هاوسەرۆكانی یەكێتی: یەكێتی دەكەینەوە بە یەكێتییەكەی جاران

هاوسەرۆكانی یەكێتی: یەكێتی دەكەینەوە بە یەكێتییەكەی جاران

وڵات:

دواجار یەكێتی دواین بڕیاری خۆی لە بارەی هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی خۆیەوە داو بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هەڵبژارد.

هەڵبژاردنی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی چاوەڕوان كراو بوو، چونكە دەنگی یەكەم و دووەمی كۆنگرەیان بە دەستهێنابوو وە خاوەن پێگەی جەماوەری گەورەن. ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەن یەكێتی لەسەردەمی ئەو دوو هاوسەرۆكەیدا بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت و چۆن سیاسەتی خۆی لە نێو خۆو پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە رێكدەخاتەوە.

هەر یەكە لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی پێش كۆنگرەو دواتریش بەردەوام ئاماژەیان بەوەكردووە یەكێتی دەكەنەوە بە یەكێتییە بەهێزەكەی جاران و رێگە نادەن بەوەی جارێكی دیكە كەسانێك لە نێو یەكێتی بەرپرسیارێتی وەربگرن كە كارەكانیان پێچەوانەی خواستی یەكێتی بووە.

دوای هەڵبژاردنیشی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگی لە بەردەم ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا رایگەیاند، یەكێتی دەكەینەوە بە یەكێتییەكەی مام و ئەركی ئێمە ئەوە دەبێت خەڵك لەگەڵ یەكێتی ئاشت بكەینەوە. هاوكات ئاماژەی بەوەكرد، لە دوای كۆنگرەوە ئەركی قورسی ئەوان وەك هاوسەرۆك دەست پێدەكات كە ئەركێكی قورسە، جەختی لەوەشكردەوە، بەڵێن بێت جێگەی متمانەی هەموو یەكێتییە دڵسۆزەكان بین.

هەر دوای راگەیاندنی هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی یەكێتی، هەواڵەكە تەواوی دەزگا میدیاییەكان و سۆشیال میدیای كوردی و دەرەوەی تەنی و بە بایەخێكی زۆرەوە گرنگی پێدرا. یەكێتی لەسەردەمی دوو هاوسەرۆكەكەیدا وەك چاوەڕوان دەكرێت گڕوتینێكی زیاتر بە سیاسەتی ئەو حزبە بدرێتەوە بەجۆرێك یەكێتی بڕواتەوە سەر هەمان ئەو سیاسەتەی كە لە پێناویدا دامەزراوە.

ئەوەی تێبینیش دەكرێت جەماوەری یەكێتی گەشبینن بە هەڵبژاردنی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، ئەوەش لە بۆچونەكانیاندا رەنگدانەوەی هەبووەو دەیانەوێت لەسەر دەستی ئەو دوو هاوسەرۆكەیاندا حزبەكەیان بەرەو ئاقارێكی باشتر هەنگاو بنێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بەشێك لە دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكانی یەكێتی، بریتی دەبێت لەمانە، بەرپرسن بەرامبەر سیاسەتی یەكێتی‌و یەكلاییكردنەوەی كێشەكان، هەروەها هەماهەنگی دەكەن لەگەڵ مەكتەب‌ و ئۆرگانەكانی ناو یەكێتی ‌و ڕێككەوتنە سیاسییەكان ئەوان دەتوانن واژۆی بكەن.

هاوكات هاوسەرۆكانی یەكێتی راپۆرتی ساڵانە ئامادە دەكەن، بەرپرسیشن بەرامبەر بە سامان‌ و داهات‌ و موڵكی یەكێتی ‌وە بۆیان هەیە لێپرسینەوە بكەن لە هەموو ئەوانە.

ئەوەی بەدیكراوە تاكە حزبێك بەدانانی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی نیگەرانە پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە ئەو دوو كەسە بەتایبەت لاهور شێخ جەنگی بەردەوام پێچەوانەی هەوڵە پاوانخوازییەكانی پارتی وەستاوەتەوەو دژایەتی توندی ئەو بەرپرسانەی یەكێتیشی كردووە كە لە ماوەی رابردودا پێچەوانەی خواستی یەكێتی بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی پارتی كاریان كردووە.

لە نێو پارتیش بە تایبەت مەسعود بارزانی و مەسروری كوڕی هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بوو بەر بەوە بگرن یەكێتی هاوسەرۆك دابنێت و دەیانویست لە بری ئەوە كەسانی دیكە ببنە سەرۆكی یەكێتی كە خواستی ئەوانی لەسەر بێت، بەڵام تەواوی هەوڵەكانیان پووچەڵكرایەوە.

تەنانەت پارتی و بەتایبەت میدیاكانی مەسرور بارزانی پێش كۆنگرەو دوای كۆنگرەش بەردەوام كاركردنیان بەو ئاڕاستەیە بووە تاوەكو كارەكانی دواتری یەكێتی بەخواستی ئەوان بچنە پێشەوەو هاوشێوەی ساڵانی رابردو كەسانێك لە نێو یەكێتی ببنە بڕیاردەر كە بە یەكێتییە زەرد پۆشەكان ناسرابوون.

ئێستا كە بە فەرمی سەردەمی لاهور شێخ جەنگی دەستی پێكرد چیتر پارتی ناچارە بە سیاسەتی چەند ساڵەی خۆیدا بڕواتەوەو ئەو راستییە بزانێت یەكێتی بڕیاربەدەستانی ئێستای یەكێتی زۆر جیاوازترن لەوانی تر كە دوای كۆچی دوایی مام جەلال ئەو حزبەیان بەڕێوە دەبردو بەخواستی پارتی هەنگاویان دەنا.

هاوكات بەدەر لە جەماوەری یەكێتی خەڵكی دیكەی دەرەوەی ئەو حزبە چاوەڕێی ئەوە دەكەن لەسەر دەستی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ناوچەكانی دیكەی نفوزی یەكێتی بەرەو بوژانەوەی ئابووری بڕوات رێگە نەدرێت چیتر پارتی لە رێگەی بەرپرسەكانی خۆیەوە لە حكومەتدا دژایەتی هاوڵاتیانی ئەو سنوورانە بكات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو