مایکل رۆبن
زۆرێک لە کوردەکانی عێراق بە شێوەیەکی پۆزەتیڤانە کاردانەوەیان هەبو بەرانبەر کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە کۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس، بەتایبەتی بەوپێیەی ئاڵای کوردستانی عێراق لەتەک ئاڵای ئەمریکا لە شوێنی کۆبونەوە دانرابو.
زۆرێک لە کوردەکان پێیانوایە کە ئەم کۆبونەوەیە شانبەشانی چەندان روداوی دیکە کە لەئێستادا بونیان هەیە، نمونەش وەک –سەردانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داڤید شینکەر بۆ هەولێر_ توڕەبونی دەسەڵاتدارانی بەغدا لەو روداوانەی لەو دوایییانەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رویانداوە، ناسەقامگیریی سیاسیی لە بەغداد، هاوکات تەواونەبونی رێژەی یاسایی ئەندامانی پارلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر یاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا- هەمو ئەمانە پێشنیازی ئەوە دەخەنە پێش کە واشنتۆن پیاچونەوە بە روانینەکانی بکات لە بەرانبەر رۆڵی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا و بیریش لە داهاتوی کوردستان بکەنەوە ئەگەر ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ.
لە راستیدا، زۆرێک لە کوردەکانی عێراق بێهیوابون لە ئەمریکا بەوەی لە ریفراندۆمی سێپتێمبەری 2017 پشتگیریی کوردیان نەکرد. زۆرێک لە کوردەکان هێشتا دەیانەوێ لەوە تێبگەن لەوەی بۆچی ئەمریکا پشتگیریی لە دوژمنەکانی دەکات بە نمونە ئێران، هاوکات بۆچی لەپشت سوپای عێراقیی و هێزە میلیشیایە شیعییەکان وەستا کە ناوچەیەکی یەکجار فراوانیان داگیرکرد کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستاندا بو.
راستییەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە لەوەی کە (باس نیوز و کوردستان 24)ەکەی مەسڕوڕ بارزانی باسیان لێوە کردوە. بۆ هەریەک لە واشنتۆن و بەغداد، ئەو بابەتە کەمتر پەیوەندیی بە ریفراندۆمەوە هەیە، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بە کاریگەریی ئەو ناوچانەی کێشەیان لەسەرە. ئەگەر ریفراندۆم تەنیا پەیوەستکرابوایە بە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێیمانیی، ئەوا لە ئەمڕۆدا رەنگە کورد خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی بوایە.
پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، دەستەڵاتە سیاسییەکانی ئەمریکا- نمونەش وەک کۆشکی سپیی، وەزارەتی دەرەوە، پێنتاگۆن، هەروەها دەزگاکانی هەواڵگری- ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردەوە لەوەی ریفراندۆم ئەنجامنەدات و لەم بارەیەوە هەنگاو نەنێ. هەرچۆنێک بێ، بنەماڵەی بارزانی، تەنیا گوێیان لەو کەسانە گرت کە هەمان رەئی ئەوانیان هەبو و سوربون لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم- نمونەش گوێیان لە کەسانی وەک زەلمانی خەلیلزاد و پیتەر گالبرێس گرت-. بارزانییەکان دۆستایەتییان لەگەڵ ویستێک کە خۆیان دەویست لە گوێیان لێبێت تێکەڵ کرد.
لەپشت پەردەی روداوەکان، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا برێت مەکگۆرگ پشتگیریی ریفراندۆمی دەکرد بەڵام بەو مەرجەی گەر دو ساڵ دوابخرابوایە، بەڵام مەسڕوڕ و مەسعود بارزانیی باوکی، وەک ئامادەکارانی کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەسەر بریاری خۆیان سوربون و نەدەکرا باسی گۆڕانکارییان لەگەڵدا بکرێ. بابەتەکە پەیوەست نەبو بەوەی مەکگۆرگ دژی کورد و لایەنگری شیعەکان بو.
لە مێژودا، پشتگوێخستنی نەیارەکان بەتایبەتی ئەوانەی دژی کورد بونە، خزمەتی چاکی بە کوردەکان نەکردوە. بەڵکو، کێشەکە ئەوەبو کە دداننان بەو سەربەخۆیییە پێدەچو کوردستان بەرەو مەترسییەکی گەورە ببات. هەروەک خۆم پێشتر لە کتێبێکم ئاماژەم پێکردوە کە لەلایەن هەریەک لە ڤێرا ئیسکاریۆس کێللی و مایکل گونتەر پیاچونەوە و کۆکردنەوەی بۆ کراوە، لەوێدا دەڵێم دەکرا تورکیا پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان بکات، بەڵام دەبو کوردستانێک بێت هاوشێوەی ئەوەی کە دەوڵەتێکی تورکمان هەبێ لە باکوری قوبرس.
ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە پێویست بو بارزانی سەودایەک لەگەڵ تورکیا بکات بە جۆرێک ئامادەبێت کوردستانی عێراق بکاتە ناوچەیەکی داگیرکراو بۆ ئابوریی تورکیا. بەڵام کێشەی گەورەتر بریتیبو لە ئێران.
ئێران دەترسا لەوەی ئەم سەربەخۆیییە رێژەیییەی کوردستان کاربکاتە سەر دەستەڵاتەکەی، بۆیە هێزەکانی سەر بە سوپای شۆڕشی ئیسلامیی باشترین هەوڵی خۆیان دا بۆ لەناوبردنی ئەو هەوڵە و خەریکبو کوردستانی عێڕاقیش داگیربکەن. پێشمەرگە، کە ئەم هەمو شکۆمەندیی و گەورەیییەی لەنێو کۆمەڵگەی کوردییدا هەیە، بەبێ یارمەتیی بەردەوامی سەربازیی ئەمریکا، نەیانتوانی زاڵبن بەسەر ئەو هێزەی ئێران.
ئەمریکییەکان لەوانەیە هاوسۆز بوبن لەگەڵ کوردەکان، بەڵام هەولێر بەقوڵیی خوێندنەوەیەکی هەڵەی بۆ ئەمریکا کردبو گەر پێیانوابوبێ ئەوا هیچ ئامادەیییەک لەلایەن ئەمریکاوە نەبوە بۆ شەڕکردن لەدژی ئێران لەسەر بابەتی سەربەخۆیی کوردستان.
(ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەتا خۆی دوچاری تێکشکان بهاتبوایە، ئەوکاتە پێگەی ئەمریکا گۆڕانکاریی بەسەردادەهات و بە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی کوردستان دەشکایەوە). زۆرجار، پشتگیریکارانی کورد ئەولەویەت دەدەن بە سۆز و عاتیفە لە مەسەلەی سەربەخۆیی بەبێ ئەوەی گوێبدەن بەوەی بەربەستەکان چین و دەبێتەهۆی نیگەرانبونی کام لە دیپلۆماتکارەکان.
بێگومان، ترسان لە هەوڵەکانی ئێران بۆ لەباربردنی سەربەخۆیی کوردستان یەکێک لەو کێشانەی کە ئەو کەسانەی داکۆکی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، هەیانە.
کوردەکان دەیانەوێ بە شێوەیەک لە عێڕاق جیاببەنەوە هاوشێوەی ئەوەی کە کۆماری چیک لە سلۆڤاکیا جیابویەوە. لەڕوی سیاسیی و ئابورییەوە، رەوشەکە زیاتر لە سودان و باشوری سودان دەچێ. سامانی نەوت و تموحی سیاسیی تێکەڵ بە دابەشبونی هۆزگەرایی و سیاسیی بوە کە لەنێو چینی فەرمانڕەوای باشوری سودان هەیە و وایکردوە وڵاتەکە شکست بێنێت.
کاتێک سنورەکان بە روی وڵاتێک دادەخرێن و وڵاتانی دراوسێی لەڕوی ئابورییەوە بەزەییان بۆی نییە، ئەوکاتە کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە نەوەک تەنیا پەیوەست بێ بە سامانی نەوتەوە.
دەستەڵاتدارانی کورد قسەیەکیان هەیە ئامادەن بە هەر کەسێکی بڵێن کە گوێیان بۆ بگرێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان کێشەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی نییە –ناوبراو چەند گرێبەستی نەگونجاوی لەگەڵ هەرێم کردوە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ سیاسەتمەدارە کوردەکات دەنێرێت- بەڵکو کێشەیان لەگەڵ سیستەمەکەی بەغداد هەیە.
نێچیرڤان، مەسڕوڕ، بارزانی و هۆشیار زێباری خاڵیان داوای جیابونەوە دەکەن لەنێوان هەولێر و بەغداد، بەرپرسانی هەولێر پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی سوننەکان هەیە، بەڵام بەرپرسانی هەولێر رونکردنەوەیان بەوەی گەر بەغداد رادەستی پیاوانی میلیشیا بکرێ و بە هانای داواکەی ئێرانەوە بچن، ئەوا چۆن کوردستانی عێڕاق پارێزراو دەبێ، هاوکات ئەم رەوشە رێگە بە بەغدادیش نادات دەستبەرداری بانگەشەکانی بێت کە لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان دەیکات.
ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەولێر بۆ هەتا هەتایە هاوسەرگیرییەک لەگەڵ بەغداد بکات کە پێی دڵخۆش نییە، بەڵام بەدڵنایییەوە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەوەستێتە سەر ئەوەی کوردەکان وەک هێزێکی میانڕەو لە بەغداد مامەڵ بکەن لەبڕی ئەوەی ململانێی سیاسیی بەکاربێنن بەو مەبەستەی وا لە ئەمریکا بکەن کە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ کوردەکان تاکە بژاردەی راستەقینە بێت.
دواجار، کێشە ئابورییەکانی نێوان هەردولا بابەتێکی دیکەیە. هەروەک کوردەکان خۆیان باش ئەمە دەزانن، زۆرێک لەو پارەی بۆ موچەیان تەرخانکردوە، ئەوا لەلایەن بەغداوە دابیندەکرێ، کاتێکیش بەغدا ئەو پارەیە نەدات، زەحمەتی و کێشە دروستدەبێ. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە نەوت بەتەنیا ناتوانێت داخوازیی هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات و بەرگەی کێشەکان بگرێت.
هەمان رەوش لەسەر پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا جیبەجێدەبێت کە بۆ موچەکانیان تەواو پشت بە بەغداد دەبەستن. جیابونەوەی کورد و دروستبونی حکومەتێکی هەرێمیی سوننی لەوانەیە شتێکی سەرنجڕاکێش بێ بۆ هەمو ئەوانەی ئەزمونیان هەیە لەوەی کە عێڕاق پشت بە یەک پێکهاتەی سەرەکیی یان لۆبیکارەکانیان دەبەستێ، بەڵام هۆکارێک هەیە بەوەی بۆچی فۆرمولە سیحراوییەکان زۆر کەم کاری خۆیان دەکەن.
لێرەدا هەندێ خاڵی دیکە هەن: بەرپرسانی کورد دەتوانن ئاماژەبکەن بەوەی رەوشەکە لە بەغداد جێگیر نییە و بڵێن ئەم بارودۆخە جیابونەوەی کوردستان خێراتر دەکات.
بەڵام خەجت ناکەنە سەر ئەوەی کە هەمان شوێنەواری هەوڵەکان لەدژی گەندەڵی و نابەرپرسیاریەتی حکومەت دەکرێ هەمان رەوشی نالەبار بۆ کوردستان دروستبکات بەبێ زیادوکەم، ئەوکاتە ئەم ناسەقامگیرییە کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەڵام تا ئەوکاتەی هەولێر کێشە و دابەشبونە سیاسییە نێوخۆیییەکانی چارەسەر نەکات- بۆ نمونە مەسڕوڕ بارزانی لەگەڵ لاهور تاڵەبانی، مەسڕوڕ بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، تا ئەو کاتەی کوردستان نەتوانێ وەڵامی ئەوە بداتەوە کە گەر سەربەخۆ بو چۆن وەڵامی مەترسییەکانی ئێران دەداتەوە، تا ئەوکاتەی لەڕوی ئابورییەوە لەسەر پێی خۆی نەوەستێ، هاوکات ژیانکردن لەتەک عێراق بەبێ ئەو ناوچانەی کێشەیان لەسەرە وادەکات رەوشەکە بەرەو ململانێی سەربازیی ببات- هەمو ئەمانە وادەکەن هەوڵەکان بۆ سەربەخۆبونی کوردستان بێبەرهەم و نەزۆک بن، ئەگەر لەنێو کوردەکان خۆیشیان نەبێ، ئەوا لەنێو ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێ قەناعەتیان بێت، هەر شکستدەهێنێت. هاوکات، دەستەوارەکان بۆ دروستکردنی بنکەی نوێیی ئەمریکا لە کوردستانی عێراق واناکات گۆڕانکاری لە رەوشەکە دروستبکات.
ئێستا، کاتی ئەوەیە نێچیرڤان و مەسڕوڕ لەوە تێبگەن کە مام و باوکیان ئەنجامیدا: هیچ رێگەیەکی کورت لەبەر دەستدا نییە بۆ دروستبونی کوردستانی سەربەخۆ و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، بەڵکو سەرەتا پێویستە نێوماڵی خۆیان رێکبخەنەوە.