بەڕێز سەرۆكی حكومەت ١٠٠ پڕۆژە تەواو نەكراوەكەی پارێزگای ھەڵەبجەت لەیادە؟؟

  • February 7, 2020
  • 297 Views
بەڕێز سەرۆكی حكومەت ١٠٠ پڕۆژە تەواو نەكراوەكەی پارێزگای ھەڵەبجەت لەیادە؟؟

سەرکۆئازاد گەڵاڵى

لەدوای ڕاپەرین و كۆڕەو و ئازادكردنی كوردستان و ڕوخانی ڕژێمی سەدامی گۆڕبەگۆڕەوە یەكێك لەناوچە مەنكوب و بێ خزمەتگوزارییەكان لەئاستی عیراق و ھەرێمی كوردستان ھەڵەبجەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری بەپارێزگابوونی بۆدەركرد لە ڕێكەوتی ١٣/٣/٢٠١٤ و دواتر فەرمانی ھەرێمی لە ١٦/٣/٢٠١٤ بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دەرچوو، لەو كاتەوە كار بۆسەرپێخستنی ئەو پارێزگایە دەكرێت بۆیە وەك ھاووڵاتییەكی ھەڵەبجە نامانەوێت تەنھا وەك قوربانییەك و برینێكی بێكۆتا حكومەت و سیستمی سیاسی ئەم ھەرێمە ئێمەی لەیاد بێت و لێمان بڕوانێیت بەڵكو وەك شارێك ئاوڕمان لێبداتەوە نەك بە شێوازی قەزایەك مامەڵەمان لەگەڵدا بكرێت چونكە ھەڵەبجە پێش سەدە و نیوێك قەزابووە كە دەكاتە ساڵی ١٨٨٩.

ھاووڵاتیانی ئەم شارە بریندارە ئاواتەخوازبوون ئەم بڕیار و فەرمانانە بەشێك لەبرینی جەستەیان ساڕێژ بێت، بەڵام تا ئێستا لەلایەن حكومەتی یەكگرتووی ھەرێمی كوردستانەوە وەك قەزایەك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوای ٧ مانگ سەرۆكی حكومەت بڕی ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ ئەو پارێزگایە كە قەزایەك و چوار ناحیەیە تەرخانكرد بۆ ساڵێك بەڵام تائێستا خەرج نەكراوە لە كاتێكدا بڕی 18 ملیار دینار بۆتەواوكردنی تونێلی سەڵاحەدین تەرخانكراوە ئەمە جیاوازی گەیاندنی خزمەتگوزاری ناوچەیی نەبێت چیتر ھەڵدەگرێیت بەڕێز سەرۆكی حكومەت !!

چەندین ساڵە خەڵكی ئەم شارە داوای دروستكردنی پردەكانی تەنگی سەید محەمەد و بەتایبەت دروستكردنی (پردی تووەقوت) كە پارێزگای ھەڵەبجە دەبەستێتەوە بە ھەردوو قەزای دەربەندیخان و شارەزوور، و بەمەش ھاتوچۆ و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لە نێوان ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان ئاسان دەكات، كە ڕەزامەندی بۆدابینكردنی بودجەی پێویست بەبڕی ٨ ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دینار بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا لەسەر كاغەزە، بەڵام بۆ شاری خۆشەویستی دھۆك زیاتر لە 34 ملیار دینار ئەندەرپاس لە بەرانبەر مزگەوتی شەهیدان بە درێژایی 1كم و شەش سەد مەتر لەم وەرزی سەرما و سۆڵە جێبەجێ دەكرێت ئەم نادادی كارگێڕی و نایەكسانی نەبێت چیە بەڕێز سەرۆكی حكومەت؟ .

ئایا دەزانیت بەھۆی قەیرانی داراییەوە زیاتر لە ١٠٠ پڕۆژەی ئەو شارە ڕاگیراوە تائێستا دەست نەكراوەتەوە بەگەڕخستنەوەی ئەی ئەم مامەڵەیە چی ناودەنرێت!!!

ئایا دەزانیت تا ئێستا حكومەت ئاڕاستەی كاركردنی ڕوو لە وەبەرھێنان و پڕۆژەی نیشتەجێبون نیە لەم شارە بۆ دەرخستنی ئەم ڕاستییە تائێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنان لێرە بوونی نییە.

تەنھا ھەشت بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەم شارە ھەیە ھەر ھەموویان بەوەكالەت دەبرێت بەڕێوە ئایا ئەمە سیاسەتی تەھمیش نییە لە لایەن ھەولێرەوە پەیڕەو دەكرێت!!!!

ھەموومان دەزانین جگە لە كیمیاباران ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە ئەنفال كراون و زیندانی كراوان لە نوگرەسەلمان تائێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی زیندانیانیان نییە!!

زیاد لە ھەزار ھاووڵاتی ھەڵەبجە پێناسی مووچە و مینحەی بۆ كراوە لە ساڵی ٢٠١٣ پێناسەكانیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام تا ئێستا یەك مینحە و مووچەیان وەرنەگرتووە خۆ نە شەڕی داعش ماوە نە قەیرانی دارایی، بەڵام بۆ كاری پێ ناكرێت ئەمە ڕێزگرتنە لە قوربانیانی ئەم شارە !!!!

لەساڵی ٢٠١٨ ھاووڵاتیانی زیندانی نوگرەسەلمان و ئەنفالكراوانی ھەڵەبجە فەرمانی وەرگرتنی زەویان بۆ دەرچووە، بەڵام وەزارەتی شارەوانی ڕایگرتووە تاكەی ئەم چەوساندنەوە و چاوەڕوانییە خەڵكی ئەم شارە ھەڵناگرن كە سەرچاوەكەی پایتەختە!!!

بە بڕیاری ژمارە ٢٣ پەرلەمانی كوردستان ئەم شارە بە پایتەختی ئاشتی ھەرێمی كوردستانە لە بڕگەی دووەمی بڕیارەكەدا ھاتووە كە دەبێت حكومەت بودجەیەكی ساڵانە بۆ ئەم مەبەستە دیاری بكات وەك ٢٠ ملیارە دینارەكەی بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری خەرجكراوە لە سلێمانی و ٥ ملیار بۆ پایتەختی گەشتیاری ھەولێر خەرجكراوە، بەڵام نەك پارەكە دیار نییە بەڵكو كۆنفڕانس و كۆڕ و سیمینار و مەڕاسیمی تایبەت بە بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری و پەیامی پێكەوەژیان لەم شارە ساز ناكرێت !!!

نامەوێیت لێرە باسی كتێبخانە گشتی و پارك و مۆزەخانە و ھتد كە پێويستن لە شار ھەبن، بەڵام لێرە نین.

وا دیسان وەزارەتی شەھیدان ئامادەسازی دەكات بۆ یادكردنەوی كارەساتی ھەڵەبجە، بەڵام لە یاریگایەك نەك ھۆڵێكی بۆنەی شایستە بەم شارە.

حكومەتی ھەولێر لە ڕۆژژمێری خۆیدا تەنھا جارێك ناوی دەبات ئەویش بۆ یادكردنەوە و كولاندنەوەوی برینەكەی نەك بە پڕۆژە و پلانی ستراتیجی !! ئایا دەزانن خەڵكی ئەم شارە گوێكانی سیخناخ بووە بە بەڵێن لە كاتێكدا تا ئێستا كەیسی مناڵانی ونبووی ھەڵەبجە بە كراویی ماوەتەوە ھەموو ڕۆژێكی ساڵ چاوەڕێی ھاتنەوەی جگەرگۆشەكانیان.

نازانم باسی كام خەمی ھەڵەبجە بكەم

پرسیاری ئەوە بكەین وەك خەڵكی ھەڵەبجە لە دانیشتنەكانتان لە گەڵ بەغداد چ كەیسێكی ھەڵەبجەتان لە بەردەست بوو بۆ گفتوگۆگردن ؟؟ داكۆكیتان لە ناساندنی نۆزدەھەمین شاری عیراق كرد یان جێكردنەوەی لە بودجەی ساڵی٢٠٢٠ یان نەخشەی كۆتایی ئەم شارەتان ڕادەست كرد ؟؟

ئەو شارەی زیاتر لە ١١٠ سەد و دە كیلۆمەتر سنووری بە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەیە، بەڵام تا ئێستا ڕێكارە یاسایی و كارگێڕیەكانی ھەر دوو مەرزی پشتە و شوشمێ لەسنوری نێودەوڵەتی تەواو نەبوون لەلایەن عیراقەوە، بەڵام لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھیچ كێشەیەكیان نەماوە ئایا كارتان لە سەر ئەم كەیسە كرد لە گفتوگۆكانتان لەگەڵ بەغداد كە ھەمووان دەزانن دوایی تەواوبوونی چ سوودێكی ئابووری دەگەیەنێت بەم شارە ؟

یان باسی ئەو نادادپەروەرییەی كە لە سەدا ٪‏٢ پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ ئەم شارە دانراوە !!
بۆیە وەك ھاووڵاتییەكی سادە و نوێنەری ئەو شارە داواكارین ڕوونكردنەوەمان بدەنێ لە سەر پەراوێزخستن و نەگەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی و مامەڵەنەكردنی وەك شار لە ئەرزی واقیعدا نەك تەنھا لەسەر كاغەز و دروشم .

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو