د. پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل- پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
باشترە یەکسەر دوای شیرخواردن مەمەکە پاکبکەینەوە. ئەگەر یەکسەر نەتتوانی، ئەوا هیچ نەبێ بە ئاو بیشۆ دواتر دەتوانی دەست بکەی بە خاوێنکردنەوەی، ئەویش بە جیاکردنەوە هەموو پارچەکانی مەمەکەو شوشتنی بە ئاوێکی گەرم و خاوێن، وە بەبەکارهێنانی زایی لەگەڵ فڵچەیەکی تایبەت بە مەمە شوشتن.
هەوڵبدە سەرە مەمەکە هەڵبگێڕیتەوە بۆئەوەی ناوەوەی بە جوانی خاوێن ببێتەوە.
بە فڵچەکە نێو مەمەکە جوان پاکبکەرەوە، بەجۆرێک نابێ شیر بە هیچ پارچەیەکی مەمەکەوە بمێنێت.
ئەگەر هەستت کرد مەمەکە یان سەرەمەمەکە رووشاوییەک یان هەر زیانێکی بەرکەوتبوو دەبێ بگۆڕدرێت، چونکە دەبێتەهۆی کۆبوونەوەی بەکتریا لەو شوێنە. دوای شوشتنی مەمەکە، چەند رێگایەک هەن بۆ تەعقیم کردنی مەمەکە، بڵاوترین رێگا لە وڵاتی خۆمان کە لەڕووی کرداریەوە گونجاوە باسی دەکەین:
۱- تەعقیم کردن لە رێگەی کوڵاندنەوە:
ئەگەر مەمەی منداڵەکە گونجاو بوو بۆ کوڵاندن، واتە بەرگەی کوڵاندنی گرت، ئەوە مەنجەڵێک یان تاوەیەکی گەورە دەهێنیت بە مەرجێک سەرێکی پڕ بەسەری خۆی واتە فیت هەبێت (نابێ بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە بەکاری بهێنیت، واتە تەنیا بۆ تەعقیمکردنی مەمە بەکاریدەهێنیت)، مەنجەڵەکە پڕدەکەیت لە ئاو، هەموو پارچەکانی مەمەکە نقووم دەکەیت لە ئاوەکەدا بە تەواوی و نابێ هیچ بڵقێکی هەوا لە ناو پارچەکاندا مابێت، دواتر سەری مەنجەڵەکە دابپۆشە و بۆ زیاتر لە ۱۰ خولەک بیکوڵێنە.
سەری مەنجەڵەکە لا مەبە تاوەکوو پێویستت بە مەمەکە دەبێت.
تێبینی: دەبێ زیاتر لە ٤ مەمەت هەبن.
۲- هەندێک کەس مایکرۆوەیڤ بەکاردەهێنێت.
۳- هەندێک کەسی تر ئامێرێکی هەڵمی کارەبایی هەیە بەکاریدەهێنێت.
٤- هەندێک کەس حەبی تایبەت هەیە کە دەکرێتە نێو ئاوی ساردەوە بەکاری دەهێنێت.