدا، كە بۆ ساڵی 2019 ئەنجامی داوە، ئاماژەی بەوەكردوە، ژمارەی پەیڕەوكەرانی ئایینی مەسیحی لەجیهاندا زۆرترینن و %31.5ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن.
بەدوای ئەویش ئایینی ئیسلام دێت، كە %23.2ی دانیشتوانی جیهانن و دواتریش ئەوانەن، كە بڕوایان بەهیچ ئایینێك نییە و رێژەیان دەگاتە %16.3. هەروەها ئایینی هیندۆسی %15ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن و ئایینی بوزیش لە پلەی پێنجەمدا دێت بە %7.1.
بەپێی هەمان سەرژمێری، ئایینەكانی تایبەت بە خێڵە جیاوازەكان %5.9ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن، چەند ئایینێكی دیكەی جیاوازیش هەن بە هەمویان رێژەی %0.8ی دانیشتوان پێكدەهێنن، سەرەڕای ئەوانەش ئایینی جوەكان رێژەیان %0.2ە.
رونیشكراوەتەوە، ئایینی مەسیحی لە وڵاتانی ئەمریكای باشور و ناوەڕاست و ئەوروپاو چەندین دەوڵەتی ئەفریقا و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چەند ناوچەیەكی دیكەدا بڵاوبوەتەوە، ئایینی ئیسلامیش لە دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و چەندین وڵاتی ئاسیا و ئەفریقی و ناوچەی دیكەدا بڵاوبونەتەوە، لەكاتێكدا ئایینی هیندۆسی زیاتر لە هیندستان و مەنگۆلیادا هەیە، بوزیەكانیش لە چین و تایلاند و میانمارن.