عادل عوسمان
کاتێک سەیری کۆمەڵگەی کوردی دەکەیت و مێژووی داگیرکاری سەیر دەکەیت، بەھێندی مێژووی ئەم دەسەڵاتە کوردیە سیخناخ نییە، بەئازار، کوشتن، لەناوبردن، زیندانی کردن، کەرامەت شکاندن و شەرەفبردن.
دەسەڵات، بۆخۆی مانای بێڕێزی، خۆسەپاندن و قۆرخکاری. بەڵام دەسەڵاتێک کەھی خۆو بەناوی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و لەسەر ناوی کوردایەتی و بەحسابی خۆیان بۆپاراستنی شەرەف و کەرامەتی گەل دامەزڕابێت، چۆن ڕێگە بەخۆی دەدات ھێندە پێکەرامەتی و بێ حورمەتی بەمێگەلەکەی ژێر دەستی بکات!.
دەستدرێژێ بۆسەر منداڵێکی حەوت ساڵان، کوشتنی گەنجان لەگوندی(چەخماخە) ، سەرھەڵگرتنی گەنجان و گیان لەدەستدانیان لە دەریای ئیجەو بونە حەماڵ لە وڵاتانی بێگانە.
زۆرشتی تر، ھەموو ئەمانە بۆ؟ لەکاتێکدا ووڵاتانی دونیا گەورەترین ھێزەکانیان ھێناوەتە ئەم ناوچەیە بۆ دەسبەسەرداگرتن و دزینی ھەرچی ھەیە لەم ووڵات و ناوچەیەدا. ووڵات و ناوچەیەکی ھێند دەۆڵەمەندە، کەنەک گەلانی ناخۆی بەڵکو زۆربەی ھەرەزۆری جیھان دەژیەنێت و لەڕووی مێژوویشەوە، ھەم ناوچەیەکی خۆژییەن و خۆتێربوە ھەم دەوروبەرەکەشی ژیاندوە.
ئەو ھەموو ھێرشە داگیرکاریە سەلمێنەری پێگەی دەوڵەمەندی خاکی کوردستانە!
بەڵام بۆ ئەم ھەموو بێ کەرامەتیە لەلایەن دەسەڵاتە خۆجێییەکەوە دەکرێتە سەر خەڵک؟ و بۆچی بۆیان سەردەچێت؟
بۆ وەڵامی ئەوپرسیارانە پێویستە بەوە دەس پێبکەین، خۆت بناسە! پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەم مرۆڤانە بۆچی دروستکراون؟ لەپێناوی چیدا دەژین و چ جۆرە ژیانێک دەژین؟ مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت، لەئەنجامی پێکگەیشتنی زایەندی ڕەگەزی نێرو مێدا دروست دەبێت و لەدایک دەبێت.
ڕەنجی زایەندی دایک و سەردەمی ژیانی ڕەنجی دایک، سەردەمەزێڕینەکانی ڕێزو حورمەتە. کاتێک مرۆڤ لەدایک دەبێت، بوونێکی کۆمەڵایەتی لەخۆی دەگرێت و جێگەی ڕێزو حورمەتە.
ئەوە یاسای ئەخلاقی ژیانی کۆمەڵایەتیە. بۆیە کاتێک کۆمەڵگە وەرچەرخان بەخۆیەوە دەبینێت و دەوڵەت و چینەکان دروست دەبن و زێدە بەرھەم پەیدا دەبێت. چینێکی دەسەڵاتدار، قۆرخکارو دز پەیدا دەبێت کەوەک شێرپەنجەی کۆمەڵگە خڕاپی، دزی و دەسەڵات بڵاو دەکاتەوەو خۆی دەکاتە دەم ڕاست و پارێزگاری ھەمووشت.
لێرەوە ناکۆکیەکی گەورە دەکەوێتە نێوان بەھا ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگەو سیستەمی دەسەڵاتەوە. کۆمەڵگە دەیەوێت بەھا ئەخلاقیەکانی خۆی، کە، مافی ژیان، ڕێزداری، پاراستنی ژیان و کەرامەتی و پاراستنی ھەبون و ئازادیەکانیەتی، بپارێزێت.
دەسەڵاتێش، دەیەوێت دەست بەسەر ھەمووشتدا بگڕێت و ھەموو ماف و ئازادیەکانی کۆمەڵگە بن پێبکات و بەھا کۆمەڵایەتیەکان بشکێنێت و نەھێڵێت، بەھاو پێوانەی خۆی بەجێبکات و بۆئەوەش بە ھەوڵدان بۆڕازی کردنی کۆمەڵگە بۆ قبوڵکردنی و بەدوای ئەوە سەپاندنی بەیاساو ئەگەر بەوانەش نەکڕا بەزۆرو ھێز دەیسەپێنێت. بۆیە ئەوەی دەتوانێت ڕێگە بۆسەپاندنی ئەو بێ بەھاییانەی دەسەڵات بکاتەوە، دابڕانی تاکە لەبەھا کۆمەڵایەتیەکان و بەتاک کەوتنەوەی و گرێدراوبوون بە بێ نرخی دروستکراوەوە.
دەسەڵات کاتێک لەڕێی دەرکەوتنی ماسکە درۆینەکانیەوە کەناتوانێت خۆی باش بسەپێنێت و بەڕێوە ببات، دەکەوێتە بەکارھێنانی ھێزو دروستکردنی یاسای سەپێنەر، بۆئەوە، سوپا، پۆلیس، ئاسایش و ھەمەجۆر ھێزی چەکداری ڕەش و سپی لەژێر ھەزاران ناودا دروست دەکات و دەزگای بەڕێوەبەرو جێبەجێکاری بۆدروست دەکات و دەیکاتە یاساو بۆ جێبەجێکردنیشی کۆمەڵێک دەزگای تری وەک دادوەڕی و دادگای بۆ دادەمەزرێنێت.
ھەموو ئەوانە بەکێشمەکێش و شەڕی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا تێدەپەڕێت و دەسەڵات بەئاسانی ناتوانێت ئەوەی دەیخوازێت بەدەستی بێنێت. بۆیە کاتێک تاک لەچواڕچێوەی بەھاکۆمەڵایەتیە ئەخلاقیەکاندا خۆی ناسی و خۆی ڕێکخست، دەسەڵات بەئاسانی ناتوانێت ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بێنێت و بێ حورمەتی بە بەھا جوان و ئەخلاقێەکانی کۆمەڵگە بکات.
بۆیە یەکێک لە کاڕە گرنگەکانی دەسەڵات ئەوەیە کە تاک لەکۆمەڵگە دابڕێت و بیکاتە تاکێکی بێھێز، کەدەسەڵات و سەرمایە ھێزی خۆیان لەوێوە وەردەگرن. لیبڕاڵیزم، کەئازادی تاک دەسەپێنێت ھەمان ئەو ھێرشە ئاسان دەکات کەدەسەڵات دەیکاتە سەر کۆمەڵگە بۆ پارچەکردنی. بۆیەکاتێک مڕۆڤ تەسلیمی لیبراڵیزم یاخود تاکگەرایی دەبێت ئەوە شایی ولۆغانی دەسەڵاتە!.
تاک کاتێک دابڕا لەکۆمەڵگە ئیتر خۆی پێناپارێزرێت، سەرلێشێواو دەبێت و تەسلیمی دەیەھا ڕێگەی نەشیاو دەبێت، کەدەسەڵات ھەموو ئەو ڕێگانەی بۆداناوە!. ھەر لەتوندوتیژیەوە، تا تەسلیم بوون، ڕازی بون بەقەدەرگەرایی و مردنی لەسەرخۆو بێھێوایی و بێ ئومێدی و خیانەت لەخەیاڵەکانی!.
بەدوای ھەموو ئەوانەدا پاراستن دەبێتە خەیاڵ و تەسلیمی ھێزی دەسەڵات دەکرێت و دەسەڵاتیش لەڕێی ھێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و چەکدارەوە ئەوەی بیەوێت دەیکات. بۆیە ھێزگەلی دڕندەو چەقۆکێش جێگەی بەھا کۆمەڵایەتیەکان و پاراستنی ڕەواو خۆجێی دەگرنەوە.
لەنەبونی کۆمەڵگە بون و پاراستنی ڕەوادا، ئیدی دەزگاکانی دەسەڵات، ڕەوایەتی خۆی لەوبۆشاییە وەردەگرێت و بنەمای یاسایی بۆ دادەمەزێنێت.بۆیە ئەوەی لەھەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، لەبێکاریگەر کردنی کۆمەڵگەو بێھێزکردنی تاک و شکاندنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی وەھمی، خۆدانەدەست کوردایەتیەکی ساختەیە کەجگەلە ئیھانە بێ حورمەتی و بێ ڕێزی بەکۆمەڵگە ھیچی تری پێ نیە.
ڕفاندن و دەست درێژی سێکسی بۆسەر دەزگای زایەندی کچێکی حەوت ساڵان، لەژێر ھەربیانویەکدا بێت، ئازارێکی ھێند بەسوێ و گەورەیە کەھیچ ویژدان و ئاینێکی ئاسمانی و خێڵەکی و مرۆیی و تەنانەت ئاژەڵیش قبوڵی ناکات. جگەلە دەسەڵاتێکی لامبالاتی بێ پەردەی وەک دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان و دوو حیزبە بەرپرسیارو نانەخۆرەکانی ئەم حیزبانەو دەزگا دادوەری و نایاساییەکانی ئەم دەسەڵاتە.
کارەسات لەدوو شتدایە؛
یەکەمیان ئەوحیزبەی کەئەم قوربانیە ئیدیعای پێشمەرگەی کۆن بوونی دەکات!.
دووەمیان؛ ئەو دەزگا دادوەریەی، کەدەڵێت، کەیسەکەمان داخستوەو تەواو بوە!.
تراژیدیاکانی ئەم دەسەڵاتە ھێندە زۆرە پێویستی بە پێداچونەوەیەکی گەورەوگرانی داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبەری و دادوەریە.
یاسایەک کەلەم کۆمەڵگەیەدا بەڕێوە دەبرێت یاسای جەنگەڵ و خواردنی ھەموانە جگەلەخۆم. بۆیە کاتێک بەڕێوەبەری باش و دادوەری ئازاد ھەبێت ڕێگری لەئێشی گەورە دەگیرێت.
کاتێک ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بەرزو خزمەت گوزاری ھەبوو پێویست نەبەشاردنەوەی ناشرینیەکان دەکات، نەپێویست بە دەخالەتی حیزب و دەست و پێوەندەکانی دەکات.
کاتێک دەسەڵات و دامودەزگاکانی نەیانتوانی پارێزگاری لەسەروەری تاک و کۆمەڵگە بکات و دەزگاکانی بۆ شکاندنی شکۆی کەسایەتی و خەڵک بەکارھێنا، ئەوکات پێویستی پاراستنی ڕەواو خۆجێی دەبێتە دەرفەتی ڕێگری لە ئێشی بەئازار.
بوونی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان و خۆھەڵواسینیان بە چەمکی خەباتی کوردایەتیدا، وای کردوە لەبری ڕێگرتن لەئێش و ئازارەکان و چارەسەرکردنی بونەتە بەڵاو ھۆکاری قوڵکردنەوەی ئێش و برینەکان. بۆیە تاک، ڕیکخراو، پێکھاتەو کۆمەڵگە پێویستە بە بەرپرسیاری و بەردەوامیەوە چارەسەری پێشبخات و خۆی بەرپرسیارو بەردەوام ببینێت و تەسلیمی ژیانی کۆیلەیی و خراپ نەبێت و سیستەمی ژیانی ئازادو ھاوڵاتی بون پێشبخات.
سەیروسەمەرە لە ڕوداوێکی ھەژێنەری لەوشێوەیەدا ئەوەیە کەبەھۆی ڕق و کینی حیزبی و ناوچەگەریەوە، خەریکن دۆزێکی واگەورەی ڕوخینەری بەھای ئەخلاقی بەلاڕێدا دەبەن و دەیکەنە قوربانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان.
کەدەبوایەت دوو حیزب بەھۆی کارەساتێکی لەو شێوەیەوە و حکومەتە دروستکراوەکەشیان سەرلەبەری خۆیان ھەڵبوەشاندایەتەوەو ئەگەریش ئەوە نەکرا ئەوا سلکی دادگاو دادوەری ئەو ئیھانە گەورەیەیان لەسەر خۆیان قبوڵ نەکردایەت و لەژێر ھەژمونی بڕیاری حیزبدا چاوەڕوان نەمانایەتەوەو ھەڵوێستی یاسایی( ئەگەر یاسایەک بۆ پارێزگاری لەکەرامەت ھەبێت)، خۆیان ڕاگەیاندایەت، و ھێزە چەکدارە جێبەجێکارەکانیش پەیوەستی بڕیاری دادگا سەربەخۆکە! ببونایەت و جێبەجێیان بکردایەت!.
ئەوکارەی کراوە بەیەکجاری ھێرش و پەلاماری سەر بەھا ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگەیە کە بە دەستی بەرنامە بۆداڕێژراو بڕیاری لەسەر دراوەو جێبەجێ دەکرێت. بۆیە پێویستە کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئەو بەھا کۆمەڵایەتیانەدا ھەستیارو بەرپرسیار بێت و نەھێڵێت ھیچ ھێزێک ئەو بەھا بەرزە ژیاریانە بن پێبکات و بیکاتە قوربانی کێشەو دەردی سەریەکانی حیزبە بەشەڕ ھاتوەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئەگەر شەڕی حیزبیە! کەمتان نەکردوە. بەڵام دەستبردن بۆ دەستدرێژی دەزگای زایەندی منداڵێک، گەورەترین بێ بەھایی و ھێرشی ھۆڤانەیە بۆسەر کەلتورو ڕەوشتی گشتی. لەکاتێکدا حیزبەکانی بەشەڕھاتوو بەشێکی ھەڕەبچوکی ناو ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەن. بۆیە کێشەکانی حیزبەکان ھەڕچی دەبێت باببێت، بەڵام دەستبردن بۆ بەھا کۆمەڵایەتیەکان خەتە سورە کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، نەتەوەیی دینی و ویژدانیەکانە، کەکۆمەڵگە بەئاسانی ناھێڵێت بەسەریدا تێبپەڕێت. بۆیە پێویستە؛
یەکەم: مرۆڤە ویژدان زیندوەکان، لەڕێی سیمینار کۆڕو کۆمەڵەوە، ڕاوەستە لەسەر ئەو ھێرشکاریە ئەخلاقیە بکەن.
دووەم: ڕێکخراوە سیاسی و کایە سیاسیە کۆمەڵایەتیەکان، لەسەری بوەستن و ببنە ھێزی بەرگری و پاراستنی بەھا کۆمەڵایەتی و قوربانیەکانی ئەو ھێرش و پێشێلکاریە کەسی و کۆمەڵایەتیە.
سێھەم: کەسایەتی دیینی و مامۆستایانی ئایینی و کۆڕو کۆمەڵ و ڕێکخراوە ئایینیەکان لەدژی بوەستنەوەو ڕای گشتی بۆ ئامادە بکەن.
چوارەم: ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی! ڕۆشنبیران! لەبری ئەوەی دابەشی سەر کردن یان نەکردنی کارێکی نەشیاوی وەھا یان حیزبچێتی ببن. لەدژی بوەستنەوەو ببنە بەشێک لە کۆمەڵگەو داوای لێپرسینەوە لە بکەران، پشتگیریکەران، دادوەرانی خەمساردی دۆزێکی ئاوھا گران بکەن.
پێنجەم و کۆتایی: پێویستە حکومەت و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سلکی دادوەری، داوای لێبوردن لە دەست درێژی کراو کۆمەلگەو بەھا کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگە بکەن.
لەسیستەمێکی دەسەڵاتدارەتی ئاساییدا ژیان ناکەین، ئەگینا دەوڵەت و حکومەت دەبوایەت دەستیان لەکار بکێشایەتەوەو خۆیان بەرپرسیاری دۆزو ئابڕوچوونێکی لەوشێوەیە نەکردایەت و بکەران و پشتگیریکارانیان دەدایە دادگاو لێپرسینەوەو بە سزای تاوانەکانیان دەگەیەنران. لەنەبونی دۆخێکی لەو شێوەیەدا، دەبێت کۆمەڵگە خاوەن لەخۆیی و نرخەکانی دەرکەوێت و خۆی بپارێزێت، لەڕێی بەھاو ڕێکخستن و دەزگاو سازیە کۆمەڵایەتیەکانیەوە..
بۆیە ئەم ھێرشانە بەدۆخی کۆتایی گەیشتوەو توانای کۆمەڵگەش بۆ ھەڵگرتنی دۆخێکی قورس و گرانی لەو شێوەیە نەماوەو پاراستنی خۆ بوەتە پێویستی یەکلاکردنەوە.