وڵات:سۆشیاڵ میدیا وەرگیراوە لەئەکاونتى ئارام هادی
پەندێک هەیە دەڵێ “کەس حەزناکات دڕکێک بچێت بە قاچیدا، بەڵام قاچت ببڕنەوە لەوەباشترە بمری”، منیش پێمباش نیە حکومەت یەک مانگ بکاتە پشووی گشتی کە زەرەر و زیانەکانی لەژمارە نایەن، بەڵام باشترە لەوەی هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی کاولکاری بێتەوە، ئەم پشووەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و هاتوچۆیە لە ( فەرمانگە. خوێندنگا. مزگەوت. پرسە. شایی. کافیتریا) و شوێنە گشتیەکانی دیکە، ئەم ڤایرۆسەش جگە لە چین لە 30 وڵاتی تر بڵاوبووەتەوە و بەشێک لەو وڵاتانەش لە هەرەپێشکەوتوەکانی جیهانن، بەم پێیەش ئاساییە لە هەرێمی کوردستانیش بڵاوبێتەوە، ئەوەی کەنائاساییە ئەوەیە، ئێمە توانای چارەسەرکردنیمان نیە، مەگەر خوا بمانپارێزێت.
پێویستە حکومەتی هەرێم ئامادەکارییەکانی زیاتر بکات بۆ ڕووبەڕوونەوەی پاراستنی گیانی هاوڵاتییەکانی لە مەترسی ئەگەری بڵاوبوونەوەی (ڤایرۆسی کۆرۆنا)، هەروەها هۆشدارییەکانیشی توندتربکات و میدیاکانیش زیاتر گرنگی بەهۆشیارکردنەوەی خەڵک بدەن لە بواری پاکوخاوێنی، لەکاتێکدا تادێت ڤایرۆسەکە سنووری وڵاتەکان زیاتر دەبڕێت و تاکو ئێستاش جگە لە وڵاتی چین، کەسەرچاوەی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکەیە، ڤایرۆسەکە لە 30وڵاتی دیکە بڵاوبووەتەوە، لەنوێترین هەواڵیشدا ئەمڕۆ دوو حاڵەت لە شاری قومی کۆماری ئیسلامی ئیران ڕاگەیەندرا.
ئێمە خۆمان و حکومەتەکەمان باش دەناسین، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا نەک چارەسەرەکەیمان نیە، تەنانەت تاقیگەیەکی واشمان نیە کە دەریخات ئەو نەخۆشییە لەهەرێم بونی هەیە یان نا؟، ئەمەش سەرباری ئەوەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێن “تا ئێستا گومانیش لە بڵاوبوونەوەی ناکەین”، بەڵام بەکام ئاماری ورد و باوەڕپێکراوی بەردەست؟!!.
ئەوەی وادەکات کە زیاتر لە ڕابردوو خۆمان بپارێزین، ئەوەیە ئەمڕۆ ڤایرۆسەکە لە ئیران بڵاوبووەتەوە، کە دراوسێمانە، ئەگەریش هەیە هێدی هێدی بێتە ناو سنوورەکانی هەرێم و خۆی وەک میوانێکی نەخوازراو و ڕەزا قورس پیشانبدا، ئەم نوسینەش مەرج نیە تۆی خوێنەر بترسێنێت، ئەوەی لەسەرتۆ پێویستە لەبری ترس، ڕێگاکانی خۆپاراستن بگرەبەر.
ڕەنگە پێشنیاری یەک مانگ پشوو، جگە لە حکومەت بەلای تۆی خوێنەریشەوە قورس بێت، بەڵام لەبەرامبەر ژیانێکی تەندروست و سەلامەت ئاسانە و سەرسوڕمانیشی ناوێت، دوای یەک مانگی دیکەش حەتمەن کەشوهەوا لە ئێستا گەرمتر دەبێت، وەک دەشڵێن ئەم ڤایرۆسە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ کەشی گەرم نیە و لەناو دەچێت.