مەسعود بارزانی:لە ڕیفراندۆم ئەمەریکا پشتى لێکردین و پشتگیریان لەبەغداد کرد

  • February 21, 2020
  • 310 Views
مەسعود بارزانی:لە ڕیفراندۆم ئەمەریکا پشتى لێکردین و پشتگیریان لەبەغداد کرد

وڵات:

مەسعود بارزانی بۆ دووەم جار بەڕوونی دان بەوەدادەنێت ئەمریكا بەڵێنی هیچ پشگیرییەكی لە ڕیفراندۆمدا بەكورد نەدا، ئەویش وەكو بڕیاردەری ڕیفراندۆم ئامانجی ئەوەبوو “تەنها بزانێت ڕای خەڵك چیە لەبارەی ڕیفراندۆمەوە”.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمریكا لە ریفراندۆمدا هەڵیخەڵەتاندوین.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دیدارێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئیندی پیندنت)ی عەرەبی ئەنجامداوە، بەدرێژی باسی ڕووداوەكانی ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات.

بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمریكا كوردی فریوداوە و دەڵێت “ئەمریكیەكان بەڵێنی هیچ پشگیرییەكان نەدا بەكورد و بێلایەنیان ڕایگەیاند، بەڵام كاتێك ڕیفراندۆم ئەنجامدرا ئەوان بەعەمەلی پشگیری بەغدادیان كرد و ئەوەش پێچەوانەی ئەو بەڵێنەبوو بە ئێمەیاندا كە “بێلایەنی” بوو كاتێك پێمان ووتن “ڕیفراندۆم بۆ زانینی ڕای هاوڵاتیانە نەوەكو بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی”، دواتر دەكەوینە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بەسەرپەرشتی ئێوە و نەتەوەیەكگرتووەكان، بەڵام لەڕاستیدا بەغداد ئەو هەلەی قۆستەوە و بانگەوازی گشتی لەسەر هەرێمی كوردستان دروستكرد”.

سەرۆكی پارتی لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی جیهان و عەرەبی و ناوچەییەوە، هیچ شتێك دەربارەی توركیا و ئێران ناڵێت، بەڵام زۆر بەدڵگەرمییەوە پێیوایە، هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی جێگەی ڕیز و پێزانین بووە لەلای ئەو.

هەر لەچاوپێكەوتنەكەیدا، مەسعود بارزانی باسی شەڕی داعش و بەغداد و پەیوەندییەكانی كورد و ئیسرائیل دەكات، پێیوایە هێرشی داعش ئامانجداربووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكیان بەردەست نەكەوت كە دەوڵەتێكی پێ تۆمەتبار بكەن بەوەی داعش بەفەرمانی ئەو دەوڵەتە هێرشی بۆ سەر كوردستان ئەنجامداوە، ووتیشی “دڵنیابووین لەوەی داعش بەفەرمانی دەوڵەتێكی بیانی هێرشی كردە سەركوردستان”.

هاوكات لەبارەی دۆخی ئێستا عێراق و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كاندیدی ڕسپێردراو بۆ حكومەتی نوێ كەسێكی باشە و دەڵێت “عەلاوی كەسێكی بەڕێزە، بەڵام چۆنیەتی مامەڵكردن لەگەڵی دەوەسێتیەوە لەسەر چۆنیەتی مامەڵكردنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان”.

“هەڵەی ئەمریكا لەعێراق ئەوەبوو (ڕزگاكردنی گۆڕی بۆ داگیركاری) من ئەوكاتیش كاتێك خواست هەبوو بۆ كردنە دەرەوەی ئەمریكا لەعێراق دژیبووم، چونكە نەبوونی ئەمریكا تیرۆری بەهێز دەكرد، ئێستا دژی ئەوەم هێزەكانی ئەمریكا بچنە دەرەوەی خاكی عێراق چونكە چونە دەرەوەی ئەوان واتا چوونە دەرەوەی هەموو هێزە بیانیەكانی دیكە، ئەوەش داعش بەبەهێزی دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق” مەسعود بارزانی وەهای وت.

كۆتایی چاوپێكەوتنەكەی مەسعود بارزانی تایبەتە بە پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و كورد، بارزانی دەڵێت “هەركاتێك سەفارەتی ئیسرائیل لەبەغداد كرایەوە، ئێمەش لەهەرێمی كوردستان كونسوڵیەتی ئیسرائیل دەكەینەوە، بەبێ ئەوە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست ناكەین”.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو