بۆچی شاسوار عەبدولواحید داوای خۆپیشاندان دەكات؟

  • February 17, 2020
  • 471 Views
بۆچی شاسوار عەبدولواحید داوای خۆپیشاندان دەكات؟

وڵات

لە سەرو بەندی ساڵیادی رووداوەكانی 17ی شوباتدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جەماوەری دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات، چەند رۆژێكیشە لە رێگەی میدیاكانی خۆیەوە هەوڵی هێنانە سەر شەقامی خەڵكی دەدات، بەڵام بەشێك لە هاوڵاتیان باس لەوە دەكەن شاسوار عەبدولواحید بۆ مەرامی خۆی هەوڵی رێكخستنی خۆپیشان دەدات.

لە ماوەی رابردو و ئێستاشدا بەردەوام لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێم بەشێك لە هاوڵاتیان بۆ داواكاركردنی مافەكانی خۆیان و باشتر دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەباو سوتەمەنی رژاونەتە سەر شەقام و دەنگی خۆیان بە دەسەڵات گەیاندووە بەردەوامیش هەوڵیانداوە لایەنی سیاسی تێكەڵیان نەبێت.

لە ماوەی رابردودا پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسای چاكسازی پەسەند كرد، بڕگەیەكی ئەو پرۆژە یاسایەش حكومەت پابەند دەكات بە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی كە لە ماوەی ساڵانی رابردودا حكومەت بە وەبەرهێنەرانی داوە.

داواكارییەكەی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان چەند رۆژێك پێش ئێستا سەری هەڵدا، ئەوەش دوای ئەوە هات كە وەزارەتی دارایی رێوشوێنەكانی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی وەبەرهێنەران خستە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی بڕیارەكانی حكومەت ئەگەر وەبەرهێنەران پابەند نەبن بە گێڕانەوەی قەرزەكانیان ئەوا دەست بەسەر ئەو موڵكانەیاندا دەگیرێت كە پێشتر وەك رەهن لای حكومەت دایان ناوە.

ئێستا ئەو هەوڵانەی حكومەت نیگەرانی وەبەرهێنەرانی لێكەوتوەتەوەو لەو نێوەشدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە دەوترێت زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری حكومەت قەرزارە، لە رێگەی میدیاوە دەیەوێت ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011 بۆ ئامانجی خۆی و فشار خستنە سەر حكومەت بەكاربهێنت بۆیە لە رێگەی خستنەڕووی هەندێك كێشەوە كار بۆ راكێشانی سۆزی هاوڵاتیان دەكات.

ئەوەش یەكەمجار نییە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای خۆپیشاندان لە هاوڵاتیانی هەرێم بكات، بەڵكو هەركاتێك لەلایەن حكومەتەوە داوای قەرزی لێكرابێت ئەوا ناوبراو پرسی جوڵانی شەقام و خۆپیشاندانی هێناوەتەوە بەرباس، بەڵام هیچكات هاوڵاتیان بەدەم بانگەوازەكانییەوە نەچوون و ئامادەنەبوون بەشداری خۆپیشاندانێك بكەن كە شاسوار عەبدولواحید بیەوێت رابەرایەتی بكات.

لە ماوەی ساڵانی رابردودا هەركات خۆپیشاندان لە شارەكانی هەرێم ئەنجامدرابێت و لایەنی سیاسی تێكەڵی نێو خۆپیشاندەران بووبێت ئەوا ئامانجەكانی ئەو خۆپیشاندانانە بەدینەهاتوون، چونكە لایەنە سیاسییەكان هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانیان كردووە.

بەردەوام هاوڵاتیان جەختیان لەوەكردوەتەوە نایانەوێت لایەنی سیاسی تێكەڵ بەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانە ببن كە ئەوان بۆ بەدیهێنانی داخوازییەكانیان ئەنجامی دەدەن.

تەنانەت ئێستا لە كوردستان بەهۆی دەستێوەردانی بەردەوامی لایەنی سیاسییەوە خۆپیشاندانەكان بەئامانجەكانی خۆیان ناگەن و بگرە بە زیانی خۆپیشاندەران كۆتایی دێت، ئەوەش وایكردووە هاوڵاتیان هاوشێوەی پێشوو خۆپیشاندان نەكەن.

ئێستاش سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەیەوێت جارێكی دیكە بۆ دروستكردنی فشار بۆ سەر حكومەت خۆپیشاندان رێك بخات، بەڵام هاوڵاتیان بەدەم داواكەیەوە نەچوون و باس لەوە دەكەن سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە رێگەی پرۆژەكانیەوە چەندین كاری نادادپەروەری بەرامبەر هاوڵاتیان و بەشداربووانی پرۆژەكانی خۆی كردووە ئیتر چۆن دەتوانێت مافی ئەوان لە حكومەت وەربگرێتەوە.

ئەوەش دەخەنەڕوو ناوبراو بە پارەی هاوڵاتیان پرۆژەی گەشتیاری چاڤی لاندی ئەنجامداوەو چەندین كەس هەن بە بڕە پارەیەكی زۆر بەشداری پشكەكانی ئەو پرۆژە گەشتیارییەیان كردووە، بەڵام ئەوە ماوەی چەندین ساڵە نەك پارەكەی بۆ نەگەڕاندوونەتەوە، بەڵكو شەڕی دەروونیان لەگەڵ دەكات و لە بری پێدانی مافەكانیان پێیان دەڵێت بڕۆن یارییەكانی چاڤی لاند بەكاربهێنن.

لە ماوەی رابردوشدا چەندین پەرلەمانتارو بەرپرسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وازهێنانی خۆیان لە جوڵانەوەكە راگەیاند، هۆكارەكەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە شاسوار عەبدولواحید میدیاو حزبەكەی بۆ مەرام و بەرژەوەندی شەخسی و بۆ كاری بازرگانی بەكاردەهێنێت بۆیە ئامادەنین لە حزبێكی وەهادا درێژە بەكاری خۆیان بدەن.

ئێستا پرسیاری گرنگ ئەوەیە كەسێك خۆی قەرزای حكومەت و هاوڵاتیان بێت چۆن دەتوانێت داوای خۆپیشاندان لە خەڵكی بكات و چۆن دەكرێت كەسێكی لەوشێوەیە بیەوێت خۆی بكاتە رابەری خۆپیشاندەران كە خۆی زۆربەی سەروەت و سامانەكەی بە پارەی خەڵك و قەرزی حكومەت كۆكردوەوتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو