کوڕانی شار دەتوانن چی بکەن ؟!

  • February 18, 2020
  • 713 Views
کوڕانی شار دەتوانن چی بکەن ؟!

وڵات: سۆشیاڵ میدیا وەرگیراوە لە ئەکاونتى تایبەتى هونەر تۆفیق


یەکێتی نیشتمان گرێ ی جێگرەوەی سکرتێری حیزبەکەی لەپاش کۆچی دوایی تاڵەبانی بە هەڵبژرادنی هاوسەرۆک تێپەڕاند .

مەترسیدارترین و قورسترین پرسی ئەو حیزبە ، دانانی جێگرەوەی تاڵەبانی بوو لەنێوانی هەڵبژاردنی نەوەی شاخ و نەوەی شاردا .
تا ئێستا ناتوانین بڵێین قۆناغی نەوەی شاخ کۆتایی پێهاتووە کە غروری شەرعیەتی شۆرشگێڕیان لەماوەی ٢٩ ساڵی ڕابردوودا ، خۆیان و حیزبەکە و خەڵکیش پێیانەوە لەناو قەیرانی سیاسی – ئابووری سەختدا دەگوزەرێن .


بەهۆی کەڵەکەبوونی ئەو قەیرانانەوە ، نەوەی شاری دوای سەردەمی شاخ ، زیمامی ئوموری حیزبەکەیان گرتەدەست .

وەک خۆیان لەزمانی لاهوری شێخ جەنگیەوە ئەمڕۆ گوتیان : ئەرکەکەیان قورسە . دەبێت شاریانە بیر لە گرفتەکانی خەڵک و کۆمەڵگە بکەنەوە .

شاریانە چارەسەری قەیرانەکان بکەن ، چونکە نابێت ئەمان بەزمانی سەردەمی شاخ و شەرعیەتی شۆڕشگێری شاخ ، منەت بەسەر خەڵکدا بکەن و خەتاکانیان لێ قبوڵ بکرێت .


کوڕانی شار دەبێت شەرم لەشاربوونی بیرکردنەوەیان نەکەن ، وەک ئەوەی کوڕانی شاخ کردیان .
ئەم کوڕانەی شار کۆمەڵێک ئەزموونی سیاسی دڵخۆشکەرانەیان هەیە کەسەرباری سەرچڵیان لەبڕیارداندا ،بریارەکانیان شاریانە بوو .


پەیوەندی بەستن لەگەڵ کوردانی باکوور و رۆژئاڤا ، کۆمەک و بەهاناچونیانەوە بریارێکی شاریانەبوو . کردنەوەی کەناڵی گفتوگۆ و پێداگری لە رێکەوتنی دەباشانی نێوان گۆڕان و یەکێتی لەوساتانەدا کە گۆڕان لەوپەڕی ناڕەحەتیدابوو لەگەڵ پارتیدا بڕیارێکی شاریانەبوو .

پاراستنی کەرکوک و کوردستان لە بەحەلەب کردنی دەرئەنجامی ریفراندۆمەکەدا ، بریارێکی شاریانە و ئازایانەبوو بردنەوە لەگەمەی دیاری کردنی سەرۆک کۆماری عێراقدا ، یاریەکی شاریانە بوو .
ئەگەر شاخ نەتەوەی دروستکردبێت ، شاریش نیشتمان دروست دەکات .

ئەزموونی شاخ نەیتوانی نیشتمان دروستبکات ، ئێمە لەئێستادا پێویستمان بە نیشتمانە . بۆیە ئەرکە سەرەکی و قورسەکەی سەرشانی ئەم نەوەیەی شار ، دروست کردنی نیشتمانە ، نیشتمانێک جێگەی هەموومانی تێداببێتەوە بەبێ جیاوازی .

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو