پارتى كه‌یس به‌ كه‌یسى ده‌وێت

  • February 7, 2020
  • 317 Views
پارتى كه‌یس به‌ كه‌یسى ده‌وێت

دوێنی سەرچاوەیەكی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیەندكارێكی پارتی ئاگاداردەكاتەوە، سبەی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ سەردانی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم دەكات، پەیامنێرەكە لەیادی دەچێت سەردانەكە نهێنیە بۆیە لەگروپێكی تایبەتدا بڵاوی دەكاتەوە.

سەردانەكە كاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ دەبێت و بەنهێنی لەژوری بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم بەڕێوە دەچێت.

لەبەرئەوەی سەردانەكە نهێنیە، زانیاری تەواوی كۆبونەوەكە ئاشكرانابێت، بەڵام ئەوەڕوونە، وەزیری ناوخۆ چێكی دواهەمین زانیاری لەبارەی ئەو پلانە دەكاتەوە كە پێشتر كێشراوە لەبارەی كەیسی لانە محمەد و ئامانج بابانیەوە.

دوای كۆبونەوەكە ڕاستەوخۆ، جەبار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم لەژوورەكەی دێتە دەرەوە و كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی گرێدەدات، گومان دەخاتە سەر پرسی كەیسی لانە محمەد و ئامانج بابانی كە بەگوێرەی بڕیاری دادگا ئەو كەیسە بەكەیسی خۆكوژی دانراوە تێیدا ئامانج بابانی، وەكو بكوژی هاوسەر و منداڵەكەی بەگوێرەی بەڵگەكان هەژماركراوە دواتریش خۆی كوشتووە.

كەیسەكە لەدادگا داخراوە و دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەرداوە

میللەت دامەزراوەیەكی ڕۆژنامەوانیە سێ ڕۆژ پێش ئێستا پلانەكەی ئاشكركرد، ئاماژەی بۆ ئەوەكردبوو، پارتی بە نیازە‌ ئەمشەو كەیسی ئامانج بابانی بوروژێنێتەوە‌، ئەویش بە مەبەستی پەردە‌پۆشكردن و لابردنی سەرنجەكان لەسەر كەیسی ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی كە لە زیندانی ئاسایشی هەولێردا خنكا.

كەیسی خنكاندنی پێشمەرگەكەی یەكێتی لەناو زیندانی ئاسایشی هەولێر نەك گومان هەڵناگرێت، بەڵكو ئێستا بۆ خودی ڕۆژنامەوان و دەزگا میدیاییەكانی پارتی بووەتە ڕاستەقینە.

ڕێبوار كەریم وەلی، یەكێكە لەڕۆژنامەنوسە دیارییەكانی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی لەبارەی كەیسی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەكەی یەكێتی بەڕوونی گومان دەخاتە سەر پرسی خنكانی پێشمەرگەكەی یەكێتی لەهەولێر و ئەوەدەڵێت “چۆن دەكرێت لەناو زیندانی ئاسایش ئامێری خۆخنكاندن هەبێت”.

پارتی چەندین سیناریۆی دروستكرد، تەنانەت ویستی لەڕێگەی پەرلەمانەوە ئەوپرسە داپۆشێت، بەڵام ئەو پرسە ئەوەندە ئاشكرابوو بۆی پەردەپۆش نەكرا، چونكە ئەو ڕاپۆرتانەی لەبەردەم لیژنە جیاوازەكانی یەكێتین جیاوازن لەو ڕاپۆرتانەی ئاسایش لەباری هۆكاری خنكانی پێشمەرگەكەی یەكێتی بڵاویكردوونەتەوە.

بۆیە ئێستا تاكە كارتی فشاری پارتی بۆ پەردەپۆشكردنی، پرسی خنكاندنی “مەجید ئیبراهیم”، ئەوەیە لەبەرامبەر ئەو كەیسەدا گومان لەسەر كەیسی لانە محمەد دروستبكرێت، تاوەكو بتوانن لەو ڕێگەیەوە یەكێتی دەمكوت بكەن و كەیسی مەجید ئیبراهیم پەردەپۆش بكرێت.

هیچ كام لەدادگا و پۆلیسی سلێمانی لەبارەی كەیسەكەوە بڕوایان بەقسەكانی جەبار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم نیە، چونكە بڕوایان بەو لێكۆڵینەوانە هەیە كە لەوبارەیەوە بەڵگەی تاوانی سلێمانی ڕوونی كردونەتەوە.

سەركەوت ئەحمەد، ووتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی ئەو كەیشەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ئێمە بەهیچ شێوەیەك وەڵامی پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم نادەینەوە، دادگای سلێمانی بۆخۆی بڕیاریداوە وەڵامی پۆلیس بداتەوە.

شارەزایەكی بواری لێكۆڵینەوەی تاوان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كۆنگرەكەی بەڵگەی تاوانی هەرێم لەبارەی كەیسی لانە محمەد و ئامانج بابانی، نەك شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ و بڕواپێهێنەری وەرنەگرتبوو، بەڵكو لەكۆنگرەكەدا خۆیان گومانیان خستە سەر قسەكانیان، بەوەی چۆن دەبێت بەڵگەی تاوان نەتوانێت پرسەكان بەبەڵگەی یەكلاییكەرەوە قسە بكات و بەڵگە پیشانی خەڵك نەدات، گومان كاری ئەوان نیە، بەڵكو پشتڕاستكردنەوە كاری ئەوانە، بۆیە قسەكانیان لەووتارێكی سیاسی دەچوو نەك لێكۆڵەینەوەیەكی تاوانكاری.

سەركەوتنی پلانەكەی پارتی بۆ پەردەپۆشكردنی خنكانی پێشمەرگەكەی یەكێتی لەناو ئاسایشی هەولێر، بەستراوە بەكاردانەوەی یەكێتی ئایا چۆن دەڕوانن لەو پرسە، ئەوەش لەكاتێكدایە نە لیژنەكانی یەكێتی و نە ئەنجومەنی وەزیران كە لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنابوو، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان ئاشكرانەكردبوو، چونكە تاوانی گیانی لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم، پەردەپۆشكردنی لەئاستی سیناریۆ دەرچووە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو