ئەمریکا ڤاکسینێکى دژە ڤایرۆسى کۆرۆناى دۆزیەوە

  • February 26, 2020
  • 481 Views
ئەمریکا ڤاکسینێکى دژە ڤایرۆسى کۆرۆناى دۆزیەوە

وڵات:

کۆمپانیایەکى ئەمریکى ، ڤاکسینێکى دژە ڤایرۆسى کۆرۆناى دۆزیوەتەوەو و بۆ تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ، نمونەکەیان داوە بە حکومەت بۆ ئەوەى لەسەر کەسانى خۆبەخش بەکاریبهێنن.   

کۆمپانیاى ” مۆدێرنا ” ى ئەمریکى بڵاویکردەوە، بە هاوکارى لەگەڵ پەیمانگاى نیشتمانى تەندروستى حکومى توانیویانە ڤاکسینێک ” پێکوتەیەک ” دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا بدۆزنەوە کە دەتوانێت ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە لەناو ببات بە ناوى MRNA – 1273 .

لاى خۆیەوە رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەى بەوەکردوە، دوو ژەم لە پێکوتەکە لەسەر ٢٥ مرۆڤى خۆبەخش تاقیدەکرێتەوە بۆ ئەوەى بزانرێت کاردانەوەى سیستمى بەرگرییان لە دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا چۆن دەبێت.

ئەو پێکوتە نوێیەى کە دۆزراوەتەوە کار لەسەر پێکهاتەى پرۆتینى ڤایرۆسەکە دەکات و لەناوى دەبات کە بەهۆیەوە دەتوانێت بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە و بچێتە ناو لەشییەوە.

هەرچەندە ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە لە راگەیاندنى دۆزینەوەى پێکوتەى کۆرۆنادا کاتێکى پێوانەیى تۆمارکردوە، بەڵام لەگەڵ یەکلابوونەوەى ئەنجامەکەیى و پەسەند کردنیشیدا لەلایەن حکومەتى ئەمریکاوە، ماوەى ١٨ مانگى پێویست دەبێت بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى رەسمى بخرێتە بازاڕەوە و بەکاربهێنرێت.

هاوکات لەگەڵ راگەیاندنى کۆمپانیاى مۆدێرنا سەبارەت بە دۆزینەوەى پێکوتەکە، پشکەکانى ئەو کۆمپانیا بەشێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەوە و بەهاى پشکەکانى لە بۆرسەى نیو یۆرک بە ڕێژەى ١٥% زیادیکرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئیدارەى ئەمریکا داواى لە کۆنگرێس کردوە بڕى ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخان بکات بۆ ئەوەى کار لەسەر دۆزینەوەى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا بکات.

تاکو ئێستا ١٤ حاڵەتى تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکراوە، لەگەڵ ٣٩ حاڵەتى دیکە کە لەسەر کەشتى دایمۆند پرنسس بوون و لە ژاپۆن و گەڕێنراونەتەوە بۆ ئەمریکا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو