وڵات:
بەهۆی نەبوونی پێشمەرگەو پشتگوێخستنی ناوچەكە لەلایەن سوپای عێراقەوە هێرش و پەلامارەكانی گروپە چەكدارییەكانی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكانی خانەقین و دەوروبەری كەركوك بەردەوامییان هەیەو بە چەندین شێوە هێرش دەكەنە سەر هاوڵاتیان، لە دواین هێرشیشیاندا كە لە 18ی ئەم مانگە كردیانە سەر قەزای دوبز، چوار هاوڵاتی كوردیان شەهید كرد.
دوای رووداوەكانی ریفراندۆم لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، بەڕێككەوتنێكی سیاسی نێوان هەرێمو بەغدا هەموو هێزی ئەمنیو سەربازی كوردی لە ناوچە جێناكۆكەكانی وەك كەركوك و خانەقینو جەلەولا پاشەكشەیان پێكراو هێزە عێراقییەكانو حەشدی شەعبی لەشوێنەكانیان جێگیركران، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی جموجوڵی داعش لەدەوروبەری خانەقین زیادبێتو ناوبەناو هێرش بكەنە سەر دانیشتوانی ئەو سنورانە.
لەئێستاشدا باس لەوە دەكرێت وەك چۆن لەرابردودا رێككەوتن كراوە بۆ كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ئاواش پێویستە بەڕێككەتنێكی دیكە پێشمەرگە بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو سنورانە، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی سنورێك بۆ هێرش و پەلامارەكانی داعش دابنرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا هەریەكە لە یەكێتی و پارتی داوا دەكەن هەرچی زووە كار بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنورانە بكرێت تاوەكو چیتر هاوڵاتیان نەبنە قوربانی و ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە، هاوڵاتیانیش باس لەوە دەكەن ئارامی بۆ ناوچەكانیان ناگەڕێتەوە تا ئەوكاتەی پێشمەرگە بۆ سنورەكانیان نەگەڕێنەوە.
هەرچەندە ئەو چەكدارانە لە هێرشەكانیاندا جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكانی كوردو عەرەب و نەتەوەكانی دیكەدا ناكەن، بەڵام زۆرترین كات هاوڵاتیانی كوردیان كردوەتە ئامانج و زۆرتر پەلاماری ئەوانیانداوە. بەڵام هەركات لەو سنورانە نزیك بووبێتنەوە كە كوردی تێدا باڵا دەست بووبێت ئەوا لەلایەن ئاسایش و هێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی دیكەوە بە توندی وەڵامیان دراوەتەوە و زۆركاتیش هێرشبەرەكان دەستگیركراون.
رۆژی 18ی ئەم مانگە ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، بە هاریكاری لەگەڵ ئاسایشی گەرمیان لەناوچەی پەلكانە و جوانڕۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان 10 چەكداری رێكخراوی داعش دەستگیركردووە كە یەكێكیان پلەی ئەمیری لە رێكخراوەكەدا هەیە. هاوكات هەر بەهۆی نا سەقامیگری دۆخی كەركوكەوە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو بە تووندی ئیدانەی پەلامارەكانی چەكدارانی داعش دەكات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای كەركووك.
دەشڵێن، تەئكید دەكەینەوە پێویستە هەرچی زووە كاری جیدی بكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەهۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دروستبووە و بووەتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان.
یەكێتی بە پێویستی دەزانێت حكومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتوانی ناوچەكە جێبەجێبكات كە بەهۆی ناكارایی ئیدارەی پارێزگاكە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتووانییدا دروستبووە.
لای خۆشیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو رووداوانەی كە لەو سنورانەی پێشمەرگەی تێدا نییە روودەدەن، جەخت لەوە دەكاتەوە سەلامەتی و ئاسایشی هاونیشتمانیانی كورد و پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی دیكەی ناوچە لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكانی عێراقییەكان. دەشڵێت “ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرچیمان پێبكرێت بۆ هاوئاهەنگی و كێوماڵكردن و زانیاری گۆڕینەوە بۆ پاراستنی گیانی خەڵكی ئەو ناوچانە درێغی ناكەین و جارێكی دیكە بیری هەموو لایەكی دەخەینەوە كە تیرۆر هێشتا مەترسییەكی جیدییە و نابێت هیچ كات فەرامۆش بكرێت”.
هاوكات لقی 3ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك لەسەر رووداوی هێرشەكەی شەوی 18ی ئەم مانگەی دوبز راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و ئیدانەی هێرشەكەی كرد و رایگەیاند “ئەم بۆشاییە ئەمنیەی لە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروستبووە و نەبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش لە ناوچەكە، هۆكارە بۆ ئەم كارە تیرۆرستیانە كە خەڵكی ناوچەكە بوونەتە ئامانج و رۆژانە لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەكان شەهید و بریندار دەدەین”.